ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گەلێک کاری مەزن، لە سایەی ستەم و نەبوونی ئازادیدا نووسراون، سێرڤانتس دۆنکیخۆتەی لە بەندیخانەدا نووسیوە. ڕۆمانی (بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان) زادەی ساڵانی ژیانی دۆستۆیفسکییە لە زینداندا. زۆر لە بەرهەمە ئەدەبییە گرنگەکان، بەرهەمی ئەزموونی نێو گرتووخانەی نووسەرەکانیانن، بەڵام چەندان داهێنەر بێ ئەوەی زیندانی کرابن، ئیشی گرنگیان لەبارەی زیندانەوە بەرهەم هێناوە، وەک عەبدولڕەحمان مونیف لە ڕۆمانی (خۆرهەڵاتی ناوین)دا. (قاوغ) کە موستەفا خەلیفە دوای بەسەربردنی سێزدە ساڵ زیاتر لە زینداندا نووسیویەتی، یەکێکە لەو ڕۆمانە ناخهەژێنانەی بە نەمریی دەمێننەوە.

قاوغ ڕۆمانێکە پشتی بە ئەزموونی نێو بەندیخانەی نووسەرەکەی قایمە، ئەدەبێکە لە بیۆگرافیا و ددانپێدانانی بوێرانە، بوێرییەک کە خوێنەر سەرسام دەکات. یەکێک لەو ڕەگەزانەی گێڕانەوەی بیرەوەری، لە ڕۆمان جیا دەکەنەوە، زمانە، نووسەر بە زمانێکی هونەری (قاوغ)ی نووسیوە، زمانێک ڕوون، بەڵام ئەوەندە قووڵ کە خوێنەر بۆ ڕامان هان دەدات. قاوغ کە سەر بە ئەدەبی زیندانە، هەم بیۆگرافیایە و هەم گێڕانەوەی بیرەوەرییش.

نووسەر لە زیندانەوە ڕۆمانەکەی نەنووسیوە، ئاخر بە درێژایی ساڵانی زیندان، دەستی بەر قەڵەم و کاغەز نەکەوتووە، ئیللا مەگەر بەر لە ئازادبوونی کە قەڵەم و کاغەزیان بۆ هێناوە، تا ددان بەو تاوانانەدا بنێت کە نەیکردوون. گێڕەرەوە کە خودی نووسەرە، وەختێک ئازاد کراوە، ئەوسا بە شێنەیی ڕووداوەکانی وەبیر خۆی هێناوەتەوە و تۆماری کردوون. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، کە دەڵێن: ڕۆمان هونەری نووسینەوەی بیرەوەرییەکانە، ئەوا موستەفا خەلیفە بە هەق مامۆستای ئەو بوارەیە. نووسەر نەهاتووە هەموو ڕووداوێک بە گرنگ و کەمبایەخیانەوە بنووسێتەوە، تەنیا ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکانی وەبیر خۆی هێناوەتەوە.

 نووسەر هەرچەندە بە گشتی ڕووداوەکانی کرۆنۆلۆگیکاڵ نووسیوەتەوە، بەڵام ناوبەناو وەختی پاش و پیش خستووە، جار جار گەڕاوەتەوە بۆ دواوە و هەندێک جاریش، داهاتووی پێش حاڵی حازر خستووە و ئەو دوو تەکنیکە هەمیشە بە قازانجی هونەری گێڕانەوە شکاونەتەوە . قارەمانی ڕۆمانەکە کە خودی نووسەرە، دوای ئەوەی خوێندنی دەرهێنانی سینەمایی لە فەرەنسا تەواو دەکات و بۆ سووریا دەگەڕێتەوە، لەوێ هەر لە فڕگە دەگیرێت و ئیدی لەسەر ڕاپۆرتێکی بێ بنەما کە پیاوێکی بەعس لە دژی نووسیویەتی، زیاد لە سێزدە ساڵ لە زینداندا بەسەر دەبات، زیندانێک کە وەک نوگرە سەلمان لە بیاباندا ڕۆ نراوە و دۆزەخێکی ڕاستەقینەیە.

