ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

د.فه‌ره‌یدون عبدالرحیم عبدالله

زانکۆی سەلاحەددین - هەولێر 

 

بەشی سێیەم

مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕوانگەی ڕۆژنامەی ئازادی دا

بەو پێیەی ئەم ڕۆژنامەیە وەک باسکرا زمانحاڵی پارتێکی سیاسی هەڵگری بیروباوه‌ڕی مارکسی لینینی بووە و ڕوونیشە کە ئەو بیروباوەڕە لێکدانەوەی تایبەتی بۆ ڕووداوە مێژووییەکان هەیە، بۆیە ئەم ڕۆژنامەیەش زیاتر لە ڕوانگەی لێکدانەوەی مێژوویی مارکسییانەوە ڕوانیویەتییە ئەم لایه‌نه‌ی مێژووی کورد و لە چوارچێوه‌یه‌كی ئایدیۆلۆجییەوە و وەک بەشێک لە ململانێی چینایەتی و شەڕی دژ بە ئیستیعمار تەماشای کردوون. لە ڕاستیدا بە پێی ئەو بابەتانەی کە لە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیەدا دەربارەی خەباتی نەتەوەیی کورد بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، دەردەکەوێت، كه‌ ده‌ستپێكی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ لەسەردەمی ئیتیحاد و تەرەقییەوە ده‌ست پێده‌كات، چونكه‌ له‌ باسی مێژووی ئه‌م خه‌باته‌دا له‌ ڕووداوەکانی ئەم بزووتنەوەیە ده‌ستی پێكردووە، بۆیه‌ پێدەچێت بەلای ئەوانەوە لەوێوە ئەو خه‌باته‌ دەستی پێکردبێت، چونکە بە پێی بۆچوونی مارکسی ئەمجۆرە خەباتە بەشێکە لە خەباتی بۆرجوازی و له‌گه‌ڵ دەرکەوتنی ئەو چینه‌ دەستپێدەکات (عه‌لی، 2004، ل ل 109 - 122). لەم بارەیەشەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ئەوەی بزووتنەوەی بۆرجوازی لە دەوڵەتی عوسمانیدا دەرکەوت و گیانی نەتەوەیی لە ناو نەتەوەکاندا بوژایەوە، زۆر لە ڕۆشنبیرانی کورد وەک ڕۆشنبیرانی عەرەب و ئەرمەن چوونە ڕیزی ئیتیحاد و تەرەقییەوە(4)، كه‌ هەڵگری ئاڵای بۆرجوازی نیشتمانیی بوو و لە زۆربەی بۆرجوازە تورکەکان پێکهاتبوو و هەوڵی كاركردن به‌ دەستووری بۆ ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دامەزراندنی سیسته‌می لامەرکەزی لە هه‌رێمه‌كانی ژێر دەستی عوسمانی دەدا، بەڵام دوای سەرکەوتنیان هەر زوو لەو باوەڕانە پاشگەز بوونه‌وه‌ و کەوتنە چەوساندنەوەی گەلە ناتورکەکان، کە کورد یەکێکیان بوو، بۆیە کورد درێژەی بە خەباتی خۆی دا ئەمجارەیان دژی بۆرجوازی شۆڤینی تورکی (ئازادی، ژ6 ، 7ی حوزیرانی 1959). بە پێی ئەم دەربڕینەش بێت خەباتی نەتەوەیی کورد، واتا خەباتی بۆرجوازی کوردی لە چوارچێوەی خەباتی بۆرجوازی دەوڵەتی عوسمانی و بەدیاریکراویش تورکی دەردەکەوێت، کە دواتریش دوای ئەوەی ئیتیحاد و تەرەقی دەست بە چەوساندنەوەی کورد دەکەن، ئیتر کورد دژ بە بۆرجوازی شۆڤێنی تورک درێژە بەم خەباتە دەدەن واتا خەباتێکی سەربەخۆی دەستپێکردووە.

