ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیوێکى تر لێرەوە 

نووسینى: شێخ سدیق

بارام لەزانکۆى (هارمیلان) وانەى مۆسیقاى سروشتى دەگوتەوە، کۆرسى وانەکانى لەسەر میژووى ئاواز و پەیدابوونى دەنگە مۆسیقییەکان بوو، کاتێک کۆرسى وانەکانى دەستی پێدەکرد، قوتابییەکان بە تاسووقەوە گوێیان بۆ هەڵدەخست.

لەناو هۆڵى وانەگوتنەوە گوتى: بەر لە پەیدابوونى مرۆڤ زەوى دروست بووە، دواتر پاش پێنج ملیۆن ساڵ ژیان پەیدا بوو، لەگەڵ پەیدابوونى سروشتدا ئاواز و ڕیتم و نۆتەى مۆسیقا سەریان هەڵدا.

تۆ لە سروشت بڕوانە دەنگى نمەى باران، دەنگى ڕەشەبا، دەنگى هاژەى ڕووبار، دەنگى شەپۆڵى دەریا، دەنگى باى خێرا، دەنگى شکانەوەى درەخت، دەنگى کڵپەى ئاگر، دەنگى داڕمانى کەند و خزانى تاشەبەرد، دەنگى هەڵوەرینى گەڵاى پایز.

قوتابییەک گوتى: مامۆستا ئایا ئەم مێژووە سەرچاوەکانى پشت بە چى دەبەستێ؟

مامۆستا گوتى: ململانێى عەقڵ بۆ عەقڵانى و ناعەقڵانى ئەمەیە مرۆڤ عەقڵى بەکاردەهێنێ بۆ ناسینەوەى ڕابردوو، ئێستا و داهاتووش. لە کوێى عەقڵدا جێگەى ئەوە دەبێتەوە بڵێین مرۆڤ بەر لە سروشت پەیدا بووە... کەواتە ئەوە عەقڵە زۆرجار دەتوانێ مێژوومان بۆ یەکلایى بکاتەوە ...

بەردەوام بوو لە سەر وانەکەى و گوتى: قۆناغى دووەمى دەنگى مۆسیقاى سروشت لە جوڵانەوەى خشۆکەکانەوە دەست پێ دەکات.!..

کاتێک بە ناو زەوى دا خۆیان بە کێش دەکرد، دەنگى خشە و لەرینەوەى گژوگیا، بازدانى بزن مژۆکەکان، دەنگى بۆقەکان، شڵپەى شەپۆڵى نەهەنگى دەریاکان، خشە و مار، هات و هاوارى مەیموونى شەمپازیا، ئیدى لێرەوە، گەشەى مرۆڤ پەیدا دەبێت و گۆڕانى گەورە لە سروشتدا پەیدا دەبێت، مرۆڤ دەبێتە داهێنەرى پێداویستییەکانى ژیانى مرۆڤ .

× × ×

بەردەوام سەرقاڵى زانیارى نوێ بوو، دەڕۆیشتە دەرەوەى شار، بۆ دەشتایى و دۆڵ گوێى لە ڕووبار و چەمەکان و خوڕەى ئاو ڕادەگرت. دەنگى سیسرک و بۆقەکانى پێکەوە سەرنج دەدا، لە کاتى شەوانى مانگە شەودا، گوێى بۆ دەنگى ئەستیرەى پرشنگدار ڕادەخست .

لە ئێوارانى بەهاردا لە خوڕەى ئاوى قەڵبەز ڕادەما، نمەى بارانى پایز، ڕەشەباى زستان ئاوازێکى ترسناک. سەرسام بە دەنگى ڕژانى بارانى ناو قوڵگەى سەر تاشە بەردەکان. دەنگى بارانى بەخوڕ، ئاوازێکى نەبیستراو بوون. 

بەیانییەک لەگەڵ دەرکەوتنى تیشکى هەتاودا لە لوتکەى بڵندى چیاکان، لە لێوارى ڕووبارێکى بێدەنگ، دارکونکەرەیەک پیرەدارێکى سورە چناری هەڵدەکۆڵى، دەنگى هەڵکۆڵینى بە دەنووکە تیژ و درێژەکانى لە ڕیتمى گۆرانییەکى میللى دەکرد.

لە وانەى ڕۆژى چوارشەممەى زانکۆ باشترین وانەى لەسەر دەنگى مۆسیقاى دارکونکەرە پێشکەش کرد....

