ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کوێرنیم، بەڵام بەری دەستم نابینم و پێش هەنگاوەکانم شەوی بەسەردا باریوە! 

لای ڕاستم ئاگرە و لای چەپم ئاوە و کۆتایی ئەو دووڕیانەیش لە نادیاریدا ون ونە. گەردەلوولێکی ناپاک و پڕ لە تۆزی ڕەشیش بەردەوام لوولم دەدا و ڕۆحم وەک بیابان وشک و چۆڵ دەکات. دەستی تۆ لە کوێیە تاریکی ڕاونێ و دڵی تۆ لە کوێیە هەر هەبوونم بێت؟

من لە کوێی ژیاندام! 

سەرم لەسەر جەستەم شێواوە

چاوم گوڵەکانت سەراوبن دەبینێت. 

زمانت وەک کانیاوی گوند 

ئاوەدانیم بوو

گوێچکەت هەستکردن بە ترپەی ڕۆژگاری هیلاکم. دەروونت وێرانکردم

دڵم وەک بۆمبێک لەتاو ئازار بەناوەوەمدا تەقییەوە و

هەزارجار مردم، 

بە هەزار پارچەوە...

دەستی تۆ هەر نەبوو، کە دەبوایە دەستی تۆ گێسک بێت و کۆمبکاتەوە

دەستی تۆ دەبوایە بەرگەی دڵۆپێک لە دەریای ئازارم بگرێت.

دەستی تۆ دەبوایە مەرهەمی ئەو برینە داغ بووە بێت. 

هەر هیچ نەبایە، دەستی تۆ دەبوایە دەستم بێت!ئێستانەکینێ ئازار لە مووی سەرم زیاترە

ئازار لەناو خوێنمدا ئەوەندە زۆرە، ئێسکم لە ژێر پێستمدا دەلەرزێت. 

ئازار ئەوەندە بەناو دڵمدا تەشەنەی کردووە، ئاسوودەیی ئێکسپایەر بووە و خەریکە بەسەر ژیانمدا بڕژێمەوە.

ماندووم و تەنانەت ماندووتر خۆم. 

لە خۆم ماندووم و ماندووم لە خۆم و ماندووبووم لە خۆم و خۆم و خۆم...

حەز دەکەم چەند کیلۆیەک مەرگ بکڕم، ئازارەکان لە گێلی بدەم و مردن سەرقاڵم بکات و دوور دوورم بخاتەوە. بەبێ دەستی تۆ لەناو دەستەکانی خۆمدا بمرم!

من پیاوێکی بێ غیرەت نیم

دەستم دەچێتەوە ناوەوەی خۆم، 

دەتوانم خوێنی خۆم بخۆمەوە، 

دەتوانم جەرگم لە ڕقان بدۆشم و 

شەربەتی هەناری لێ دروست بکەم. 

دەتوانم لە بیرت بکەم و بمرم! 

دەمەوێ هەمان ئەو ڕستەیەت بۆ دووبارە بکەمەوە: 

دەتوانم لە بیرت بکەم و بمرم! بەڵام سێ گوڵی ئینجانەی ماڵەکەی تۆ، سێ پەپوولەی سەر باخچەی تۆ، دەستی غیرەتیان گرتوومە و قاچی دوورکەوتنەوەیان لە قوڕ و لیتەی سۆز و خۆشەویستیدا چەقاندووم. من چەندین ساڵە وەها دەژیم و مەرگی خۆم خستۆتە کۆڵمەوە، تەرمی خۆم لە دڵی خۆمدا ناشتووە و نەمهێشتووە ترپەکانی تۆ هەستی پێبکەن. کە پێستی خۆشم بە نینۆکەکانم دادڕی و تۆش منت نەناسییەوە، گوللەی درۆیەکی دیکە بە بیابانی دڵمدا تێپەڕی و لە کەللەسەرمدا دەنگی دایەوە، خۆم لە بیر کرد و تۆم لە بیر کرد و عەشقم لە بیر کرد و هەر سێ پەپوولەکەشم هەڵفڕاندن.

نە ناوی خۆم ناسییەوە و

نە هیچ کەسێکیش منی ناسییەوە.