ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ناساندن و خوێندنەوە، هەڵوێست عبداللە كەریم

بەشی دووەم

كەسایەتی گوینەی:

لە سەرەتاكانی تەمەنیدا حەمیدی باوك بە گوینەی ئەڵێت: "تۆ لە ڕەگی خۆت هەڵكەندراویت"، ئەتوانین لە دوو گۆشەی جیاوازەوە سەیری ئەم قسەیەی باوكی گوینەی بكەین، یەكەمیان ئەوەیە كە كوردبونی ئەو هۆكارە بۆ ئاوارەیی، دابەشبونی خاك و پەرتەوازەیی. لەهەمان كاتدا گۆشە نیگایەكی دیكەیە كە كە گوینەی خۆی خوڵقێنەری خۆیەتی. لەبەرامبەردا كاردۆزی ئەم قسەیە وەك پێناسەیەك بۆ كارەكتەری فیلمەكانی گوینەی وەسف ئەكات كە بە گشتی ئەو كەسانەن كە لە زیدی خۆیان هەڵئەكەنرێن و دواجاریش هەر بە دوای دۆزینەوەی ئەو رەگەوەن و ئەیانەوێت ئارامی و خۆشەویستی بدۆزنەوە كە بۆ كەسایەتییەكی چەپی شۆرشگێڕ، زۆر زەحمەتە. بەڵام پێچەوانەی رەگەكەی گوینەی لەسەرەتای تەمەنی گەنجێتیدا دەست ئەكات بە قوماركردن و چەندین جار پارەی زۆر ئەدۆرێنیت و بەهۆی ئەو دۆرانانەوە لە تورەییدا شەرەچەقۆ ئەكات، یان تەقە بەسەر قومارخانە و گازینۆكاندا ئەكات. گوینەی سەركێشییەكی سەیری هەبووە لە لێخورینی ئوتومبێل تەنانەت زۆربەی هاورێكانی ناوێرن لەگەڵی سەربكەون، هەربۆیە بۆ ماوەی چەندان ساڵ سەركێشییەكانی گوینەی ئەبێتە سەردێر و مانشێتی میدیاكانی توركیا. گوینەی سەرەتا وەك كوڕە جوتیارێكی هەژار ئەرواتە ئەدەنە و ئەستەنبۆل، دواتر دەبێتە دەرهێنەر و لەڕێی داهاتی فیلمەكانیەوە دەوڵەمەند ئەبێت و ژیانیكی بۆرژواییانە ئەژی . تەنانەت ئەگاتە قۆناغێك كە كەسایەتی خۆی كە كەسایەتیەكی چەپە لەگەڵ كارەكتەرە توندوتیژەكانی ناو فیلمەكەی تێكەڵ ئەبن. بەڵام دواتر لە زینداندا جارێكی دیكە خۆی دروست ئەكاتەوە و سینەماكەی ئەبێتە سینەمایەكی شۆرشگیرانە و بەتەواوەتی فكری چەپ لە ژیانی تایبەتی و سینەماكەشیدا رەنگدانەوەی دیار و كاریگەری ئەبێت.

