ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

تاکیجی کۆبایاشی گەورەنووسەری پرۆلیتاریی یابانی لە سیانزەی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٠٣ لە شاری ئۆداتا لە هەرێمی ئەکیتا لە وڵاتی یابان لە خێزانێکی هەژار هاتۆتە دونیاوە. لە تەمەنی چوارساڵان دەبێ کاتێ ماڵیان  دەگوێزنەوە بۆ هەرێمی هۆکایدۆ. خێزانی تاکیجی لەبەر دەست کورتیی ناتوانن تێچووی خوێندنی تاکیجی بدەن، بۆیە مامی تاکیجی ئەو بەرپرسارێتییە لە ئەستۆ دەگرێ و یارمەتی برازاکەی دەدات بۆ ئەوەی لە خوێندن دوا نەکەوێت. تاکیجی هەر لەسەردەمی خوێندنەوە حەزی چۆتە نووسین و وتاری بۆ گۆڤاری ئەدەبیی دەنووسی. لە قوتابخانەش بوو بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئەلومنی ئەسۆسیەیشن. یەکێک لە مامۆستاکانی کە شاعیر و ڕەخنەگر نۆبیوکی ئۆکوما بوو بەهۆی بوونی قەیرانی دارایی لەو سەردەمە و فشاری هەژاری بۆی، بە بزووتنەوەی کرێکارییەوە پەیوەست بووبوو.

دوای تەواوکردنی خوێندن تاکیجی لە یەکێک لە بانکەکانی یابان دادەمەزرێ و دەکەوێتە کارکردن. لە بانگەشەی هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ١٩٢٨دا، تاکیجی کۆبایاشی پشتگیریی کێنزۆ یامامۆتۆ دەکات و لە کەمپینی یامامۆتۆ بەشداری دەکات و ئەم ئەزموونەش دوایی لە نووسینەکانی پاشتری ڕەنگی دایەوە. هەر هەمان ساڵ چیرۆکی پانزەی ئازاری ١٩٢٨ کە لە ڕووداوی پانزەی ئازارەوە وەرگیراوە، لە گۆڤاری ئەدەبی سێنکی بڵاو دەبێتەوە. چیرۆکەکە بۆ تاکیجی دەبێتە مایەی ئەشکەنجە لەلایەن پۆلیسی یابانەوە.

