ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەفەرێک لە دەروازەی
هاتنتەوە دەستپێدەکات،
تا کەوتنی دواین گەڵای تەمەنم
لەم سەفەرەدا
بە حەرف حەرفی تەمانمدا دەچمەوە
چش
لە هەموو ڕۆژە بەتاڵەکانی بێ تۆی
نەفرەت
لە وەرزە دەست لەرزۆکەکان
کە نەیانتوانی
زووتر تۆ بگەیەننە وێزگەی ژیانم
ڕێی ئەم سەفەرە دوور و درێژە
دەرفەت ھەیە
باسی هەموو ئەمانەت بۆ دەکەم
ڕۆژێ لە ڕۆژان
بە دەست ئازاری نەبوونی تۆوە دەتلامەوە
چ داڕمانێک بوو ئەوسا؟
بینایی شار ڕەشتر لە قەقنەس
تەزیوتر لە گیانێکی خۆلەمێشیی
مەلولتر لە دڵێکی کڵۆڵ
ئاخر هەناسەی کانی،
لە کوێوە فێنکایی بە ڕێبوار دەدات؟
سێبەری باخچە نەبێت !
نزا چۆن گیرا دەبێ؟
تا حەرفی وێردێک،
لە خانەقای نیگات نەبێت!
بۆ دروێنەی ساتە جێماوەکانت
بمبەوە کێڵگەی تەمەنت
با گیشەی لاسکی وەرزەکانت بکەم
تەنیا بێدەنگ مەبە؟
بە تریقەی هەناسەت باغێک بهەژێنە
با چۆلەکە نوستووەکان خەبەریان بێتەوەو
جریوەیان بە ئاسمانا هەڵکشێ و
بێدەنگیی هەرەس بێنێ
دەستێک بە سەر و پرچە ئالۆزکاوەکەمدا بێنە
با تەمی غوربەت بتەکێ
چاوشارکێ بە پەنجەکانت بکە
با هەنارەکانی شاری سینە
لە داخی چاوەڕوانیی شەق نەبەن
خۆت ڕابێنە،
تەریق مەبەرەوە بە سوور هەڵگەڕانی جێ ماچێک
هێشتا قەرەبووی تەنها بونێک تەواو نەبووە
هەڵکشێ
بەسەر هەوراز و نشێویی سینەدا
تا لە وچانی نساری پەرچەمی شۆڕە بییەک
لەزەت وەرگری
بیژمێرە،
بزانە چەند ڕۆژ و مانگ و ساڵ ڕۆیین
قەدەر ئێمەی لەچاوەکانیا
زیندان کردبوو
وەلێ عەشق بەهێزتر بوو
دڵ خۆشبە بەم گەشتە
با تاوێک
گوێ لە ئاوازی ئەم نەورەسانە بگرین
خەفت لە باڵای بێداریی دەتەکێنن
با پێش خۆر ئاوابوون
نوچێک بە هیلاکبوون بدەین
ئەمجارەیان
لە مەغریبی سەفەردا
ڕۆژی دووریی نێوانمان بشکێنە
با شەرابی گۆزەی دەم،
قوڵپێک بدا
تا منیش بە دەم گیرابوونی نزایەکەوە
دوو دێڕ شیعرت بۆ بنووسم
یەکیان بۆ بەرەکەتی تەمەنی تۆ
ئەوی دی بۆ ئەوەی نەمرم،
تا ئەم سەفەرە کۆتایی دێت