قارەمانی ڕۆمانەکە و دووان لە هاوڕێیەکانی کە ئازاد دەکرێن، یەکەمیان لە دەرەوەی زیندانیش قاوغێک بە دەوری خۆیدا دروست دەکات و ناچێتە ناو خەڵکەوە، دووەمیان خۆی دەکوژێت و سێیەمیان لە وەڵات هەڵدێت. قاوغ هەرچەندە دەقێکی واقعییە، کەچی لە سوریالی دەچێت، دەقێکە ترس و ستەمی لە خۆیدا هەڵگرتووە، باسی ساڵانی هەشتای سوریا دەکات، سەروەختی ململانێی چەکدارانە لە نێوان بەعس و ئیخواندا. قارەمانی ڕۆمانەکە مەسیحییە، کەچی سێزدە ساڵێک، وەک سەر بە ڕێکخستنەکانی ئیخوان بێت، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، سێزدە ساڵێک لە هەلومەرجێکی هێندە نائینسانیدا ژیان بەسەر دەبات، مەگەر بارودۆخی وەها تەنیا لە سێبەری بەعسدا هەبێت. گەلێک جار هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت کە کریستیانە و سەر بە هیچ ڕێکخستنێکیش نییە، بەڵام کەسێکی دەستگیر نابێت، گوێی لێ بگرێت.

پیاوانی ڕژێم، بۆ ئەوەی شکۆی نەیار بشکێنن، کیژۆڵەیان بەبەر چاوی باوکییەوە، ئەتک دەکرد! هەموو کارمەندانی زیندان، وەک سادیست ڕەوتاریان دەکرد، ئیدی هەر لە بەڕێوەبەرەوە تا دۆکتۆر، هەر لە جەللادەوە، تا پلەنزمترین پۆلیس، دەڵێیت سادیزم پەتایەکە و لە سەرۆکی وەڵاتەوە تووشی هاتوون. جارێکیان بەڕێوەبەری زیندان، بە چواردەخۆرەکەی، چواردە زیندانی دەکوژێت، یەکی گولـلەیەک بە سەریانەوە دەنێت. دۆکتۆری زیندان داوای خوشکی زیندانییەک دەکات، کە قایل نابێت، لەژێر ئەشکەنجەدا دەیکوژێت! دوو برا کە پێکەوە زیندانی دەبن، عەریفێک یەکێکیان ناچار دەکات، هاوڕەگەزبازی لەگەل ئەوی تریان بکات. لە شەوی سەری ساڵدا کە پلەی گەرما لەژێر سفرەوەیە، زیندانییەکان ڕووت دەکەنەوە، لە ئاویان هەڵدەکێشن، ئینجا بە قامچی دەکەونە گیانیان! عەریفێک مشکێکی کوشتبوو، زیندانییەکی ناچار کرد، قووتی بدات! ئیدی ئەوە دەبێت بە کولتوور، هەر پۆلیسێک مشکێک، مارمێلکەیەک، یان سیسرکێک بکوژێت، دەرخواردی زیندانییەکی دەدا. سەروەختی  ئەشکەنجەدان، چونکە گێڕەرەوە (کریستیانە و بووە بە ئیخوان!) توندتر لێی دەدرێت و هاوزیندانییەکانیشی چونکە زۆرینەیان ئیسلامیی توندئاژۆن، چەند کەسێکی کەمیان نەبێت، ئەوانی دیکە وەکوو (نەسرانیی کافر) سەرنجی دەدەن و بە گڵاوی دەزانن، بۆیە نە لێی نزیک دەبنەوە و نە قسەی لەگەڵدا دەکەن.

