ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تۆ قەت هەستت بەوە کردووە، 

مرۆڤ ناوی خۆی لە بیر دەچێتەوە و 

گوێچکەی پیتی ناوەکەی وەرناگرێت.

تۆ قەت هەستت بەوە کردووە، 

من لە پێناوی وەها نەزانی کە پیاوێکی لاوازم، 

سەدان شەو..

گریانی خۆم وەک شەڕاب خواردۆتەوە.

هەزاران ڕۆژیش..

زمانم وەک وشککردنەوەی هەنجیر داوەتە بەر خۆری درۆ و گوتوومە: باش و شیرینم. 

تۆ قەت هەستت بەوە کردووە!

نازانم و 

ئەوەیش لە زانینی درۆزنانە باشترە!

نازانم قەت درکت بەوە کردووە،

ڕۆژێک بێت تامی شیرینی چای عەسرانمان 

پڕ ببێت لە پیاڵەشکاندن و دڵشکاندن!

جاران دەتگوت: 

(قەمیسی شینت لێ نایەت). 

ئێستا پێکەنینی شینیشم لێ نایەت.

نازانم و

لە بیرم چۆتەوە پڕ بەدڵ پێبکەنم و 

قاقاکانم خرۆکەسوورەکانی خوێنم بخەنە سەما و جوڵە. ئاخر بزانە مرۆڤێک پێکەنینی لە بیر بچێتەوە، دڵی چەشنی لمی دەست گەردەلوولی بیابانە!

هەموو هێزی خۆم دەخەمە سەر ڕوخسارم، 

دەمەوێت لەبەر خاتری هەر سێ گوڵەکانمان، خۆشحاڵ دیار بم. بەدرۆ لێوم پڕ دەکەم لە بزە و دەمەوێت پێبکەنم...

هەست بە تەڵەتەی پارچەگۆشتێکی قورس دەکەم لەسەر زمانم.

تەریق دەبمەوە و 

تازە ناتوانم درۆکانم قووت بدەمەوە.

دەچمە دەرەوە...

هەوای تازەیش بۆ سییەکانم تەنگە. 

بەرانبەر ئەستێرەی خۆم دادەنیشم و

هەزاران جار داوای لێبووردنی لێ دەکەم، 

کە هەست ناکەم پێکەنینم مایەی لە دەرگەدانی ماڵی سێبووری بێت. 

خۆزگە سێبووری گوللەیەک بایە و 

بەو نیوەشەوە خەوتووەی تۆم وەنا بایە و 

دڵی تۆم بە خەبەر هێنابایەوە.

کە ئازارم زۆرە و 

هیچ شتێک نامێنێتەوە بۆ ڕەنگکردنی ژیان

هیچ شەڕاب دەستی سەرخۆشی ناگرێت

هیچ ئەڤینێک بە قەت خۆمان نامانکوژێت .

جگە لە نووسین، تەنها نووسین شک دەبەم.

مردنم دەکەمە وشە و

پەیڤەکان دەکەمە کۆلارە ئاسمان سینگی فراوانترە و

کەوانەیەک دەکەمەوە:

دڵی شاعیریش بابێتە ناو ئەو باسەوە.

تاکوو نەنووسم، تاکوو مردن بە وشە سارد نەکەمەوە، ناتوانم بنووم. نووسین و نووستن، وەک شەو و ڕۆژن و یەکتری تەواو دەکەن.

هەندێک خەوتن قووڵە و 

خەوتنی من سەفەرێکی قووڵە. 

خەوتنی تۆ قووڵە،

وەک بیرێکی بێ بنە و 

نیومردنە.

تاکوو دەگەڕێیتەوە..

بەفر باریوە و پرچمان چڵکن

تاکوو دەگەڕێیتەوە..

وەرزی ساردیی هاتووە و دڵمان شەختەبەند.

تاکوو دەگەڕێیتەوە.. 

شەو لەناو شەو دادێتەوە و

مانگیش تارمایی سەر پەنجەرە جێدەهێڵێت.

تاریکایی دەڕژێتە ژوور

چاومان ئاشنا نابێتەوە بە خۆر

ئەوکاتە هەست بە نامۆیی خۆم دەکەم

هەست بە تارمایی خۆم و

ناوی بێ ناوی خۆم و

تەرمی خۆم و 

خۆم نا

دەکەم...

ناخۆشترین مەرگی پیاوێک لەناو مردندا ئەوەیە

وەک تەرمێک لە پێناوی عەشقێکدا بژیت

کە شیاوی نییە

تۆ هەرگیز هەستت بەوە نەکردووە.

بۆ دواجار لە دەرەوەی خۆمدا هەڵدێم و

دەڕۆم بۆ هیچ کوێ!

ڕوخسارم لە ئاوێنەکەوە جێدەهێڵم

تەرمی خۆم دەخەمە سەر زمان و

ژیان تف دەکەمەوە.