لە درێژەی ئەم باسه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته ‌ڕوو، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی جەنگی یه‌كه‌می جیهانی کۆتایی هات، وڵاتە ئیستیعمارییەکان دەوڵەتی عوسمانییان دابەشکرد، کوردیش کە زانی ڕووی داگیرکەران لە هەردوو لایە) مەبەست لە تورک و کوردە(، دوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی نەکەوت، بەڵکو شانبەشانی گەلی تورک کەوتنە خەبات لە دژی ئیستیعمار بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لە چنگی داگیرکەران و یەکەم سوارە کورد بوو كه‌ لە پێش هەمووان چووە ناو ئیزمیرەوە و بە تێکۆشانی هەردوولا تورکیا ڕزگار کرا (ئازادی، ژ٦، ٧ی حوزەیرانی ١٩٥٩).

ئەم ڕۆژنامەیە لە بارەی مێژووی خه‌باتی نەتەوەیی کوردەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیستیعمار ئەم جووڵانه‌وه‌ی تێکشکاندووە و پارچە پارچەی کردووە و لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە نەیهێشتووە كورد دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، هەر ئەویش بووە پیلانی بۆ ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دا(5) داڕشتووە، هەروەها هاندەری سیاسەتی سەرکوتکردنی کورد بووە لە عێراق و تورکیا و ئێران، پەیمانی بەغداد تەنیا لە دژی عەرەب نەبووە، بەڵکو بۆ درێژەدان بە پارچە پارچەیی کوردیش بووە و هەر لەم سۆنگەیەش بۆ بەربەستکردنی دامەزراندنی قەوارەی کوردیی هەوڵی بەربەستکردنی پێشکەوتنی پیشەسازی و ئابووری کوردستانی داوە (ئازادی، ژ30 ، ١٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٥٩).

لە پاڵ ڕاڤەکردنی بۆ مێژووی ئەم پرسە، هاوکات ئەم ڕۆژنامەیە گرنگی بە وردەکاری و گێڕانەوەی چەند ڕووداوێکی مێژوویی خەباتی نەتەوەیی کورد داوە، بۆ نموونە، بابەتێکی دەربارەی شۆڕشی کورد لەدژی ئینگلیز بڵاوکردۆتەوە لە ژێر ناونیشانی (شۆڕشی ١٩٢٠ و نەتەوەی کورد)، تیایدا، هەوڵدراوە ئەوە بخرێتە ڕوو کە جگە لە شۆڕشەکەی شێخ مەحموود لە نێوان ١٩١٩ تا ١٩٢٧ دژ بە ئینگلیزەکان هاوکات بەر لەوەی شۆڕشی 1920 لە ناوچە عەرەبییەکانی عێراق دژ بە ئینگلیزەکان ئەنجام بدرێت (6)، ساڵی 1919 لە چەند شوێنێکی کوردستاندا وه‌كو ناوچەکانی زاخۆ و ئامێدی و مزوری و ئاکرێ، ڕاپه‌ڕین دژی ئینگلیزەکان سه‌ریانهه‌ڵداوه‌(7) کە بەشێک نەبوون لە شۆڕشی ١٩٢٠ی عێراق، بەڵکو ڕاپه‌رینی سەربەخۆی کوردان بوون لە پێناو مافەکانی کورد دا، لە درێژەی باسەکەشدا هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەو شۆڕشانە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە یەک سەرکردەیان نەبووە، هەروەها سەرکردەکانی ڕاپه‌ڕینه‌كان له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ لێهاتوو نەبوون و بێهێز و کەم تێگەیشتووبوون، هاوکات شۆڕشه‌كان ناوەڕۆکێکی دیموکراتیان نەبووە (ئازادی، ژ٩، ٥ی تەمموز ١٩٥٩). لە ژمارەیەکی تریشدا یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی شێخ مەحموود دەکاتەوە و وەک نیشتمانپەروەرێکی گەورەی کورد باسی دەکات، کە لە عێراق بە کورد و عەرەبەوە بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە یادەکەی و دەڵێت: دوژمنێکی سەرسەختی ئینگلیز و ئیستیعمار بووە، دواتریش وردەکاری بەشێک لە ڕووداوەکانی شۆڕشەکەی باس دەکات (ئازادی، ژ٢٠، 14ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٥٩).