خوێندن و كتێب لە ژیانی گوینەیدا

گوینەی لەگەڵ كاركردنی لە كێڵگەكاندا ئەبێتە قوتابی و تا پۆلی سێی سەرەتای لە قوتابخانەیەكی گوندەكەی خۆیان ئەخوێنێت. ئەو خوێندكارێكی چالاك و زیرەك ئەبێت. حەمیدی باوك هەمیشە هانی كورەكەی ئەدات كە قۆناخەكانی خوێندن تەواو بكات تا وەك باوكی جوتیار و خزمەتكاری ئاغاكان نەبێت. دوای ئەوەی كە لەگەڵ دایك و خوشكەكەی لە ئەدەنە جێگیر ئەبن، لەپاڵ خوێندنەكەیدا دەست ئەكات بە كاركردن وەك بۆیاغچی، فرۆشتنی شیرینی لەسەر شەقامەكان، دەستگێڕی، شاگردی، كرێكاری و جوتیاری لە كێڵگە پەمووەكانی دەرەوەی شاردا. لەگەڵ ئەوەشدا گوینەی هەفتانە بەبەردەوامی سەردانی سینەما ئەكات و بەگشتی ئارەزوی فیلمەكانی كاوبۆیی و ویسترنی ئەمریكی، چەتەیی و جەنگ و توندوتیژ ئەكات. لەبەر ئەوەی بەردەوام سەردانی سینەماكان ئەكات لەوی كارمەندانەكان ئەناسێت و بەو هۆیەوە كاری دەست ئەكەوێت و لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا گوینەی وەك پرۆجەكشنسیتێك دەبیتە بەرپرسی بەشی كۆنترۆل و نمایشكردنی فیلم. لەگەڵ كارەكەیدا بەردەوام ئەبێت لە خوێندن و لەهەمان كاتدا هەمیشە خوێنەرێكی باش بووە و كتێبخانەیەكی بچوكی لە ماڵەوە بۆ خۆی دروست كردووە. لەرێگەی هۆنراوە شۆڕشگێڕییەكانی نازم حیكمەت بە ئەدەبیاتی چەپ و شۆڕشگێڕیی ئاشنا ئەبێت. بەجۆرێك عاشقی كتێب ئەبێت كە دوای كوژانەی چرای ژورەكەیان لەبەردەم ڕوناكی گلۆپی كۆڵانەكەیاندا یان لە ژێر روناكی تیشكی مانگە شەودا لە خوێندنەوە و نوسین، بەردەوام ئەبێت. (بەهۆی بی پارەییەوە نەیانتوانیووە كارەبا ڕابكێشن). گوینەی بەهۆی خوێندنەوەوە ئەبێتە نوسەرێكی زۆر باش و سیناریۆی هەموو فیلمەكانی خۆی و دەیان سیناریۆی دەرهینەرانی دیكەش ئەنوسێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین كورتە چیرۆك و رۆمان ئەنوسێت. تەنانەت گوینەی ئەو خەونەی هەبووە كە ببێت بە چیرۆك نوس و ئەو چیرۆكانەی ئەینوسێت دەربارەی ژیانی منداڵی خۆی، ژیانی خێزانەكەی و نەهامەتی ژیانی جوتیاران و گوندنشینان و جیاوازی چینایەتی، كۆچی جوتیاران بۆ شارەكان و ئەو كارەسات و نەهامەتییانەی كە توشیان ئەبێت لە شارەكاندا. گوینەی لەو چیرۆكانەیدا كۆمەلێك كەسایەتی دروست ئەكات كە ئەبێتە سەرچاوەی كارەكتەری نێو فیلمەكانی لە داهاتودا. دوای ئەوەی كە خویندنی ناوەندی لە ئەدەنە تەواو ئەكات لەساڵی ١٩٥٦ ئەچێتە ئەنكەرە بۆ خویندنی یاسا. ئەو چەندین هۆكاری هەیە لە هەڵبژاردنی كۆلیژی یاسا لەوانەش شارەزا بوون لەو یاسایانەی كە وڵاتی توركیا بەرێوە ئەبەن بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری تەنیا دومانگ ئەخایەنێت. بۆ جاری دووەم لەساڵی ١٩٥٧ ئەرواتە ئەستەنبۆڵ و لە كۆلیژی ئابوری زانكۆی ئەستەنبۆڵ دەست بە خوێندن ئەكات ئەمجارەش لە هەڵبژاردنی كۆلیژی ئابوریدا چەند ئامانجێكی هەیە. بەوهۆیەی كە گوینەی لاوێكی چەپ ئەبێت و ئەیەوێت زانیاری زیاتر لەسەر ئابوری توركیا هەبێت كە لەژیر سیستەمی سەرمایەداریدایە. بەڵام ئەمجارەش خوێندنەكەی چەند مانگێك ئەخایەنێت و دەست ئەكاتەوە بەكاركردن كە نیوەی پارەكەی مانگانە بۆ دایك و خوشكەكەی ئەنێرێت. بەهۆی بارودۆخی ئابوری و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی ئەوان دوجار گوینەی وازی لە خویندنی ئەكادیمی هێنا بەڵام لە بەرامبەردا لە بواری نوسیندا سەركەوتنی گەورەی بەدەست هینا.

