ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وا زەن دەکەم لە مێژوودا،

گشت "ئەزنیف" و 

یارییەکانی "پۆکەر" و 

"بیست و یەک"مان دۆڕاندوون!

لێم ببوورن...

ئیتر نە "ئاس"ێک ئیش دەکا و 

نە "فلۆش" و "ستریتفلۆش"!

لە خەیاڵی منداڵیدا،

گشت یارییەکانمان بردنەوە و 

بە گەوەرەیی، مایەپووچ و تاڵانفرۆش!

بمبوورن ئازیزەکانم، لێم ببوورن!

ئیدی مێزێکی بەرائەت،

وەک بەرائەتی "عەبەڕیش"

وەک جامەکەی دەستی "خاڵۆ"،

وەکوو دەنگە نووساوەکەی کاکە "عوسمانی ئازادی"،

وەکوو ڕووحی عەربانەکەی "عوسە قوبڵی"،

نەماوە کۆمانکاتەوە!

ببوورن..

ڕیشاڵەکانی جگەرم، لێم ببوورن!

من کە زەنگێکیش لێنایەم...

من کە نایێم...

ئێوارەیەک کە من ڕۆیشتم،

تەنیا نەبووم،

گشت پێکەوە،

گیرفانەکانی هیوامان،

بارانی تیشکی لێ دەڕژا و 

بە هەورازی وەهمەکانی ئازادیدا، سەردەکەوتین!

تەنیا نەبووین؛

شنەبای سەر کانییەکەی باخی میر و 

ئیلهامی شیعری تایەربەگ،

سەما و جیلوەی دارگوێزەکانی "گوڵان" و 

بۆنی سیحراویی شەراب و 

"بەلەنجە گیان بەلەنجە"کەی

مەینۆشانی "کوڵەبۆز" و 

قاقای ژنانی "کانیشێخ"،

هەر هەموومان پێکەوە بووین.

گشت پێکەوە، لە دەمی جەنگ ڕامان کرد و 

ئەوداڵی تارماییی ئاشتی،

چیاوچۆڵمان سەرپاک پشکنی و 

پاش زەمەنێک، وەهم تێکی شکاندین و 

هەموو جوانییەکانی شار و خودی شارمان،

لە گۆڕی ئازادیدا کفن کرد و 

هەر بە تەنیا گەڕاینەوە!

ببوورن ئازیزەکانم... لێم ببوورن!

وای چەند تەنیام،

وای چەند تەنیاین..

من بێ شار و بە بێ ئێوە،

دەردی تەنیایی کوشتوومی و 

ئێوەش بێ ڕەونەقی شار و 

بێ هەناسەی باخی میر و 

بێ شکۆییی تەلارەکەی وەسمان پاشا و 

بێ جەنجاڵیی قەیسەرییەکەی حامید بەگ و 

بە بێ پیاسەی ئێوارانی کانیشێخ و 

بێ سەوزبوونتان لەسەر شۆستەی

بەرانبەر مەکتەبی کچان،

داهۆڵێکن، 

چاوەڕێی ڕەشەبایەکن!

لێم ببوورن کەهەرگیز زەنگێ لێنادەم،

کە من نایێم!