ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جەند وەرزێک بەر لەم وەرزە

لەژێر سێبەری دار سنۆبەرێکی پەرچەم سەوز

بەهەموو هەستێکەوە بەگوێچکەکانم چرپاندی

خۆشمدەوێی،

ئەوکات من بەخوڕتر لە باران و

زووتر لەکازێوە و

خێراتر لە تریفەی مانگ

خزامە نێو باوەشی عەشقت!

چەند جوان بوو ئەوکات سەمای عەشق

لەگەڵ تۆ.

لە ئاوێنەی نیگاکانتەوە لە ئایندەی خۆم ڕوانی،

لەتروسکەی هیواکان و

لە وەرزەکانی تەمەن و

لە نهێنیەکانی ناخ ورد بومەوە،

زانینم قەدەری عەشقێکە وابەستەی کردووم بەتۆ.

هەر ئەکاتە لەزمانی دەریاو زەریاکان

عالی بووم،

تا بتوانم بەرگەی تەوژمەکانی شەپۆلی عەشقت بگرم،

من دەمزانی حەسانەوە لە سایەی دڵت نەبێت

ئارامی نیە.

بۆیە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆرێ نیگات

سێبەری ئەوینم چنی.

ئیتر تابڵۆی ڕوخساریشت لەگڵێنەمە کاڵ نابێتەوە، 

من ناوی تۆم لە دێر بەدێری

بەهاری شیعرەکانم نووسیوە،

ئەگەر بەهاریش بەسەربچێت

تۆ لەوەرزی تەمەنم کاڵ نابیەوە.

ئاخر عەشقی تۆ پەیامێکە لەسەر پەرتوکی دڵم بەپەنجەی ئەوین واژۆ کراوە،

تا بۆ ئەبەد بمێنێ،

دڵنیابە پەیامی ئەم ئەشقەم داوەتە گشت باڵندە کۆچەریەکانو هەموو شتێکی ئەم سروشتە،

ئەگەر ڕۆژێک پاساریەکان چاو لێکبنێن،

دڵگران مەبە

دەسپێرمە دەستی شنە،

تا هەموو ساتێ بەسەر گوڵزاری یادگاریەکانمان

گوزەر بخا،

ئەگەر شنەش تۆرا دڵگیر مەبە گیانە،

دەیدەمە دەستی باران،

تاڵەگەڵ دابارینی هەر دڵۆپە بارانێک وێنەیەکی سیمای ئەم ئەوینەمان بۆ بنەخشێنێ،

بۆیە هەموو شەوێ خۆمو کۆلێ حەزی ڕەنگاو ڕەنگ،

لەسەربانی دڵت دەخوڵێمەوە،

بانگت دەکەم،

تا بەژنی زرافت لەتارمایی شەوە زەنگ

دەرکەوێ و

دەستم بگری،

تا سەما بۆ عەشقێکی ئەبەدی بکەین،