یەكەم چیرۆك و خەیاڵی فراوانی گوینەی

ئەو كاتەی گوینەی تەمەنی چواردەساڵە یەكەم چیرۆكی خۆی ئەنوسێت، چیرۆكەكەی باس لە جوتیارێك ئەكات كە هاوژینەكەی نەخۆشە و پارەی نییە بیبات بۆ لای پزیشك. هەربۆیە بڕیار ئەیات كە بروات بۆ شار و هاوسەرەكەی ببات بۆ لای پزیشك و لە بێ پارەییدا كەڵەشێرێك لەگەڵ خۆی ئەبات. كە ئەچیتە بەردەم پزیشكەكە پێی ئەڵێت هێندەی نرخی ئەم كەڵەشێرە پشكنین بۆ هاوژینەكەم بكە. لە بەرامبەردا پزیشكەكە هەموویان ئەكاتە دەرەوە. لێرەدا گوینەی پێشبینی و بێ هیوای خۆی لە كۆمەڵگەی توركیا نیشان ئەدات و كارەكتەری ئەم چیرۆكە وەك كەسێكی شكستخواردو لەهەمان كاتدا سیستەمێكی دڵ رەق بەرامبەر بە مرۆڤەكان، نیشان ئەیات. لە تەمەنی هەژدەساڵی و لە ناوەراستی پەنجاكاندا گوینەی وەك چیرۆكنوسێكی ریالیزمی ناوبانگ دەرئەكات و چیرۆكەكانی هۆكار ئەبن كە لە سالی ١٩٥٦ دا بۆ یەكەم جار لەگەڵ دەسەڵاتدا بكەوێتە كێشەوە و لەلایەن دادگاوە تۆمەتی پروپاگەندەی بۆ كۆمۆنیزمی دەخرێتە پاڵ و گوایە گوینەی ئەیەوێت لە داهاتودا شۆڕشێكی كۆمۆنیستی هەڵبگیرسێنێت. خۆشبەختانە ئەمجارە لەرێگەی هاورییەكی گوینەی كە لە دەسەڵاتەوە نزیك ئەبێت بۆ ماوەیەك گوینەی ئەپارێزێت و ناخریتە زیندانەوە بەڵام بەهەمان تۆمەت لەساڵی ١٩٦١ دا گوینەی بۆیەكەم جار ئەخرێتە زیندان.

ڕۆڵی ژن لە فیلمەكانی گوینەیدا

گرفتی ناسنامەی باوكی گوینەی كەكوردێكی هەژار بووە و ژیانێكی زەحمەت ژیاوە كاریگەری خراپی لەسەر دائەنێت و بەردەوام رق و تورەی خۆی بەسەر ژنەكەیدا دائەباریت. بەجۆرێك كە چەندین شەو لە ماڵەوە دەری ئەكات یان دایكی گوینەی لە ماَل هەڵدێت و هەندی جار شەو تا بەیانی لەگەڵ گوینەیدا لە ژیر درەختێكدا ئەخەون. كار ئەگاتە سەر ئەوەی كە گوینەی و دایكی و خوشكەكەی ماڵ بەجێ بهێڵن و هەندێ جار بیست كیلۆمەتر بەپێ ئەرۆن بۆ ماڵی خزمانی دایكیان لە ئەدەنە. بەدریژای ریگەكەیان دایكی گوینەی بەدەم گریانەوە گۆرانی ئەچرێت و ئەلاوێتەوە بۆ ئەو ژیانە پرحەسرەتەی كە هەیەتی. ئەم دیمەنەی دایكی بۆ هەمیشە لە رۆحی گوینەیدا جێگیر ئەبێت و لە زۆربەی فیملەكانیدا ژن وەك كارەكتەری چەوساوە، بێ ماف و قوربانی بەرجەستە ئەكات. بەو هۆكارەی كاتێك كە گوینەی تەمەنی ٩ ساڵە و باوكی گوینەی ژنی دووەم ئەهێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا توندوتیژتر ئەبێت. دواتر خوشكەكەی گوینەی كە تەمەنی ئەگاتە ٨ ساڵان باوكی بریار ئەدات بیدات بە شو بە مەلای گوندەكەیان كە تەمەنی چل و هەشت ساڵە. گوینەی و دایكی بەم بریارە رازی نابن و هەربۆیە گوینەی لەگەڵ خوشكەكەی و دایكیدا ئەرۆن بۆ ماڵی خاڵەكانی لە ئەدەنە و بریار ئەیەن هەر لەوێ بمێننەوە. ئەتوانم بڵێم ئەمە یەكەم هەڵوێستی مرۆڤانەی گوینەیە بەرامبەر بە ژن كاتێك لەبەرامبەر داب و نەریت و بڕیاری باوكیدا ئەوەستێت و لەگەڵ دایك و خوشكەكەیدا ڕائەكەن و ئەركی سەرپەرشتیكردنی ئەوان ئەگرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەشدا كە گوینەی پەیوەندی لەگەڵ باوكیدا هەمیشە هەبووە و تا كۆتای تەمەنی باوكی، پەیوەندی لەگەڵدا باش بووە. لە فیلمەكانی گوینەیدا ژن هەمیشە ئامادەیی هەبووە و گوینەی ڕۆڵی ژنی لەپینج فۆرمی جیوازدا نمایش كردووە. 

