ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆڕانكاری تەواوی كایەكانی ژیانی گرتۆتەوە، هەڵبەتە سەرجەم بوارەكانی هونەریش بەبێ‌ خواستی خۆی كاریگەری تەكنەلۆژیای پێوە دیارە، واتە بەریەككەوتنێك لەم نێوەندەدا بەدی دەكرێ‌ كە جێگەی باسكردنە، بەڵام هێشتا فڵچە توانای خۆی لەدەست نەداوە لە بواری شێوەكاریدا هونەرمەندان هەر لە داهێنانەكانیان نەوەستاون و بەردەوام پیشانگای سەرنج راكێش نمایش دەكرێ‌ كە جێگەی دڵخۆشین(رێگای كوردستان) ئەم جارەیان فەرمان فاتحی بەسەركردەوە:

دیمانە: هێرش مەغدید

-لە نێوان قوتابخانە هونەرییەكان، قوتابخانەی تجرید و نزیك لەو قوتابخانە هونەرییەت هەڵبژارد بۆچی؟

+سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێكەوتنە، من كاتێ‌ كاری هونەری دەكەم خۆم نابەستمەوە بە هیج قوتابخانەیەكی هونەری بەڵام دەكرێت سوودیان لێ‌ وەرگرم، پێم وابێ‌ كاری هونەری لە ئێستادا ئازادییەكی رەها بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم سەردەمە بۆ هونەری شێوەكاری سەردەمی تێكشكاندی بەربەستەكانە لەم سەردەمە هونەری شێوەكاری لە قاڵبی فریم و فڵچەو هەتا رەنگیش دەرباز بووە خۆی لە شێوازەكانی پێرفۆرمانس و پۆست مودرێن و شێوازكانی تر دەبینیتەوە، هونەر ئێستا لەوە دەرچووە دەستی لێ بدەیت هونەر بەرەو ئەوە ئەچێت بۆ ساتێك دەیبینرێ‌ وئەڕوا . من خۆم تا ئێستا لە گەڕاندام بۆ دۆزینەوە شێوازێكی هونەری تایبەت تا كاری لە سەر بكەم ئەمە وای كردووە تابلۆكانم هەر جارەو بە شێوەیەك دەركەون ناچارم لە كاتی كاركردن هانا بۆ حەزەكانی خۆم بەرم، لەو كاتەیە بەچی شێوازێك یان بەچی شێوەیەك كاری تێدا بكەم بۆیە زۆرجار كارەكان لە شێوازی تەجریدەوە نزیكن لە هەمانكاتدا تێكەڵییەك هەیە لەگەڵا شێوازەكانی تر هونەری.

-هەندێك پێیان وایە هەڵبژاردنی قوتابخانەیەكی تری هونەری لە بەرامبەر قوتابخانە ریالیزمەكان، هەڵاتنە لە واقیع، یان بە دیوێكی تر نەبوونی سەلیقەی هونەرمەندە تۆ چی دەڵێی لەو بارەیەوە؟

+ئەو بابەتە دوو لایەنە لایەنی یەكەم خودی شێوازی تەجرید تایبەتمەندییەكی رەهای تیدایە چونكە ئیشكردن لە قوتابخانەی تەجرید پەیوەستە بە كۆمەڵێ‌ تەكنیك و هێل‌و رەنگدا ئەمە بێجگە لە رێچەكەی بیرۆكەكە پەیوەستە بە فەلسەفەوە خودی تەجرید داماڵینە لە هەموو بەها رەهاكان .لایەنی دووم لای هونەرمەندی ئێمە بووەتە شێوازیك لە هەڵهاتن لە ریالزمیدا من باسی هونەرمەندان بەگشتی ناكەم بەڵكو بەشێك لە و هونەرمەندانەی كە لە بواری شێوەكاریدا كاری هونەری دەكەن وخۆ رسكن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كەم ئەزموونی هونەرمەندەكە لە شێوازی بەكارهێنانی تەنكیكی و ئەستاتیكای هونەرو فەلسەفەی رەنگدا .

-دەكرێت باسی شێوازی كاركردنی خۆتمان پێ‌ بڵێیت، بۆ نموونە بە چ رەنگێك كاردەكەیت‌و وە بە قەبارەی چەند‌و وە چ كاتێك بۆ تۆ گونجاوە بۆ دروستكردنی تابلۆ؟

+شێوازی كاركردنی من شێوازێكی هەمە چەشنە وەك باسمكرد چونكە تا ئێستا خۆم یەكلا نەكردووەتەوە كارەكانیشم پەیوەستە بە حەزەكانمەوە هەندێ‌ جار حەز بە یاری كردن بە رەنگ دەكەم هەندی جار نا حەزم لە كێشانی تابلۆی ریالیزمیە بە شێوازی ئەكادیمی هەندی جاریش بیرۆكەیەكم لە مێشكدایە حەزم لێیە بە شیوازی تعبیری تەجریدی كاری تێدا بكەم، لە رووی رەنگیشەوە هەموو رەنگەكان بەكار دێنم بە پێی خواستی ناوەڕۆكی تابلۆكە، بەڵام وەك حەز حەزم لە بەكارهێنانی رەنگە ساردەكان زیاترە وەك لە گەرمەكان، لە رووی قەبارەشەوە هەموویم بەكار هێناوە، بەڵام زیاتر حەز بە قەبارەی گەورە دەكەم تا بچووك كاتی گونجاویش بۆ كاركردنم شەوانە .

فەرمان فاتح شكور ،لە دایك بووی1978 كەركوك، بروانامە : دبلوم هونەر/ دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر / بەشی شێوەكاری / لقی وێنەكێشان،بكالوریۆس لە راگەیاندن / بەشی راگەیاندن / زانكۆی حورە لە هوڵەندا، بكالوریوس هونەر /كۆلێژی هونەرە جوانەكانی بەغدا، لە ئێستا مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك لە بەشی شێوەكاری ...

یەك پیشانگای تایبەتی هەیە لە ساڵی 2009 هوتێلی شیراتۆن لە هەولێر 

بەشداری 18 پیشانگای هاوبەشی كردووە لە نێوان ساڵانی 1997 تا ساڵی 2018 

بەشداری پیشانگایەكی هاوبەشی كردووە لە وڵاتی هۆڵەندا لە سالی 2011 

بەشداری كردووە لە سێ‌ سمپۆزیومی هونەری شێوەكاری لە كەركوك لەگەڵ هونەرمەندانی هەموو پێكهاتەكان