ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

خوێندنەوە؛ هەڵوێست عەبدوڵا کەریم

بەشی پێنجەم و شەشەم

فیلمی (نیگەرانی ) مانیفێستێک بۆ بەرەنگاری

فیلمی نیگەرانی 1974 لەگەڵ پێنچ چیرۆکی دیکەدا لە زیندان نووسیویەتی وەک مانیفێستێکی کۆمۆنیستی چەپانە تەماشا دەکرێت، لەم فیلمەدا ڕەخنەی توند لە سیستەمی سەرمایەداری، خێڵەکی و ئاغایەتی، کۆمەڵگەی تورکیا وەک کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر، پروپاگەندەی میدیایی، گەشەکردنی کۆمپانیا گەورەکان، تەماحی مرۆڤەکان و خۆپەرستی، نایەکسانی چینایەتی، چەوساندنەوەی هەژاران و جووتیاران لەلایەن کۆمپانیا گەورەکان، چەوساندنەوەی ژنان، گەندەڵی کۆمەڵگە دەگرێت کە وا لە کارەکتەری سەرەکی ناو فیلمەکە دەکات هیوا لە دەست بدات. جووتیار و کرێکارەکان لە لایەن خاوەن کێڵگە و کۆمپانیاکان بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێنرێنەوە و هەر کاتێک کە دەیانەوێت بەرانبەر بە نادادپەروەری یاسا و خاوەن کۆمپانیاکان مان بگرن سەرکەوتوو نابن، چونکە کۆچی بە لێشاوی جووتیارانی دیکە بۆ شارەکان کە ئامادەن بە پارەیەکی کەمتر کاربکەن دەبێتە هۆی شکستهێنانی هەوڵەکانی ئەوان. لە هەمان کاتدا بەهۆی هاتنی شەپۆڵی مۆدێرنەوە ئەو کرێکارانە زیاتر دەچەوسێنرێنەوە، چونکە ئامێرێک لە جیاتی دەیان کرێکار کار دەکات و جووتیاری دوێنێ و کرێکارەکەی ئەمڕۆ هیچ ڕێگایەک لەبەردەمیدا نامێنێتەوە. بەو هۆیەی زۆربەی ئەو کرێکارانەی لە کۆمپانیاکان لەم فیلمەدا کاردەکەن جووتیاری ناوچەکانی ئەناتۆلیای باکووری کوردستانن و گوینەی لە ڕێی ناوی کوردی و پۆشینی جلی کوردی، نمایشی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، موزیک و سەمای کوردی ئاماژە بە کوردبوونی ئەوان دەدات. ئەم فیلمە لە ئەیلوولی 1975 لە فیستیڤاڵی ئەنتالیادا نمایش دەکرێت و چەندین خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵەکە وەک خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەر و باشترین سیناریۆ بەدەست دەهێنێت، بەڵام گوینەی لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکاندا لە زیندان دەبێت.

هەژاری 1975

لەو کاتەی کە گوینەی خەریکی وێنەگرتنی فیلمی نیگەرانی دەبێت، کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی فیلمێکی دیکەش بە ناوی هەژاری، دەکات. لەم فیلمەدا گوینەی سەرنجی لەسەر ژیانی خەڵکی هەژاری ناو شارەکانە کە بەهۆی هەژارییانەوە دەخرێنە زیندان و دوای ئازادکردنیشیان هەژارتر و بێکەستر دەبن. رووداوەکانی فیلمەکە لە دەوری سێ زیندانیدایە کە هەریەکەیان بە هۆی ڕووداوێکەوە نادادپەروەرانە خراونەتە زیندانەوە کە گوینەی خۆی ڕۆڵی یەکێک لەم زیندانیانە دەبینێت. ئەو سێ زیندانییە بە پێچەوانەی هەموو زیندانییەکانی تر نایانەوێت ئازاد ببن، چونکە لە زینداندا خواردن و شوێنی خەوتنیان بۆ دابین کراوە. ئەم سێ هاوڕێیە دوای ئازادبوونیان بۆ ماوەی سێ رۆژ بە برسێتی بە شەقامەکاندا دەگەڕێن، کەسێک نییە یارمەتیان بدات یان کارێکیان پێ بدات، چونکە متمانەیان نەماوە. لەم فیلمەدا گوینەی ئەوە باس دەکات کە چۆن یاسا لە کۆمەڵگەیەکی نایەکساندا مرۆڤەکان دەکات بە تاوانبار و هۆکاری ئەو تاوانانە دەخاتە ئەستۆی کەسانی سەرمایەدار و تیڕوانینی ڕەشبینانەی خۆی بەرانبەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی حەفتاکان نیشان دەدات کە تیایدا مرۆڤەکان بەرەو داڕمانێکی مۆراڵی دەڕۆن. لەگەڵ ئەوەشدا کە گوینەی ناتوانێت کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی هەردوو فیلمی هەژاری و نیگەرانی تەواو بکات و بۆ سێەم جار زیندانی دەکرێت. هەر بۆیە کاری دەرهێنانی فیلمی نیگەرانی بە شەریف گۆران و فیلمی هەژاری بە ئەتیڤ یەلماز دەسپێرێت. لە ساڵی 1975 لە کاتی نمایشکردنی فیلمی هەژاری لە سینەمایەکی شاری مەراشدا پۆلیسی شارەکە نمایشکردنی فیلمەکە قەدەغە دەکەن و دەست دەگرن بەسەریدا و دەیسووتێنن. بەهەمان شێوە لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکە لە سینەماکانی تورکیادا ئەندامانی پارتی نەتەوەپەرستی تورکی سەر بە گرووپی گورگە ڕەساسییەکان ئینکاری لە بوونی خەڵکی هەژاری لەم شێوەیە لە تورکیادا دەکەن، تەنانەت لە بینەرەکانیش دەدەن.