 

(هێندە لەمێژە قسەم نەکردووە، هەست دەکەم زمانم خەریکە ژەنگ هەڵدەهێنێت.) بۆچی ڕۆمانەکەی ناو ناوە قاوغ؟ ڕۆژانە بۆ ئەوەی بزانێت لە دەرەوە چی دەگوزەرێت، بەتانییەک بەسەر خۆیدا دەدات و لە کونێکەوە سەیری دیوی دەرەوە دەکات کە گۆڕەپانی لە سێدارەدانە و هەفتانە دوو جار، دادگەی گەڕۆک بە هەلیکۆپتەر دێن و بە دەستوبرد بڕیاری لە سێدارەدانی چەندان زیندانی دەدەن و دەگەڕێنەوە. سەرەتا زیندانییەکان بەدەم ئەڵڵلاهو ئەکبەرەوە بەرەو سێدارە دەچن، دواتر جەللاد پێش ئەوەی قوربانی لە سێدارە بدات، تەیپێکی پان و پتەو لە دەمی دەدات. گێڕەوە کە بەر لە بەربوون، بۆی دەردەکەوێت، ئەو هەموو ساڵە بۆیە زیندانی بووە، چونکە بەپێی ڕاپۆرتێک کە لێی دراوە، گوایە گوتوویەتی: (دەنگی سەرۆک لە هیی بەران و کەلـلەی لە هیی هێستر دەچێت.) کە دەپرسێت باشە ئەو قۆشمەیە ئەوە دەهێنێت، سێزدە ساڵ لەسەری زیندانی بم؟ پێی دەڵێن: هەقە لەسەر ئەوە بە باتوو، تا مردن هەڵبواسرێت.

هەڵسوکەوتی وەردیانەکان لەگەڵ زیندانییەکاندا ئەوپەڕی نائینسانی بوو، بێ ئەوەی هیچ هەڵەیەک ڕووی دابێت، سەروەختی هێنانی خواردن، وەردیان مافی ئەوەی هەبوو، ئەوەندە سەخت لە زیندانی بدات، بیکوژێت. بۆیە ئەوانەی دەچوون خۆراک بهێنن، پێیان دەگوتن: خۆبەختکردوو! زۆر درەنگ دەسەڵات دڵی نەرم دەبێت و کوشتنی زیندانی لەژێر لێداندا، بێ ئاگاداریی عەریفێک، قەدەغە دەکات! جارێک برای سەرۆک، هێزێک دەهێنێت، قەسابخانەیەک بۆ زیندانیان ساز دەکەن، خوێنی ئەو قوربانییەنە، چەندان ساڵ دواتریش بە دیواری قاوشەکانەوە دەمێنێت.وەردیان، ڕەنگە وا باشتر بێت، بڵێم جەللاد، هەر ئەو جۆرە ئەشکەنجەدانانە کە فێریان کردووە، تاقی ناکاتەوە، خۆیشی شێوازی نوێی ئەشکەنجەدان دادەهێنێت! (وەک مریشک هەڵیانواسیم و شووشەی ساردییان هێنا، تێم ببڕن. ڕۆڵی قارەمان وازی مەکە! لێرە لاڵیش دەهێنینە گۆ. یان لە سێدارە دەدرێیت، یان دەبیت بە سیخوڕی ئێمە لەناو ئۆپۆزیسیۆندا.) بۆچی ئەو هەموو سووکایەتییە بە ئینسان دەکرێت؟ بۆ ئەوەی هەست بە ئینسانبوونی خۆی نەکات.

لە زینداندا ئەسپێ هەیە، ئەسپێ دەداتە هەموو زیندانییەیەک، ئینسان کە ئەسپێ تێی دەدات، وەک ئەوە وایە بەردەوام هەتک بکرێت! ئەسپێ ئەو زیندەوەرەیە کە ئینسان هەرگیز لەگەڵیدا ڕانایەت. زیندانی تووشی چەندان نەخۆشی دەبێت، لەوانەی پەتان و بە ئاسانی دەگوێزرێنەوە. قاوشەکە چەند دۆکتۆرێکی تێدا دەبێت کە زیندانییەک تووشی ڕیخۆڵە کوێرە دەبێت و پزیشکی زیندان بە دەنگییەوە ناچێت، ناچار دۆکتۆرەکانی زیندان بەو شتومەکانەی لە قاوشەکەدا پەیدا دەبن، نەشتەرگەریی بۆ دەکەن. هەر لە سەرەتاوە گێڕەرەوە سەعاتێکی دەستیی پێیە، دەیشارێتەوە و بەر چاوی پۆلیس ناکەوێت، دواتر وەک نەشتەر، لە قەپاغی ئەو سەعاتە سوودمەند دەبن، لە ئێسکی باریکی مریشک، دەرزی و لە مورەببا کحوول و دەزوویش لە پۆشاکەوە دەهێنن و نەشتەرگەرییەکە لە قاوشەکەدا، بەبێ بەنگ سەرکەوتوو دەبێت.

