ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

زەمەنێ بوو ، بەیەکەوە شانە تەزیوەکانمان دەدایە بەر داڕمانی تاوێرەکان

تولە ڕێکان ،،، پشتێنی ڕۆژگاری شێتیمان بوون

بە میز هەناوی پڕ لە چەخچۆی بەفرەکانمان گەرم دەکردەوە

کە ماندوش دەبوین

لە ژێر سێبەری باڵە شکاوەکانی مەلێکی پێکراودا

خەونە ژەنگاویەکانمان بۆ یەکتری دەگێڕایەوەو

سەرلەنوێ وەنەوزی خەو ئەیبردینەوە

،،،،،،، ،،،،،،،،، ،،،،،،،

هاوڕێکەم لە بیرت دێ ،،،،

بەدەم سیغارێکی فەلەوە ،،، تۆو سیراممان دەخواردەو

تاشە بەردەکانی کێلەشینمان لە خۆمانەوە ئەپیچاو

بە فیشەکە شیتەکانی ڕامبۆ پێدەکەنین کە لە جەستە ڕەشەکەی فرلین دەردەچون

،،،،،،، ،،،،،،،، ،،،،،

ئێستاش بەیەکەوە دەژین

وەک دۆستێکی تەبا،،، لەناو ئەو فەوزاو نائومێد یەدا

لێدەگەڕێین دۆزەخی سەفەرەکانی پەرێشانی

لە سەر پێڵاوە دڕاوەکانمان ، ڕەشماڵی دڵنیایی خۆیان هەڵدەن

ڕوخساری شێواومان بە کۆڵانەکانی گوماندا دەچێنین

بەیەکەوەکەزی کڕێژاوی قەرەجە پرچنەکان شانە دەکەین

ئەو پاژنە خڕانە دەلێسینەوە وەک مانگ ڕوتن

بەیەکەوە توتکە سەگەکانی بەر دەرگای ئاسایش و

قەسابخانەکانی شارو ،، شالوری حەسحەسەکان ماچ دەکەین

پۆلیسەکان دەکەینە هاوڕێی گیانی بە گیانی و

بەدوای حەزە گومڕاکانمان ڕادەکەین

بە یەکیشەوە ئاوێنەی وردو خاشکراوی خەونەکانمان

دەدەینە بەر شاڵاوی - با -و

ئاسایش و پۆلیسەکان نامانبینەوە

ئیمە لەوان زۆڵترو

ئەوان لە ئیمە دەبەنگتر

ئاوا بە عیشقەوە ئەژین

بەرەو قوڵایی فەنا

ئەو قوڵاییە سەرمەدیانەی

نەوڕەسەکان دوا هەناسەی تیا ئەدەن