ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە پێش دەستم دەجووڵێیت

تارماییت تاكوو ئەوپەڕی قووڵایی شەو دەڕوات و

ئەستێرەکان دەژمێری

شكستی ئەو شەوانە بۆ پەنجەكانم ئەوە بوو

باغەوان نەبووم و

نەمتوانی زمانی گوڵ لە شیعرمدا بچێنم

ئامێری زەبەلاح كەوتنە تەنیشت پەیڤەكانم

رەشبینی بەناو پەراسووەكانمدا بڵاوبۆوە

ئەو هیوایەتەم لە گۆڕی باوكت نا!

ڕابردووی خەواڵووم هەستا

لەكاتی دووبارەی خەوا بنێشت جوین پێكەنینە بە گریانەكانت.

 

لەم شیعرەدا

دەمەوێت قووڵ لە ئازارەكانم ڕۆبچم

تاكوو هەست بە دەمارەكانی ژیانم بكەمەوە.

 

چاوم لە قووڵایی ئاسماندا تاریك داهاتووە

شەو بەناو ڕەشبینم وەك تاعوون بڵاوبۆتەوە

ڕوخساری ئەستێرەیەك لە نیگام دەچەقێت

وەسوەسەی مەرگ رۆحم ڕادەچڵەكێنێت و

بیری ئاسوودەیی دەكەم

بیرت دەكەم ئاسوودەیی دەستەكانت چەندە پڕ پەمۆ بوون

چەند رۆژێكە ئەوەندە گەرمە

بیری كۆخەكۆخی زستان دەكەم

ئاسمان ئەو كاتانە ئەوەندە شین و مۆر هەڵگەڕا

تاکوو ئاو لە سینگی چۆڕا

تۆیش ئەوەندە نقوومی ئاسمانم بوویت،

تاكوو ئەستێرە لە دەستەكانت ڕژا.

 

لە ژێر سەقفی ماڵێكدا شەو باری و تاریكی بیناییمانی كردە كۆیلەی خۆی. خەتای ڕووناكی گەورە نەبوو، خەتای بێخەتایی ئێمە بوو. ئەو خەتایەی قاوەی ئەڤینی هەتاهەتایەی لە بەردەممان سارد كردەوە. كە قاوەی بەردەممان ساردیش بۆوە، هیچ گڕی ئەوینێكی دیكە، هیچ ئاگری سووتانێكی دیكە ناتوانێت گەرمی بكاتەوە.

لە هەینێوە.. تەلەفۆنت بۆ مەرگ كردووە، تاكوو بێتە سەردانت و قاوەیەكی تاڵتر لە ژیانت لەگەڵ بخواتەوە.

كە پەیڤەكانم بوونە بەرد، تۆ بۆ بوویتە شووشە و بەبێ ئەوەی تاڵە پرچێكت بشكێت، هەستت بە شكان كرد.

لە پێناوی ئەوەی سەری دڵخۆشییەكانت نەشكێت، پشتم كردە پشتم! پیشتم كردە چیژی دونیا و دەستەبەرداری هەموو شتێكم بووم، تەنیا زمان نەبێت.

قسەی هەموو گەردوونم پشتگوێخست، تەنیا لە پێناوی ئەوەی حەزی تۆ گاگۆڵە بكات و نەمرێت. نیوچاوانت ئەوەندە بەرز بێت، هەتاكوو پرچت بەناو ئاسمانی شەوەكانمدا بخشێت. تاكوو بەئاسانی بتوانیت دەست لە نەرمایی هەورەكان بدەیت و بارانەكان لەسەر دەریاكان راگری و وەرزەكان بە ئارەزووی خۆت بگۆڕیت.

 

دووبارە هاتمەوە و

شیعری ئەڤینی قووڵایی شەوم بۆ نووسییەوە

لە دوا دێڕدا،

لاپەڕەیەكی سپیم بۆ جێهێشتی.

چاوم بە پێكێك مەراقەوە مەستی گریان بوو

فێڵم لە دڵم كردەوە

ئەوەندە خوێنی خۆم خواردەوە هەتاكوو خرۆكە سوورەكانم قڕكردن

خوێنم نەما و لە بێ خوێنی تۆشدا خۆم كوشت!

هەر نەمهێشت دەفتەری خۆزەگەكانت بدڕێنن

هەر نەمهێشت دەستەكانت بكەنە لافیتەی پرسەكەم

هەر نەمهێشت پەرێزی پرچت ئاگر بگرێت

هەر نەمهێشت گوللەی بە قووڵایی ئاسمانت وەنێن

هەر نەمهێشت كەوتنت بكەوێتە بن پێم

نەمهێشت بمری و بۆت مردم!

 

بۆت هەزارجار مردم و

دوو هەزارجاریش ژیامەوە

تەرمی خۆم لە بن زمانم شاردەوە و

جەستەم خستە سەر پێیەكانم و ڕۆیشتم...

 

جەهەننەمیش بەم هەموو ئازاری مردنەوە وەری نەگرتم و نەیتوانی ئەو هەموو ئازارەم بسوتێنێت. نەیتوانی ئەو هەموو گوناهەم لە پەنای پەیڤی پاكبوونەوەدا بشارێتەوە. ئێستایش ئەوەندە مردن لەناو ژیانمدا كۆچی دوایی كردووە، بەرگەی كارەساتی مەرگی مریشكێكیش ناگرم!

 

دەڕۆم و دەڕۆم...

 

تەرمەكەم بەناو شاردا هەر هاتووچوویەتی

نە هیچ ڕۆژگارێكی ڕەش دەیلاوێنێـتەوە

نەهیچ شەوگارێكی سپیش قسەیەكی لێوبەخەندەی لەگەڵ دەكات.

 

ڕوخساری تەرمەكەم شێوێنراوە و

هەبوونی تەرمەكەشم بە ژیان نامۆیە!

خۆم وەك تارمایییەك دەبینم.

ئەوەندە سەری بێ ڕۆحم لێ تێكچووە، ناتوانم بەم هەموو ئازارەوە تەرمەكەم ئاو بدەم، ناتوانم بەم هەموو برینەوە تەرمەكەم بەرمەوە بن سێبەری سەقفی ماڵەكەم، ناتوانم بەم هەموو مەرگەی لەناو تەرمەكەمدا تەقەتم كردووە، لە پەراوێزی ژیانیش بژیم!

 

دەزانم كە دەزانن،

حەیاشم چووە ئەوەندەی بمرم!