لە ژمارە (1)ی ڕۆژنامەکەشدا بابەتێکی دەربارەی پێشوازیکردنی دانیشتووانی کەرکووک لە بارزانییەکان(8). بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا دەڵێت: ئەو ڕۆڵە بارزانییانە چواردە ساڵ لەمەوبەر چەکیان به‌رانبه‌ر ستەمی ئیستیعمار و کۆنەپەرستی هەڵگرتبوو و دواتر ناچاربوون ڕوو بکەنە سۆڤیەت و دوازدە ساڵ لەوێ وەک کوڕی باوکیان بژین (ڕۆژنامەی ئازادی، ژ١، ١ی ئایاری ١٩٥٩)، لە ژمارە(7)یشدا بابەتێکی بە ناونیشانی (شۆڕشی بارزان وەک جەنابی شێخ ئەحمەد بارزانی ئەیگێڕێتەوە) بڵاوکردۆتەوە، ئەم بابەتەش بریتییە لە چاوپێکەوتنی نوێنەری ڕۆژنامەکە لە شاری کەرکووک لەگەڵ شێخ ئەحمەد دا کە تیایدا لە میانەی وەڵامدانەوه‌ی پرسیارەکانی ئەو نوێنەرەوە، شێخ ئەحمەد ورده‌کاری بزووتنەوەکانی بارزان هەر لە ١٩٣٠ەوە دەگێڕێتەوە(ئازادی، ژ٧، ١٤ی حوزەیران ١٩٥٩). لە ژماره‌یه‌كی دیكه‌شدا ئەم ڕۆژنامەیە بابەتێکی تەرخانکردووە بۆ قسەکردن لەسەر لە سێدارەدانی شۆڕشگێرانی شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ لە باكووری كوردستان و بە ناونیشانی(یادی شەهیدەکانی شۆڕشی ١٩٢٥ی کوردستانی تورکیا) (ئازادی، ژ٦، ٧ی حوزەیران 1959 ). هەروەها ئەم ڕۆژنامەیە بابەتێکی دەربارەی لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرە كورده‌كه‌ بڵاوکردۆتەوە، کە دەڵێت:" ١٩ی ئەم مانگە ڕۆژێک بوو خاوەنی پایەیەکی بەرزە لە خەباتی نەتەوەیی کوردا لەو ڕۆژەدا مۆرێکی تری عار و نەنگ نرا، بە ناوچەوانی ئیستیعمار " لەم بابه‌ته‌دا بەرێز و ستایشێکی زۆرەوە باس لەو چوار ئەفسەرە دەکات و باسی ئەوە دەکات دوازدە ساڵ لەمەوبەر عیزەت عەبدولعەزیز و مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولکەریم و محەمەد مەحموود لە سێدارە دران ئەمانە کە زۆر بێباکانە لەساڵی ١٩٤٥دا چوونە بارزان و لایاندایە پاڵ شۆرش و دواتر چوونە کۆماری کوردستان لە مه‌هاباد، بەڵام دوای ئەوەی بارزانییەکان ڕوویانکردە سۆڤیەت ئەوان هاتنەوە عێراق و دەستگیرکران و لە سێدارەدران (ئازادی، ژ٨، ٢٨ی حوزەیران ١٩٥٩).

ڕاستییەکەی ئەگەر بڕوانینە چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئەم ڕۆژنامه‌یه‌ لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا، دەردەکەوێت کە تەنیا چەند بابەتێکی لە خەباتی نەتەوەیی کورددا باسکردووە و دەستی بۆ بەشی زۆری جومگەکانی نەبردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی هەستیار و گرنگی ڕەوتی مێژووی خەباتی نەتەوەیی کوردی وروژاندووە و تاڕاده‌یه‌كی زۆر هەوڵی داوە ڕاستییەکان بخاتە ڕوو و ڕۆڵی کەسایەتییە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕەکانی کورد بەرز بنرخێنێت، هاوکات ئەوە بەڕوونی دەردەکەوێت، کە لە کاتی گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەشدا ئەم ڕۆژنامەیە ئایدیۆلۆجییانە مامەڵەی کردووە و هەوڵی داوە سەرجەم ڕووداوەکان ببەستێتەوە بە کێشەی ئیستیعمار و دژە ئیستیعمارییەوە.