ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەرگیز لە پێناوی ژیانێكی خۆشدا نەینووسیوە، ئاخر ئەوانەی كەوا لە ڕێی نووسینەوە خۆشبەختی خێزان بەدەست دەهێنن، نالوێت نووسەری بێ سێبەربن. چۆن نووسین هەمیشە سەرئێشە بووە، هەم لە كاتی نووسین و هەمیش لە پرۆسەی بڵاوبوونەی نووسینەكان. بۆ ئەو هەمیشە نووسین بە سەرئێشەیی كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ئەم سەرئێشەیە بۆ ئەو لەززەتبەخش بووە. ئەوەندەش بە نووسینەوە پەیوەستە، ئێستا خۆشەویستەكانیشی فەرامۆش كردووە و زۆر بە كەمی سەردانی دۆست و خزمەكانیشی دەكات. تۆ بڵێی ئەوانیش پەیان بەوە نەبردبێت، كە نووسینی لەوان خۆشتر دەوێت؟

ئەوە قسەیەكی قۆِر نییە، كە هەوێنی هەموو خۆشی و خۆشەویستییەكان بۆ خودی نووسەر لە نووسینەوە سەرچاوە دەگرن.

نووسن زۆرجار سەرقاڵبوونی خودە بە خۆیەوە، بەڵام شیعر سەرقاڵبوونێكە پڕ لە كێشمەكێش و سەركێشی، زۆرجاریش شیعر سەرئێشەیە. هەم كێشمەكێش و سەركێشی و سەرئێشەیەش، لەززەتبەخشن بۆ شاعیر. ئەم شاعیرەیش لە نووسینێكی دیكەدا باسی لەم سەرئێشەییەی خۆی كردووە، ئەوەیش بۆیە دووبارە دەكاتەوە، چونكە دووبارە كردنەوەی ئەزموونەكانی خۆی و فەزای شیعرەكانی خۆی هەم بەردەوامییەكی باشتری شاعیرانەی پێ دەدان، هەمیش ڕەنگی بۆچوون و فەزا شیعرییەكانی تۆختر دەكەن. ئەو گومانی لەوەدا نییە، بۆیەش ئەمەی دووبارە كردۆتەوە، هەتاوەكوو پێگەی ئەم بۆچوونەی خۆی زیاتر بەهێز بكات و ڕەگی بیرۆكەكانی زیاتر بچەسپێنێت.

ئێستایش تووشی هەمان سەر ئێشەیی بۆتەوە و بێ ئەندازە سەری دێشێت، بەدرێژایی رۆژ هەر لەماڵەوە بووە و خوێندوویەتییەوە. ئێستانەکینێ وا هەست دەكات، كەللەسەری هەموو دنیای لێ باركراوە و بەو هەموو بارگرانیەشەوە هەر لەسەر جەستەیەتی و ناو سەریشی پڕبووە لە قورسایی.

بە هەمەحاڵ، یەكێك لە خووە قۆڕەكانی ئەوەیە كە دەخوێنێتەوە، دەیەوێت لە یەككاتدا زیاتر لە كتێبێك بخوێنێتەوە. حەز دەكات لە یەككاتدا دەست بە خوێندنەوەی كتێبێكی لێكۆلێنەوە و كتێبێكی شیعری بكات، یان دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانێك بكات و لە كاتی پشووشدا، دەست بەرێت بۆ خوێندنەوەی چیرۆكێك لە كتێبی كۆمەڵە چیرۆكێكدا. واتە هەرگیز حەز ناكات كە دەستی بە خوێندنەوە كرد، تەنها یەك كتێبی لەبەر دەست دابێت ( ئەوە بۆ پرۆسەی نووسینیش وایە). ئەو حەز دەكات لەو باغە پڕ گوڵەدا چەپكە گوڵەكەی لە تەواوی گوڵەكان بێت، هەربۆیە ڕۆژی ڕابردوو دەستی كردووە بە خوێندنەوەی ڕۆمانێك و كتێبە شیعرێك و لێكۆڵینەیەیەكی ئەدەبیی و كۆمەڵەچیرۆكێك. هەنووكە بێز لە خوێندنەوەش دەكات، ئاخر هەر دوێنێ‌ وەها بەنێو خەیاڵەكاندا ڕۆچووبوو نەیدەزانی شەوە، یان ڕۆژە!

ئەوەی بەلایەوە شیاوی نووسین بێت، دەینووسێت و سڵ لە هیچ شتێك ناكاتەوە. باكی بەوە نییە باسكردنی نهێنییەكە تا چەند سەرئێشەیی بۆ دروست دەكات، چۆن هەنووكە تووشی نەخۆشییەكی سەیر و سەخت بۆتەوە و شتەكانی دەوورووبەر و ڕابردووشی لە بیر دەچێتەوە. هەزاران جار لە بیری چووە ئەو كێیە؟ نازانێت دەیەوێت چیبكات؟ كە بیر لەو حاڵەتانەی خۆی دەكاتەوە كە سەرئێشەیی شیعر دەیگرێت و بێئارامی دەكات، شەرم لە بوونی خۆی دەكاتەوە و تف بە ناوەكەی خۆی دادەكات!

زۆرجار لە بیری دەچێت كە بە ڕۆح دەژیت و بوونی لەسەر زەوی هەیە. زۆرجار تێنوو دەبێت، بەڵام وەها سەرئێشەیی شیعر و فەزای شیعریی داگیری كردووە، لە بیری دەچێت ئاو بخواتەوە. تەنانەت چەند ڕۆژێك لەمەو بەر لەبەردەم كۆمپیۆتەرەكەی دانیشتبوو و خەریكی ڕۆچوون بوو بەناو فەزای شیعرەكانییەوە، بێئاگابوو لەوەی كە زۆر میزی دێت. لە بیری ئەوە نەبوو بچێت لە ئەدەبخانە میز بكات.

دواجار بنی سگی هێشا و ژانی میزكردن ئارامی لێبڕی، ناچار هەستا و چووە ئەدەبخانە. بەڵام لە ئەدەبخانەدا لە جیاتی ئەوەی قایشی كابۆكەی بكاتەوە و زنجیری كابۆكەشی بۆ خوارەوە بترازێنێت، بێئاگا لەوەی كەوا سێ قۆپچەی قەمیسەكەی كردۆتەوە و خەریكی قۆپچەی چوارەمیشە.