ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەرەو

گەڵا زەردەكانی عومرت فڕێدە و

قەدەری رێگا سەخت و

پێچاوپێچەكانی شەو هەڵبژێرە

گەر بتەوێ لەمندا هەبیت و

لەتۆدا هەبم

لە ‌نێو شەڕی تۆفان و

بێسەرو بەری باران و

 زیكری ئەوینداران بمێنەوە

گەر بتەوێ لەمندا بتوێیتەوە

ببە رایەخێك لە بەفر

ببە ئاسمانێك لە سپییەتی هەور

تا بارانی غوسلێك

بۆ هەردووكمان بهۆنمەوە

تۆ لەخۆتدا میحرابێك بۆ نوێژی بە یەكگەیشتن چێكە

من ئایەتێك بۆ نەمریی ئەنوسمەوە

گەر بتەوێ منت هەبێ و

بۆ تۆش نەبم

ماڵێك له بەردەكانی بێئۆقرەیی و‌

چاوێك پڕ بێ لە گۆڕستانی بینین

 وەرزێك لە یاخیبوون‌، دروست كە

وەرە ..گەر ئەتەوێ بە دوای یەكتردا رابكەین و

قەت بەیەكتر نەگەین

تۆ بەرگێك لە تیشكی خۆر‌ بچنه و

منیش لە رەنگی تۆ، كراسێك

تۆ چاوێكت بكە بە چاوم

منیش لە هەناسەت، ژیانێك

وەرە ئەی نزیكتر لە خۆم

مەترسە

وەرەو

هەتا ئەگەیتە لام

‌لە هاتنت مەپرسە

وەرەو

لە نزیكبوونتدا بەسەر دووریمدا تێپەڕە

لە تێپەڕینتدا

لەبەر دەمی گەڕانەوەمدا، بوەستە

من پێدەشتێكم لە بەهارترین خەونەكانت

سوتانێكم لە هاوینترین وەرزەكانت

تۆ وەرە و

گەڵا زەردەكانی تەمەنت فڕێدە

لەمندا جارێكی دی

خۆت بڕوێنە

تۆ وەرەو

لەنێو رێژنە بارانی مندا ...!!

كراسی رووتبوون بپۆشەو

لەنێو هەڵوەرینمدا

خۆت هەڵوەرێنە

تۆ وەرەو هەتاكو منیش بڕۆم

                               2013