ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەدیق سەعید ڕواندزی

 ڕەنگدانەوەی گیانەوەرەكان وەك كارەكتەری ڕووداوێك لە دوو توێی دەقی ڕۆمان و چیڕۆكدا،بابەتێكی دیارە. ڕەنگە لەم ڕووەوە مەزرای ئاژەڵەكان، دیارترین ڕۆمانی جیهانی بێت، كە مانایەكی قووڵی فیكریانەی هەیە و لەسەردەم و ژیانی گیانەوەرەكانەوە ڕەخنە لە دنیای شۆڕش دەگرێت. ڕۆمانی (بیرەوەرییەكانی كەرێك) هەمان ئەو ڕۆمانەیە كە گوێدرێژێك بووەتە كارەكتەری سەرەكی ڕووداوەكان. خوێنەر كاتێ ناونیشانی ڕۆمانەكە دەبینێت، ئەو پرسیارەی لادروست دەبێت، كە دەبێت بیرەوەرییەكانی كەرێك چی بێت؟ مرۆڤ لە خوێنەوەیدا بەر چ مانایەك دەكەوێت؟ وەلێ كاتە ڕۆمانەكە دەخوێنێتەوە، بەر ڕەهەندێكی گەورەی مرۆیی و ئاكاری و كۆمەڵایەتی دەكەوێت كە لە زۆرجێگەی ڕۆمانەكەدا مرۆڤەكان تەریق دەكاتەوە. ئەویش لە ڕێگەی ڕەخنەكردن و نیشاندانی هەموو ئەو خەسڵەتە ناشرینانەی ئێمەی مرۆڤ هەمانە، لە كاتێكدا بوونەوەرێكی بیركەرەوەو ئەقڵانین و كەریش هێمای گەمژەیی و بێ ئە قڵییە.ئەم ڕۆمانە باسی كەرێك دەكات، كە زمانی دەبێت و دەكەوێتەگێڕانەوەی سەرگوزشتەی ژیانی تایبەتی خۆی. لە میانەی ئەوگێڕانەوەیەدا، باسی پەیوەندی نامرۆییانەی بەشێك لە مرۆڤەكان لە گەڵ گیانەوەران دەكات و هەموو ئەو ئازارو ماندووبوونانەی بەدەست خاوەناكانییەوە بینیویەتی، باسیان دەكات. مرۆڤ ئەگەرچی گیانەوەر وەك ئامرازێكی سوود وەرگرتن و خزمەتكردن بەكاردێنێت، بەڵام هەر تەنها بەرژەوەندی و كاری تایبەتی خۆیان بەلاوە گرنگە. ئەوان گوێ بەوە نادەن كە گیانەوەرانیش ئەگەرچی ئەقڵ و زمانیان نییە، بەڵام ئازاردەچێژن و وەك مرۆڤ هەست بە ماندووەتی دەكەن. بەڵام بە شێكی زۆری مرۆڤەكان، ئەو هەستەیان نییە و تەنهاوەك ئامرازێك كەردەبینن. بۆنموونە: هەر كاتێك هەستیان كرد ئەم گوێدرێژە توانای كاری نەمایە، ئیدی دەستبەرداری دەبن و بەڕەڵای دەكەن و دواجاریش دەبێتە خۆراكی گورگان. كەرەكە لە میانەی ئەو پەیوەندییەی خۆی لە گەڵ مرۆڤەكاندا، هەموو ئەو دیاردە و هەڵسوكەوت و ڕەفتارانەی مرۆڤ باس دەكات كەلە ژیانی خۆیدا بینیویەتی.ئەم چەوسانەوەیش وایلێدەكات بۆ چەندین جار خاوەنەكەی جێبێڵێت و لەدەشت و هەردا بژیت. كەرەكە لە شوێنێكدا دەڵێت:_(لە دەشتێك و لە نێو گیای بەرزو سەوزدا دەژیام، گەرچی سەرمام دەبوو، خواردنم كەمبوو، بەڵام زۆر بەختەوەربووم، چونكە بە ئازادی دەژیام و موڵكی كەس نەبووم). لێرەدا، گوێدرێژەكە، لە سەر دەمی خۆی ئاماژە بۆ ژیانی ژێردەستەیی و چەوسانەوە دەكات. مرۆڤەكان با هەموو شتێكیشیان هەبێت لە ژیاندا، بەڵام كە ئازاد و سەربەست نەبوون، ژیان هیچ مانایەكی نییە، گەورەیی و پیرۆزی ژیان لەوەدایە مرۆڤ ئازاد بێت. بەدرێژایی ئەو ڕۆمانە، خوێنەر لە چەند شوێنی ڕۆمانەكەدا، بەر دەربڕینی پڕمانا دەكەوێت، كە تیایدا ڕەخنە لە ژیانی مرۆڤ دەگرێت و ئەو خەسڵەتە ناشرینانە باس دەكات كە مرۆڤەكان هەیانە. ئەو ڕۆمانە لە پەراوێزی گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی گوێدرێژێك،ژیانی مرۆڤەكان باس دەكات، دیوە شاراوەكانی ئەو بوونەوەرە دەردەخات كە ناوی مرۆڤە و لە یەك كاتدا دەتوانێت بەجۆرەها شێوە خۆی نماییش بكات و هەمووان فریوبدات.مرۆڤ لە وەتەی پێی ناوەتە ژیانەوە، ئیدی هەرچی ناشرینی و نەهامەتی و شەڕو ئاشووب هەیە، لە سایەی ئەوەوە ڕوودەدات. هەربۆیە كەرەكە بەشێك لەو خەسڵەتانەی مرۆڤ پیشاندەدات كەوەك سیمای كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لە كەسیەتیاندا هەیە.مرۆڤ كەبوونەوەرێكی ئەقڵانیشە و بیردەكاتەوە، كەچی ئەو هەموو خەوشەی هەیە.كەرەكە لە شوێنێكدا ڕوو لە مرۆڤ دەكات و دەڵێت:_(ئێوە بە ڕۆژعیبادەت دەكەن، سڵاو لە یەكتری دەكەن، بەڕوو یەكتریتان خۆشدەوێت، بەڵام پاشەملە باسی یەكتری دەكەن).ئەمە خەسڵەتی بە شێكی زۆری مرۆڤەكانە. كاتێ یە كتری دەبینن، مەرایی بۆیەكتری دەكەن و سازشی یەكتردەكەن، وەلێ هەمان ئەو كەسانە پاشە ملە باسی یەكتری دەكەن. هەموو سەردەمێك و لە ئێستاشدا، مرۆڤی لەو شێوەیە بوونی هەیە. لەكاتێكدا، گوێدرێژەكان ئەگەریەكتریشیان خۆش نەوێت، بەڵام باسی یەكتری ناكەن.ئەمە لەكاتێكدا مرۆڤ بوونەوەرێكی ئاقڵمەندە و بیردەكاتەوە.بێگومان لە دووتوێی باسەكانی ئەو ڕۆمانەدا، ڕەهەندێكی كۆمەڵایەتی و ئاكاری هەیە، كە پەیوەستە بە ژیانی ئێمەی مرۆڤ. لەڕۆمانەكەدا، ئەوەندەی مرۆڤ دەخرێتە ژێر بەرپرسیاریەتی و پرسیارەوە، ئەوەندە گوێدرێژەكە بیرەوەرییەكانی خۆی باس ناكات. لە ڕاستیدا، ئەو گێڕانەوەكانی خۆی دەكاتە بیانووێك بۆ ئەوەی ڕەخنە لە مرۆڤ بگرێت و شەرمەزاری بكات. بەهۆی ئەو هەموو كارو كردەوانەی ڕۆژانە ئەنجامیان دەدات، گوێدرێژەكە باسی پەیوەندی خۆی بەكەسەكانەوە دەكات، كەچۆن هیچ هەست و سۆزێكی ئاژەڵ دۆستییان نییە و هیچ جۆرە خۆشەویستی وهەستكردن بە بەرپرسیاریەتیەكییان نییە بەرامبەر بە گیانەوەران. ئەوان وادەزانن كە گیانەوارن چونكە زمانیان نییە و بیر ناكەنەوە،ئیدی بەهەرجۆرێك مامەڵەیان لە گەڵ بكرێت،هەست بە ئازارناكەن. لە كاتێكدا گیانەوەرانیش وەك مرۆڤ، ئازار دەچێژن و غەمگین دەبن.گوێدرێژەكە بە درێژایی گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی خۆی لەو ڕۆمانەدا، باس لە جۆری ئەو پەیوەندییانە و هەموو ئەوئازارو سەختییانە دەكات كە خاوەنەكانی بەرامبەریان كردووە. كە ئەمە دەشێ وەك هێمایەك بۆ نەبوونی گیانی ئاژەڵ دۆستی لەلایەن مرۆڤەوە بەگشتی ببینرێت.بە تایبەتیش بۆ كۆمەلگەی ئێمە كە ڕێزی مرۆڤەكانمان لا نییە چ جای مرۆڤ. لەو ڕۆمانەدا، خوێنەر بەرچەندین دەربڕین و دەستەواژە دەكەوێت، كە ڕەخنەی ژیانی ئێمە دەكەن، گوێدرێژەكە بەشێكی زۆری ئەو خەسڵەتانە باس دەكات كە لە مرۆڤەكاندا هەن و ڕەخنەیان دەكات 

