ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تا لەم سەفەر دێیتەوە

شەوان لە ئەستێرە ڕادەمێنم

بۆ ئاسمانی تۆ هەڵدەکشێن

ئەزانم؟

لەگەڕانەوەیان ڕەنگی نیگای

تۆیان گرتووە

 

تا لەم سەفەر دێیتەوە

بەیانیان یەکەم هەناسەی شنە

هەڵدەمژم

ئەزانم؟

لەگوزەرێکا عەتری سینەی

 تۆیان بۆن کردووە

 

تا لەم سەفەر دێیتەوە

هەموو ڕۆژێ پەپولەیەکی

باڵ نەخشین

بەزمانی ماچ دەستەمۆ ئەکەم

ئەزانم؟

لە دیدارێکا تامی خونچەی

لێوتی کردووە

 

تا لەم سەفەر دێیتەوە

تا دڵ هەست بە غەریبیت نەکا

خەو لە چاوم دەتۆرێنم

نیگابانی وێنەکانت دەکەم

ئەزانم؟

حیکایەتی تۆم بۆ دەگێڕنەوە

 

تا لەم سەفەرە دێیتەوە

لە جێگای تۆش نازی

دڵ هەڵدەگرم

با هەست بەبێ تۆی نەکات

ئەزانم؟

سەفەرت کورتە بۆ

ماڵی دڵم دێیتەوە

 

تا لەم سەفەر دێیتەوە

چەند دێرە شیعرێک

لەسەر جەستەم دەنووسمەوە

تۆش کە گەڕایتەوە بۆن بە

وشەکانمەوە بکە

ئەزانم؟

هیلاکیی ڕێگات بیردەچێتەوە