ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئه‌و له‌و كه‌سانه‌یه‌ هیچ شتێك به‌ مولكی خۆی نازانێ

ته‌نیا نیگا ئه‌فسوناوی و

خه‌نده‌ گوڵهاوێژه‌كان نه‌بن 

هه‌موو شتێكی ئه‌دا به‌ هه‌موو كه‌سێ

ئه‌و، به‌یانیان زوو جه‌سته‌ی گه‌رمی ئه‌به‌خشێ به‌ ئاو

كه‌چی دڵی له‌نێو پێخه‌فی ته‌نیاییدا جێ ئه‌هێڵێ

چ مه‌خلوقێكی سه‌یره‌ ئه‌و قه‌ره‌جه‌ !

ئه‌و، لێناگه‌رێ په‌نجه‌ ساردو سڕه‌كانی كه‌سێ

به‌سه‌ر له‌شی گه‌رمیدا تێبپه‌رێ

لێناگه‌رێ چاوی شێتانه‌ی هیچ كه‌س

رێ لە رووتبوونی باڵاو

حه‌زه‌ شاراوه‌كانی بگرێ

لێناگه‌رێ پشكۆی روومه‌تی ته‌ڕی

به‌ لێوی وشكی هیچ كه‌س

وشك ببێ و زه‌ردهه‌ڵگه‌رێ

ئه‌و، گه‌ریده‌یه‌كی خه‌یالییه‌

له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌ نه‌رمه‌كانی ده‌ریا رێ ئه‌كا

به‌ مۆسیقاكانی سروشت ئه‌كه‌وێته‌ زیكرو

له‌گه‌ڵ دڵۆپه‌ بارانه‌كان سه‌ما ئه‌كا

چ مه‌خلوقێكی پر لوغزه‌ ئه‌و قه‌ره‌جه‌ !

ئه‌و ، كه‌ ئێواره‌ دادێ ئه‌بێته‌ باڵنده‌یه‌كی كۆچه‌ریی

له‌نێو تاریكیدا نزا بۆ رووناكبوونه‌وه‌ ئه‌كا

ئه‌و له‌ وه‌رزی ئه‌وینیدا

پارچه‌یه‌كه‌ له‌ ته‌متومان

دێت و ئه‌روا

پارچه‌یه‌كه‌ له‌ شه‌وقی مانگ

له‌ تاریكترین شه‌وه‌كانی تاریكیدا ده‌رئه‌كه‌وێ

ئه‌و له‌ وه‌رزی خه‌زانا له‌ په‌لكه‌ زێڕینه‌ ئه‌چێ

به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێدا بشكێته‌وه‌

دڵی ئه‌كا به‌ ئاو و 

له‌نێویدا ئه‌توێته‌وه‌

ئه‌و مه‌خلوقه‌ ناچێته‌ باوه‌شی هیچ كه‌س

باران نه‌چووبێته‌ رۆحی و ره‌هێله‌ نه‌یشوشتبێته‌وه‌ !!