كەرەكە دەچێتە سەر گۆڕستانێك و بەدەم ڕامانەوە دەڵێت:_(ئەمانەش ڕۆژگارێك مرۆڤ بوون و دەژیان و هەڵپەی ژیانیان بوو ئێستا تەنها ئێسك و پروسكیان ماوە). ئەمە وەك ئاماژەیەكە كە مرۆڤەكان بەردەوام هەڵپەی ژیانیانە و لە ڕاكەڕاكردندان، وەك ئەوەی تاهەتایە بژین، كەچی بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن ولە چركەساتێكدا مردن یەخەیان دەگرێت.دواجار دەربڕینێك كەلەو ڕۆمانەدا زۆر سەرنجی ڕاكێشام ئەوەبوو كاتێ گوێدرێژەكە دەڵێت:_(لەم دنیایەدا مرۆڤی بێ خاوەن زۆرە بەڵام كەری بێ خاوەن نییە) لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانە گەرچی ڕۆمانێكی سادە و ساكارە، بەڵام ڕەهەندێكی گەورەی كۆمەڵایەتی و مرۆیی هەیە..

 

*ناوی ڕۆمان(بیرەوەرییەكانی كەرێك)/نووسینی(كنتس دووسگور)/وەرگێرٍِانی (موسا پوور)بڵاوكراوەی كتێبخانەی(هەژار موكریانی 2018).