 (پۆلیسێک منی لە ڕیزەکە هێنایە دەرەوە، فەرمانی دا، توند چاوم بنووقێنم و جوان دەمم بکەمەوە، هەموو هونەری خۆی خستە کار بۆ ئەوەی چی چڵم و بەڵغەم شک دەبات، لە دەمیدا کۆی بکاتەوە، لەپڕ هەمووی هەڵدایە نێو دەمی منەوە. هەوڵم دا تفی بکەمەوە، بە دەستێکی دەمی داخستم و بە دەستەکەی تری، خێرا هەردوو باتووی توند گرتم، دوو سێ چرکە هەناسەم بۆ نەدرا، ئیدی چی کردبووە ناو دەممەوە، بۆ ئەوەی هەناسەم بۆ بدرێت، بێ ویستی خۆم قووتم دا. ئەو فیلمەم بیر هاتەوە کە چەتەیەک ڕاهیبەیەکی پاکژتر لە بەفری ئەتک کرد، کچە لە هۆش خۆی چوو، خوێن بە ڕانیدا هاتە خوارەوە. کە هۆشی هاتەوە، هەر خۆی خاوێن دەکردەوە، هەر خۆی دەشووشت، بەڵام هەر وا هەستی دەکرد، هەناوی وەها پیس بووە، ئیدی پاک نابێتەوە، منیش هەمان هەستی ئەو ڕاهیبەیەم هەبوو، دواتر چەند هەوڵم دا بڕشێمەوە، بێ سوود بوو.) لێرەدا نووسەر تەکنیکی فلاشباکی، وەگەڕ خستووە.

لە رۆماندا وەک چۆن واقیع هەیە، فانتازیایش هەیە، وەک چۆن هەست هەیە، نەستیش هەیە، وەک چۆن ئاگایی هەیە، خەونیش هەیە. دونیای ڕۆمانی قاوغ، هێندە بێوێنە و سەیر و سەرسوڕهێنە، کە نووسەر واقیع دەگێڕێتەوە، لە فانتازیا دەچێت، کە هەست دێنێتە گۆ، دەڵێیت نەست دەدوێت و کە باسی ڕووداوێک دەکات، وەک ئەوە وایە خەون بنووسێتەوە. کە ڕۆمان دەنووسین، دەبێت لە دەرگەی نادیاربدەین، دەبێت شتی نوێ دابهێنین، شتی کۆن کۆپی نەکەین، نابێت واقیع بنووسینەوە، دەبێت واقعێکی نوێ بخوڵقێنین، واقعێک چەند لە ڕووداوەوە نزیکە، هێندەیش لە خەونەوە نزیک بێت، وێڕای ئەوانە، داهێنان تەنیا نوێ نییە و بەس، هاوزەمان نوێیە و جوانیشە. هەموو ئەو پێشمەرجانە لە قاوغدا، هونەرمەندانە ڕەچاو کراون.

ڕۆمان هەر گێڕانەوە نییە و تەواو، پۆیەتیکایشە، ڕەنگە جیاوازیی نێوان چیرۆک و شیعر هەر ئەوەبێت، یەکەمیان پشتی بە گێڕانەوە قایمە و دووەمیان بە ڕیتم. ڕۆمان با شیعرئامێزیش بێت، چونکە بە پلەی یەکەم بریتییە لە گێڕانەوە، هەر بە ڕۆمان هەژمار دەکرێت، شیعریش با چیرۆکێک بگێڕێتەوە، چونکە، ڕیتم تێیدا بە پلەی یەکەم دێت، هەر دەکەوێتە خانەی شیعرەوە. قاوغ ڕۆمانێکە تژی لە شیعر، هەرچەندە ڕۆمانێکی درێژە، بەڵام ڕیتمێکی خێرای هەیە و لە سەرەتاوە تا کۆتایی، خوێنەر بە خۆیەوە توند گرێ دەدات.

