ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەر وه‌ك ئه‌ستێره‌ داڕژا

وه‌ك شه‌ربه‌تی شیعری قه‌ره‌جان

له‌به‌ر ده‌ستی من هه‌ڵپژا

سپی ده‌چێته‌وه‌ سپی

وه‌ك كه‌فچه‌ری ئه‌وبه‌ری ده‌ریا

ئه‌چم بۆلای ئه‌سپی سپی

ته‌نكه‌ ئاوێكی شیرینه‌

ئه‌ڕژێته‌ ناو خۆڵی بیابان

گوێم له‌ دەنگی حیله‌یەتی بانگم ئه‌كات

ئه‌سپی سپی، ئه‌سپی سپی

نه‌ به‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌كه‌وم نه‌گۆڕه‌كه‌ی

له‌ دووره‌وه‌ ئه‌یبینم، سپی سپی ئه‌چێته‌وه‌

وه‌ك شمشێر ئه‌بریسكێته‌وه‌

وه‌ك سه‌رخۆشێ له‌ناو یاده‌وه‌رییه‌كانی

ڕه‌باز بووبێ ئاوه‌ها ئه‌ترینگێته‌وه‌

ئه‌سپی سپیم كتێبێكه‌

له‌به‌ر باخه‌ڵی سوور پێستێ

زینێكه‌ له‌ زیوی جریوه‌ی دارستان

سه‌دایه‌كه‌ له‌ چریكه‌ی ئینسان

ئه‌چم بۆلای ئه‌سپی سپی

له‌هه‌ر كوێیه‌كی دونیابێ

شووشه‌ عه‌تری شاعیرێكی شكاوه‌

له‌هه‌ر كاتێ كه‌قەڵەمی ده‌رهێنا بێ

ئه‌سپه‌كه‌م كێ بردی؟