ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كێ وای وت؟!

قه‌ت مردن هه‌ق نییه‌،

تا پاریس نه‌بینی

تا نه‌چییه‌ له‌نده‌ن و 

گه‌شتێك به‌ ڕووباری تایمزدا نه‌كه‌ی.

كێ ده‌ڵێ؟!

مردن قه‌ت هه‌ق نییه‌،

تا نه‌ڕۆی بۆ میسر و 

له‌سه‌ر هه‌ڕه‌می فیرعه‌ونه‌كانه‌وه‌

چاو بۆ یوسفی كه‌نعان نه‌گێڕی!

تا نه‌چییه‌ ئیتالیا و

له‌ داڵانه‌كانی ڤاتیكاندا

تارمایی مایكڵ ئه‌نجیلۆ نه‌بینی

به‌ دیار په‌یكه‌ری داوده‌وه‌!!

كێ فه‌رمووی؟!

خۆ مردن هه‌ق نییه‌

تا نه‌چییه‌ ئه‌سته‌مبوڵ و 

له‌ كۆشكه‌كانی سلێماندا

گوێت له‌ هاوار و قاوقیژی

خوڕه‌م نه‌بێ!

غه‌درێكی گه‌وره‌یه‌، ئه‌م مردنه‌

تا نه‌چییه‌ نیویۆرك و 

له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانییه‌وه‌

چاو نه‌بڕییه‌ ئاسمان!

غه‌درێكی گه‌وره‌یه‌

بمریت و له‌سه‌ر تاوه‌ری

ئیڤڵه‌وه‌ نه‌ڕوانییه‌ پاریس

به‌ ڕاڕه‌وه‌كانی لۆڤه‌ردا نه‌گه‌ڕێی!

زۆر حه‌یفه‌ بمریت و

به‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستا نه‌فڕی.

بچییه‌ گۆڕه‌وه‌ و

له‌ كه‌ناراوه‌كانی كینیا

خۆت له‌به‌ر هه‌تاودا هه‌ڵنه‌خستبێ!!

زۆر حه‌یفه‌ بمری و 

له‌ دارستانه‌كانی كۆڵۆمبیادا

ڕۆمانێكی ماركیزت نه‌خوێندبێته‌وه‌!

گوناهه‌ بمری و 

نه‌چووبیته‌ كه‌نه‌دا و 

پڕژه‌ی سۆلاڤی نیاگارات به‌رنه‌كه‌وتبێ!

غه‌درێكی به‌ ژانه‌

سه‌رمای سیبریا

توێغی ده‌موچاوتی نه‌بردبێ و 

له‌ داڵانه‌كانی كرێملندا

گوێت له‌ ته‌قه‌ی پێڵاوه‌كانی

ستالین نه‌بووبێ!!

زۆر حه‌یفه‌ بمریت و

له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی میونیخ و به‌رلیندا

زایه‌ڵه‌ی وتاره‌ ئاگرینه‌كانی

هیتله‌ر نه‌بیستی!

گوناحه‌، زۆر گوناه بمریت و 

له‌ كۆڵان و شه‌قامه‌كانی پراگ دا و 

له‌ ناو ئاپۆرای گه‌شتیارانی كه‌نیسه‌كاندا

چاو بۆ ته‌لارسازه‌كانی سه‌رده‌می گۆتیك

نه‌گێڕی!!