 

هاوزیندانییەکانی خاوەنی فیکرێکن لە بەرد، فیکرێک کە حەقیقەتی قۆرغ کردووە و پێی وایە هەمیشە حەقیقەتی لایە، بەڵام گێڕەرەوە کە خودی نووسەریشە، بە فیکری لەو جۆرە بە گژیاندا ناچێتەوە، ئاخر دەزانێت فیکری بەبەردبوو، هونەر دەکوژێت، دەزانێت ڕۆمان گۆڕەپانی ململانێی فیکری نییە و نووسەر تا بۆی بلوێت، نەرمونیان و ناڕاستەخۆ فیکری خۆی دەردەبڕێت، نەک زبر و ڕەق و ڕاستەخۆ. نووسەر لەودیو ماسکێکی تەنکەوە، پەیامی گەشی ئینسانییانەی خۆی دەردەبڕێت.

ڕۆماننووس هەمیشە دەبێت، دونیای نوێ تاقی بکاتەوە، هەمیشە لە ڕێنوێنییە جێگیرەکان یاخی ببێت. ڕۆماننووس وێڕای هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ واقیع، پێویستە خاوەنی هۆشیارییەکی ستاتیکییانەیش بێت و بە کلیلی ئەو هۆشیارییە، دەرگەی داهێنان واز بکات. وەک چۆن لە کۆمەڵدا، گوێڕایەڵیی نابینایانە، گۆڕان پەک دەخات، ئەگەر نووسەریش هەر لاسایی ئەوانی پێش خۆی بکاتەوە، ئەستەمە بتوانێت داهێنان بۆ خۆی تۆمار بکات. لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنجانەدا، دەتوانم بە دڵنییایەوە بڵێم: قاوغ تاقیکردنەوەیەکی نوێیە، لەقاندنی بەها جێگیرەکانە، یاخیبوونە لە نەگۆڕەکان و بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانەوە نووسراوە، بۆیە لە بواری هونەری گێڕانەوەدا، سەر بە دونیای داهێنانە.

ئیسلامی سیاسی، ئایین لە سیاسەتدا کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئایین زۆر لەوە بەربڵاوترە لە سیاسەتدا چڕ بکرێتەوە. ئیسلامی سیاسی مل بۆ دیالۆگ نادات، با لایەنی بەرانبەر هانا بۆ دادوەریی پێشوەختیش نەبات. ئیسلامی سیاسی زادەی ئەو شۆکەیە، دەسەڵاتی ئیسلام لە ئەنجامی مۆدێرنێتەوە تووشی هات، ئاخر ئەو شۆکە هەم خەلافەتی عوسمانیی ڕووخاند و هەم زۆرێک لە وەڵاتانی ئیسلامیی خستە بن دەستی ئیمپریالیزمەوە. ئەو شۆکە جڤاکی ئیسلامی وەها هەژاند، ناچاری کاردانەوەی کرد، کاردانەوەیەک کە لە نائومێدییەوە سەرچاوەی گرت و خۆی لە سەرهەڵدانی ئیخواندا نمایش کرد. موستەفا خەلیفە، کە تەمەنێکی لە هەمان قاوشدا، لەگەڵ ئەندامانی ئیخواندا بەسەر بردووە، لەڕێی ڕۆمانەکەیەوە، ناڕاستەخۆ و بێ هەڵڕشتنی ڕق، بەو ئیسلامییەمان دەناسێنێت کە خۆی لە بازنەی سیاسەتدا زیندانی دەکات. (ئیسلامییەک کە بۆ ئەوەی لەسەر کوشتن خۆی ڕابهێنێت، بەیانییەک زوو، وەک مەشقی کوشتن، چەند خۆڵڕێژێک کە خەریکی خاوێنکردنەوەی شەقامێک دەبن، دەکوژێت!)