ئەدەبی (کرێکاریی) پرۆلیتاری یابانی لە دەیەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم گەیشتە ئەوجی گەشەسەندنی خۆی. نووسەرگەلی وەک هیرۆشیرۆ مەیداکۆ(١٨٨٨ – ١٩٥٧) و یۆشیکی هەیاما( ١٨٩٤ – ١٩٤٥) و سوناو توکوناگا( ١٨٩٩ – ١٩٥٨) و یوریکۆ میامۆتۆ (١٨٩٩ – ١٩٥١) و شیگاهارو ناکانو( ١٩٠٢- ...) و تایکۆ هیرابایاشی ( ١٩٠٥-...) و سوساو هەیاشی ( ١٩٠٣ - ....) و ئیناکۆ ساتا( ١٩٠٤ - ..) لە ڕوخسارە ناسراو ودیارەکانی ئەو بزووتنەوە ئەدەبییە کرێکارییە بوون، بەڵام لەهەموو ئەمانە دیارتر و ناسراوتر و بەرجەستەتر تاکیجی کۆبایاشی بوو کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێ لە باسی ئەدەبی کرێکاریی یابانی بازی بەسەردا بدرێ. ئەم نووسەرە تێدەکۆشا کرێکاران و زەحمەتکێشانی یابانی لەژێر چەوسانەوەی چینایەتی ڕزگاریان ببێت. چەکی دەستی تاکیجی ئەدەب بووە و لەڕێگەی چیرۆک و ڕۆمانەکانییەوە نەک هەر توانیویەتی دۆخی چینی کرێکار و خەباتیان بنەخشینێ و باس لەڕێگەچارەی چینایەتی بکات، بەڵکو بناغەی ئەدەبەکەشی زۆر بە توندی و تۆکمەیی دامەزراند. بزووتنەوەی کرێکاریی یابانیش لە ساڵی ١٩١٩ دەگاتە لووتکە و فیدراسیۆنی گشتی سەراسەری کرێکارانی یابان لە ساڵی ١٩٢١ دێتە دامەزراندن. ساڵی ١٩٢١ تا ١٩٢٤ تاکیجی زۆربەی کاتەکانی لە قوتابخانەی بازرگانی ئوتارو بردەسەر. پاشان یەکێتیی قوتابیانی سەرتاسەری یابان لە ساڵی ١٩٢١ دادەمەزرێ و کە قوتابیان و لاوانی ڕادیکاڵ ڕۆڵی بەرچاویان تیا گێرا. ساڵی ١٩٢٢ حیزبی کۆمۆنیستی یابان دادەمەزرێ.ساڵی دواتر واتە ١٩٢٣ هاوپەیمانی لاوانی کۆمۆنیستی یابانی دێتە وجود.یەکەمین دەنگی ئەدەبی پرۆلیتاری(کرێکاریی) لە یابان لەڕێگەی گۆڤاری زی سۆوەرەوە بووە کە یەکەمین گۆڤاری ئەدەبی پرۆلیتاریی یابانی بووە کە لە شاری ئەکیتا و دواتریش لە شاری تۆکیۆ لە نێوان ساڵانی ١٩٢١ تا ١٩٢٣ بڵاو بۆتەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٨تاکیجی ڕۆمانی (پاپۆڕی کارگە) دەنووسێ کە دەربارەی تاقمی پاپۆڕی لە قوتوو کردنی قرژانگی دەریایە و وەستانەوەیە دژ بە خاوەن کات لەژێر سەختترین هەلومەرجدا، لە گۆڤاری ئەدەبی سێنکی لە ساڵی ١٩٢٩بڵاو بۆوە. ئەم ڕۆمانە زۆر بە خێرایی بوو بە مایەی سەرنج و بایەخ و هەروەها بوو بە هەڵگری ناوی ئەدەبی مارکسیی پرۆلیتاریی. لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵی (١٩٢٩)، ناوەڕۆکی ئەم دەقە بۆ شانۆ ئامادەکرا لەسەر تەختەی شانۆی ئیپمریاڵ گاردن لەژێر ناوونیشانی (باکووری هێڵی پانی پەنجا پلە باکوور) . تەواوی ڕۆمانەکە وەکو کورتە ڕۆمانێک تا ساڵی ١٩٤٨ لە یابان لەبەردەستدا نەبوو. دواتر ئەم دەقە مارکسییە تەرجەمەی گەلێ زمانی جیهانی کرا. لەوانە سێجار بۆ زمانی ئینگلیزیی وەرگێردرا.پۆلیس بەتایبەتیش پۆلیسی تۆکۆ، تاکیجی خستە ژێر چاودێرییەوە. هەمان ساڵ کاتێ دەقی (خاوەن موڵکێکی نادیار) لە گۆڤاری شوکرۆن بڵاو دەکاتەوە، بەو هۆیەوە لە کارەکەی دەردەکرێت. ژیان لەنێو حیزبی کۆمۆنیستدا کارێکی تری تاکیجییە و بەدەم هەڵاتن و خۆشاردنەوە نووسیویەتی. لەم چیرۆکە نووسەر هەوڵیداوە لە دوو ئاستدا ئیش لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی کرێکارانی یابان بکات. یەک لەڕووی مەعریفەی خەباتی چینایەتی  و دووەم لەڕووی ئاشناکردنی پرۆلیتاریای یابانە بە تێروانینی دژە جەنگ. هەروەها (زۆن)یشدواکاری ئەم نووسەرە مارکسیستییە کە باس لە مانگرتنی کرێکارانی بەندەر دەکات. لەدیدی پۆلیسەوە ئەو کرێکارانەی پەیوەست بوونە بە مانگرتنی کرێکارانەوە خەتەرناکن. کرێکارانی بەندەر توانیبوویان دڵنیایی و متمانەی پێویست بۆ ئەم مانگرتنە دابین بکەنکە خۆی لە خەبات لە دژی زیادکردنی سەعات کاری ڕۆژانە و کەمکردنەوەی هەقدەست و دامەزراندنی کرێکارانی گرێبەست بە هەقدەستێکی زۆر کەم.