گوتى: باڵدارێک کێشى 100 گرامە، دوو باڵ نەخشین، دوو قاچى ڕەنگاوڕەنگ، لە ڕاستییدا ئەم باڵدارە تەنیا ئاوازژەن نییە، نەقاشێکى کارامە و کارسازە لە ناو قەدى دارە گەورەکان بە وێنەى نەقاش سازێک ماڵۆچکە بۆ خۆى دروست دەکات... لەگەڵ کارى هەڵکۆڵینى دارەکەدا نەغمەى ئاوازێکى ڕەنگین دەبەخشێ .!

سمۆرە لە ڕەگەزى کەروێشک و پشیلەیە، کاتى شکاندنى گوێزەکان، ڕیتمى ئاوازێک بە سروشت دەبەخشێت، سەیرى زەریا بکەن شەپۆڵەکانى چۆن هەڵدەچن دەبنە ئاوازێکى ترسناک.

× × ×

کێڵگە و مەزراکان یاساخ، کەس نەیدەوێرا بچێتە ئەودیوى تەلبەندەکانەوە، سنورەکان مینڕێژکراو بە لوغمى جۆراوجۆر ....

دەنگى تەقینەوەى مینێک بە ئاسکە کێوییەکاندا یان بە کەروێشکێکدا، لە لێوارى کانیاوەکان و لاپاڵ و دەشتاییەکاندا دڵى ڕادەچڵەکاند. پێچکە و پارچەى لوغمەکان دەرتۆقى بوون، بەردەوام لە دۆڵ و هەردە و لێوارى چەمەکان، سەرکانى و ئاوەکان لرمەى تەقینەوەى بۆمبێک بە ئاژەڵێکدا دەهاتنە گوێ...

× × ×

لە بڕینى تەلى ناوچە یاساغەکان شارەزایى پەیداکردبوو، ئەو بەبێ سروشت نەیدەتوانى درێژە بە ژیان بدات، سەوداسەرى زانیارى و ئاواز بوو، گیاندارە کێوییەکان بووبوون بە هاوەڵى، هەریەکەیان بە جۆرێک خۆشەویستیان بۆ بارام دەردەبڕى، هەر کاتێک دەچووە ئەودیوى سنورە یاساغەکان دوو مانگى پێدەچوو ئەوجا دەگەڕایەوە، هەر جارەو کۆمەڵە زانیارییەکى نوێى کۆدەکردەوە، لە وانەکانى زانکۆیدا پێشکەشى دەکرد. بۆیە بڕیارى دا داوا لە سەرۆکایەتى زانکۆ بکات، لە ئەکادیماى هونەرە جوانەکان بەشی مۆسیقاى سروشت بکرێتەوە، لەگەڵ مۆزەخانەیەک بۆ کۆکردنەوەى دەنگ و ئاوازى سروشت. داواکەى پێشکەش کرد، سەرۆکى زانکۆ کاتژمێرێک پێکەنى بوو!.

× × ×

بۆ گوێگرتن لە ئاوازى ڕەشەبا، بەرەو لوتکەى چیا بڵندەکان هەڵدەزنا، شەو و ڕۆژ سەرما هەڵیدەلەرزان، بە درێژایى شەو نەدەنووست، چونکە بڕواى وابوو ئەگەر ئاوازى سروشت نەبووایە مرۆڤ نەیدەتوانى ژیان بکات، تەمەنى لە 20 ساڵ تێنەدەپەڕى...

بەردەوام بە قوتابییەکانى دەگوت: سەرچاوەى گەشەى بیرى مرۆڤ و گواستنەوەى ڕۆحى مرۆڤەکان بۆ فەنتازیاى مەرگ، مۆسیقاى سروشت دەور دەگێڕن.

یان دەیگوت: دەنگى فڕین سەفەرێکى نادیارە، ئاوازێکى غەمگینى باڵدارەکانە، چیرۆکى فڕینەکان هەزار شەوە و هەزار ڕۆژەى بەر بارانى ڕەهێڵە سەختەکانیان خسۆتە ژێر باڵەکانیان، هەر سەفەرێک لە فڕینى باڵدارەکان پڕە لە نۆتە و ئاوازى سروشت. فڕینى لەقلەق ئاوازێکى کۆچەرییە، سەفەرى قازوقوڵینگ و ئاوازێکى بەهارانەیە.