*

موستەفا خەلیفە پێمان دەڵێت:

ئینسان بە یەک کەڕەت نامرێت، هەر کە خزمێک، ناسیاوێک، یان هاوڕێیەکی دەمرێت، ئەو بەشەی کە ئەو خزمە، ناسیاوە یان هاوڕێیە لە ناخماندا داگیری کردووە، دەمرێت، ئیدی لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن و مردنە یەک لە دوای یەکەکانی خزم و ناسیاو و هاوڕێیاندا، بەشە مردووەکانی ناخمان ڕوو لە زۆربوون دەکەن و ئەو پانتایییە بەرینتر دەبێت کە مەرگ داگیری دەکات، تا ناخمان وەک گۆڕستانێکی لێ دێت و شەوان مردووەکان لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە و سەرکۆنەمان لێ دەکەن.

ئیخوان لە دووپشک دەچن، ئەگەر کەسیان دەست نەکەوێت بە خۆیانەوە دەدەن. ئیخوان جیهاد بە فەرز دەزانن، هەر لە سۆنگەیشەوە ڕقیان لە سۆفییەکانە کە ئەو فەرزەیان پشتگوێ خستووە.

تاقە جێیەک زیندانی بتوانێت خۆی تێدا حەشار بدات، نێو خودی خۆیەتی.

زیندان شوێنێکی هێندە ناخۆشە، ئەگەر خوای مەزن، چەند مانگێک شەیتانی زیندانی کردبا، نەک هەر بۆ ئادەم، سوجدەی بۆ حەوایش دەبرد.

 ئاخۆ ئەم گەلە هیچ لەبارەی زیندانی بیابانەوە دەزانێت؟ ئەمە ئەو گەلەیە کە پەسن دەدرێت؟ ئایا جێی باوەڕە ئەم میللەتە نەزانێت، چی لە وەڵاتەکەیدا ڕوو دەدات؟ ئەگەر نەزانێت ئەوە کارەساتە، ئەگەر بزانێت و بێدەنگ بێت، ئەوە کارەساتێکی گەورەترە. ئەم گەلە یان بەنگ کراوە، یان گەوجە.

ئەگەر گیرایت، ئەم دوو پرەنسیپە ڕەچاو بکە! با ئەشکەنجەیشت بدەن، هەرگیز هیچ مەدرکێنە، ئاخر هەر کە شتێکی بچووکت درکاند، ئیدی لێت ناگەڕێن. ئەگەر گوتیان هاوکاریمان لەگەڵدا بکە، ئازادت دەکەین، قایل مەبە، ئاخر کە پێوە بوویت، تا ماویت ڕزگارت نابێت.

 

*

قارەمانی ڕۆمانەکە لە زیندان قاوغێکی بۆ خۆی چێ کردبوو، کە ئازادیش دەکرێت، هەر دەچێتەوە ناو قاوغ، قاوغی تەنیایی و دوورەپەرێزی، ئاخر لەناو خەڵکدا هەست بە غەریبییەکی سامناک دەکات. لە کونی قاوغەکەی زیندانەوە سەیری دەرەوەی دەکرد، لە قاوغە تازەکەیەوە سەیری ناخی خۆی دەکات.

 

*

)١(مصطفی خلیفە، القوقعە، یومیات متلصص دار الاداب ٢٠٠٨ بیروت.

)٢( صبحی حدیدی، أدب السجون بین الإبداع والوثیقە القدس العربی ١١ دیسمبر ٢٠١٥ لندن.

)٣(ساسی جبیل، فی حوار لم ینشر، إدوارد الخراط: لیس للشعر زمن، ألإتحاد الثقافی ١٠ دیسمبر ٢٠١٥ دبی.

)٤(محمد سبیلا، رٶیە الإسلام السیاسی، الإتحاد الثقافی ١٠ دیسمبر ٢٠١٥ دبی.