ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ناچمە دەرەوەی ماڵەکەمان،

چونکە بۆنی بەیبوونم لێدەبڕێ!

ناڕۆمە ناو قەرەباڵغییەکانی ناوشار،

چونکە هەناسەم بۆنی دووکەڵ دەگرێ!

نامەوێ بچم بۆ کۆڕی خەسیوەکان،

نەبا فێری چەمانەوە بم!

نەمگەرەکە بەهاوڕێکەم بێژم با ئەمشەو نەخۆینەوە،

نەبا بۆ هەمیشە درۆی بۆ بکەم!

نامەوێ بڕۆمەوە بۆ ئاوایی،

بۆ ئەوەی خۆشەویستی ئەو لەدەستم ڕانەکا!

شەرم دەکەم کۆترە باریکە بدوێنم،

چونکە وەمناڵی دەمەویست تاقبڕیان بکەم!

گوێ لەگۆرانی یارخەزاڵ ناگرم،

بۆ ئەوەی ئەوانم بیر بچێتەوە!

ئەمشەو دەبمە خۆم و

لەناو تەنیایی خۆما،

تاریکایی شەو لەت و پەت دەکەم!

نامەوێ لە مقامی فەڵەگ دابڕێم،

بۆ ئەوەی مقامی ئای ئایم بیر نەچێتەوە!

عەتر پرژێنی ڕووخسارم ناکەم،

بۆ ئەوەی عەتر لەڕۆحم بڕژێ!

خۆم و خودم بەردەوام قسە دەکەین،

بۆ ئەوەی تەنیایی بمانخواتەوە!

نامەوێ بەرماڵ هەڵگرم و نوێژبکەم،

کەچی نوێژەکانی دایکمم خۆشگەرەکە!

بەکچەکەم ئێژم فێرم کە،

قژگڤن ئەم هەموو خۆشەویستیە چی بوو هێنات!

ناچمە دەرەوەی ماڵەکەمان،

بۆ ئەوەی بۆنی هەناسەی تۆم لێنەبڕێ!

بیرت تێ وتم لەجەنگدا ڕادەکەم،

بۆ ئەوەی پەنجەکانم بۆنی پرچی تۆیان لێ بێ!

سەیری دراوسێکەمان ناکەم،

بۆ ئەوەی ڕەنگی تۆ کاڵ نەبینم!

فێرم کە میهربان بم،

با لەمیهربانیا تەنیا لەتۆبچم!