لە فۆرمی یەكەمدا، ژیانی ژنی چینی هەژار نیشان ئەدات كە هەمیشە ئەچەوسێنرێنەوە لە بەرئەوەی كوردن و نەخوێندەوارن، لە گوندەكاندا لە ژێر هەژمونی توندرەوی ئاینی و پیاوسالاریدان، كۆیلەی دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتن لە شاریشدا لە ژیر سیستەمی سەرمایەداریدا ئەچەوسێنرێتەوە. لە نمونەی ئەم ژنانە كارەكتەری بیریڤانە لە فیلمی مێگەل و كارەكتەری زینی لە فیلمی ریگە. فۆرمێكی دووەمدا، ژنانی چینی ناوەراستن كە هەندی جار وەك ژنانی سەربەخۆ دەرئەكەون و بە توانای خۆیان پیگەیەكیان لە كۆمەلگەدا بۆ خۆیان دروست كردووە. لە نمونەی ئەو ژنانە كە خواستی شۆرشگێری و خزمەتكردنی كۆمەڵگەیان هەیە و بێ باكانە بۆ برواكانیان ئەجەنگن لە كارەكتەری پزیشكێكی ژن لە فیلمی لاواندنەوەدا بەرجەستە ئەبێت. لە فۆرمی سیێەمدا رۆلێكی دیكەی ژن بەرجەستەیە كە پێچەوانەی ئەو رۆڵە كۆمەڵایەتیەیە كە لە كۆمەلگەی توركیا بۆ ژن دروست كراوە. ژنانێك كە بەهێز و توندوتیژن و توانای وەرگرتنەوەی مافی خۆیان و كەسانی دیكەشیان هەیە وەك رۆڵی ئالیك لە فیلمی ئەسپ و ئافرەت و چەك كە لە سالی 1966 بەرهەم هێنراوە. فۆرمی جوارەم ژنانی چینی بۆرژوان كە لەژێر كاریگەری سەرمایەداریدان و خولیایان تەنیا گەیشتنە بە ئامانجی مەتریالی و خۆیان ون كردووە و پیاوانیش وەك سەرچاوەیەكی چێژ مامەڵەیان لەگەڵ ئەكەن. نمونەی كارەكتەری ئەم ژنە لە كەسایەتی نەجیبەی فیلمی هاورێدا ئەبینرێت. پێنجەم فۆرم ئەو ژنانەن كە پیاوان وەك مەتریالێك مامەڵەیان لەگەڵ ئەكەن و هیچ بەهایەكیان بۆ دانانێن. ئەم ژنانە لە فیلمی چەتەیی شارەكاندا و لە زۆربەی كاتدا ئەو ژنانەن كە رۆڵی سۆزانی ئەبینن و بەهۆی هەژارییەوە ناچاركراون ئەم پیشەیە هەڵبژێرن. 

ماویەتی