ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ته‌مه‌نێكه‌ ئه‌تخۆمه‌وه‌و تێنوێتی من هه‌ر ناشكێ

ته‌مه‌نێكه‌ هه‌موو شووشه‌ی شه‌رابێكت

لێ پڕ ئه‌كه‌م ئه‌تخۆمه‌وه‌

تێنوێتی من هه‌ر ناشكێ

ته‌مه‌نێكه‌ نان و زادت پێ ئه‌ڕشێنم

برسیه‌تی من ته‌واو نابێ

تۆ ئاوی ئاو

سه‌دان ساڵه‌ وه‌كو عه‌تر ئه‌تبه‌شمه‌وه‌

سه‌رم پڕ به‌رامه‌ت نابێ

گوڵه‌كانت پێ ئاو ئه‌ده‌م

تیغی سه‌خته‌ندازه‌كانت بۆ ساو ئه‌ده‌م

به‌ڵام تۆ هه‌ر په‌یدا نابی

كارێزت بۆ ئه‌كه‌مه‌وه‌، هه‌رگیز به‌ سه‌رچاوه‌ت ناگه‌م

جۆگه‌ جۆگه‌ به‌ دواتا دێم، كانی كانی بۆت ئه‌گه‌ڕێم

تۆ له‌ كێی من ناتدۆزمه‌وه‌ و دره‌وشانه‌وه‌ت ته‌واو نابێ

تۆ ئاوی ئاو هه‌زار ساڵه‌ هه‌موو شه‌وێ

من خه‌ونت پێوه‌ ئه‌بینم

كێوو دۆڵی سه‌رزه‌مینت بۆ ئه‌گه‌ڕێم

پاشان ئه‌زانم سه‌رابی

كه‌ جێت دێڵم له‌ دووره‌وه‌ ئه‌ڵێی تروسكه‌ی شه‌رابی

تۆ ئاوی ئاو ته‌مه‌نێكه‌ بانگت ئه‌كه‌م هه‌رگیز وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌

ماڵم هه‌موو كردۆته‌ ئاو ، كتێبه‌كانم پڕن له‌ ئاو

كتێبخانه‌كه‌م ئاو بردی، تۆ هه‌ر وه‌ڵام ناده‌یته‌وه