تاکیجی بەهۆی بیروباوەڕی سۆشیالیستی و ناوەڕۆکی خەباتگێڕانەی ڕۆمانەکانییەوە بەردەوام لەژێر چاودێری پۆلیسدا بووە و بەردەوام هەوڵیداوە لەبەرچاوی پۆلیس نەبێ و لەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەک و لەم شار بۆ ئەو شار گواستۆتییەوە. ساڵی ١٩٣٠ تاکیجی کۆنایاشی دەچێتە تۆکیۆ و دەبێتە سکرتێری گشتی نووسەرانی پرۆلیتاری یابان. لە مانگی ئایاری هەمان ساڵ بەهۆی گومانی یارمەتی ماددی بۆ حیزبی کۆمۆنیستی یابان دەستگیر دەکرێت و بە شێوەیەکی کاتیی لە حەوتی حوزەیران ئازاد دەکرێت. دوای ئەوەی جارێکی تر لە ٢٤ی حوزەیران دەگەڕێتەوە تۆکیۆ دەستگیر دەکرێت بە بیانووی نووسین و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی پاپۆڕی کارگە.لەمانگی ئاب بە پێی قانوونی سیستەمی گشتی و پۆلیسی گشتی ١٩٠٠ دادگایی دەکرێت و دەخرێتە زیندانی تۆیۆتاماوە.  لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٣ بەکەفالەت ئازاد دەکڕێ و ساڵی ١٩٣٥ بە فەرمی ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی قەدەغەکراوی یابان بووە. لە مانگی تشرینی دووەم سەردانی ماڵی ڕۆماننووس و چیرۆکنووس نۆیا شیگا دەکات و لە بەهاری ساڵی ١٩٣٢ دووچاری خۆشاردنەوە دەبێت. لە بیستی شوباتی ساڵی ١٩٣٣ کۆبایاشی دەچێتە شوێنی کۆبوونەوەی ئاکاساکا تا پەیوەست بێت بە هاوڕێیەکی کۆمۆنیستەوە کە لەژێرەوە ببوە جاسوس و لەناو ڕیزەکانی حیزبدا جێی خۆی کردبۆوە. هەرچەند هەوڵیدا هەڵ بێت، بەڵام دەستگیر دەکرێ و دەبردرێتە بنکەی پۆلیسی سوکیجی کە لەوێ دووچاری ئەشکەنجە بۆوە. بۆ ڕۆژی دواتر بەرپرسانی پۆلیس ڕایان گەیاند کە تاکیجی کۆبایاشی بە سەکتەی دڵ لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵی کۆچی دوایی کردووە. هیچ نەخۆشخانەیەک ئامادە نەبوو لاشەی تاکیجی تەشریح بکات لە ترسی پۆلیسی تۆکۆ. شایانی باسە ساڵی ٢٠٠٨ ڕۆمانی پاپۆڕی کارگە دەبێتە پڕفرۆشترین کتێب لە یابان لەبەر ئەوەی لە کەمپینێکی دیعایەدا نووسرابوو کە ئەم ڕۆمانە پەیوەندی بە ژیانی کرێکاری هەژاری یابانەوە هەیە. ئەم ڕۆمانە مارکسییە وەرگێردراوەتە سەر زمانەکانی ڕووسی، چینی، ئینگلیزی، کۆری، ئیسپانی، ئیتالی، پرتوگالی، ئەڵمانی، فەرەنسی، پۆڵەندی و نەرویجی.

لە کتێبە چاپکراوەکان( ڕۆمان و چیرۆکەکان) ی ئەم نووسەرە مارکسیستە پرۆلیتارییە :

یەک : پاپۆڕی کارگە

دوو : پانزەی ئازاری ١٩٢٨

سێ : یاسوکۆ

چوار : ژیاننامەی ئەندامێکی حیزب

پێنج : خاوەن موڵکێکی نادیار

شەش : ئەو سەگانەی پیاوەکانیان کوشت

شایانی وتنە کتێبخانەیەکی گەورە بەناوی تاکیجییەوە دانراوە و هەروەها گەورە مۆسیقاری یابانی هیساشی ئینوی پارچە مۆسیقایەکی نایابی بۆ تاکیجی داناوە کە گوزارشتە لە ساتی دەستگیرکردنییەوە تا ساتی تیرۆرکردنی. ساڵی ٢٠٠٥ فلیمی دۆکیومێنتاری لەسەر ژیانی تاکیجی کۆنایاشی دێتە بەرهەم. لە نۆی تشرینی یەکەمی ١٩٦٥ مونومێنتی تاکیجی لەلایەن هونەرمەندی پەیکەرساز هۆنگۆ شین دروست دەکرێ.

 

 تێبینی :

یەک : بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە جگە لە ویکیبیدیا، سوودم لەم پێشەکی ئەم کتێبەی خوارەوە بینیوە

The Factory Ship and the Absentee Landlord

کە پێشەکییەکە لە نووسینی : فرانک مۆتۆفوجی وەرگێڕە.