هێزی بەرەنگاری گوینەی، زیندانی سیستەم ناتوانێت بیوەستێنێت

لە گوڵانی ساڵی 1974 گیونەی ئازاد دەکرێت، بەڵام ماوەی ئازادییەکەی کەمتر لە شەش مانگ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار لەسەر هەر سێ فیلمی هاوڕێ، نیگەرانی و هەژاری دەکات. لە 25ی تشرینی یەکەمی 1974 بۆ جارێکی دیکە گوینەی دەستگیر دەکرێتەوە و دەخرێتەوە زیندان، بەڵام ئەم جارە گوینەی بە تاوانی کوشتنی دادوەر (سیفا موتلوو) زیندانی دەکرێت. ڕووداوی کوشتنی (سیفا موتلوو) چەندین گێڕانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت کە هەندێکیان زۆر گوماناویین. لەو کاتەدا گومانێک هەبووە کە دەوڵەتی تورکیا ئەو تاوانەی دابێتە پاڵ گوینەی بەهۆی ئەو فیکرە سیاسییە چەپەی هەیبووە و بەو هۆیەشەوە فیلمەکانیدا بە توندی ڕەخنەی لە دەسەڵات و سیستەم دەگرت. لە کاتێکدا ئەو فیشەکەی کە دادوەرەکەی پێ کوژراوە هی دەمانچەکەی گوینەی نییە، بەڵام دادوەر گوینەی بەوە تۆمەتبار دەکات کە دوای کوشتنی دادوەرەکە، دەمانچەکەی شاردۆتەوە. لە هەمان کاتدا چەندین شایەت هەیە کە لە کاتی پێکانی دادوەرەکەدا گوینەی دەمانچەی بەدەستەوە نەبووە و بەڵکو ڕێنمایی کەسانی دیکە دەکات کە چۆن بیگوێزنەوە بۆ نەخۆشخانە. لە کاتی دادگاییکردنەکەدا لە کۆی چل شایەت سێ شایەت بێتاوانی گوینەی دەسەلمێنن و لەو دە کەسەش کە دژی گوینەی شایەتی دەدەن تەنانەت لە شۆینی ڕووداوەکە نەبوون و لەلایەن دەوڵەتەوە پارەیان پێ دەدرێت دژی گوینەی شایەتی بدەن. دادگا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەو دەمانچەیە ناکات کە دادوەرەکەی پێ کوژراوە. هەرچەندە پێش ئەوەی کە دادگا بڕیاری کۆتایی بدات، خوشکەزایەکی گوینەی بە دەمانچەکەیەوە خۆی تەسلیمی پۆلیس دەکات و دان بەوەدا دەنێت کە ئەو بکوژی دادوەرەکەیە و بۆ ماوەیەک دەخرێتە زیندانەوە، بەڵام دواتر لە ڕووداوێکی گوماناوییدا کە تا ئیستاش ڕوون نەبۆتەوە، ئەو خوشکەزایەی گوینەی لە بەندینخانەدا بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە. لە کۆتاییدا دادگا بڕیاری نۆزدە ساڵ زیندانی بەسەر گوینەیدا دەسەپێنێت و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە زیندان بەند دەکرێت. گوینەی لە زینداندا بەردەوام دەبێت لە نووسینی چیرۆک و ڕۆمان و وتاری سیاسی، لەهەمان کاتدا بەردەوام دەبێت لە نووسینی نامە بۆ فاتۆشی هاوژینی و هاوڕێکانی. سێیەم جار زیندانیی، ناوبانگی زیاتر بۆ گوینەی پەیدا دەکات و زیاتر گوینەی بەرەو کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و ئەفسانەیی دەبات. لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی زینداندا گوینەی دەست دەکات بە نووسینی ڕۆمانی تۆمەتبار کە ساڵیک دواتر بڵاو دەکرێتەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو نادادپەروەرییەیە کە لە دادگادا بەرانبەری کراوە. لە ساڵانی دواتریشدا سێ ڕۆمان و کۆمەڵیک کورتە چیرۆک و چەندین وتار دەنووسێت هەروەها لە ساڵی 1975 گوینەی دوو سیناریۆ بە ناوەکانی (مۆڵەت و بە دڵنییاییەوە ڕۆژێک) دەنووسێت و کە لە لایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە دەکرێن بە فیلم. لە ساڵانی داهاتوودا بە بیانووی پروپاگەندە بۆ کۆمۆنیزم هەردوو فیلمەکە قەدەغە دەکرێن. لە ماوەی حەوت ساڵی مانەوەی لە زیندان نووسینی سیناریۆ و نیمچە دەرهێنان بۆ سێ فیلمی مێگەل، دوژمن و ڕێگا دەکات و لە ناو زیندانەوە سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی هەر سێ فیلمەکە دەکات، پرۆڤە لەگەڵ ئەکتەرەکاندا دەکات، ڕێنمایی وردی یاریدەدەری دەرهێنەر و ستاف و کارمەندانی فیلمەکە دەکات. بە بەردەوامی سەرپەرشتی بەرهەمهێنان و پاشان مۆنتاژی ئەو فیلمانە دەکات کە بە شاکارترین سێ کارەکانی گوینەی دادەنرێت. گوینەی ناوی هاوڕێکانی لە بری ناوی خۆی وەک دەرهێنەری فیلمەکان دادەنێت بۆ ئەوەی فیلمەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە قەدەغە نەکرێن.

میگەل، دوژمن، فیلمەکانی دوای سێیەم جار لە زیندان؛

لە ناو هەموو فیلمەکانی گوینەیدا مێگەل وەک فیلمێکی کوردی سەیر دەکرێت و لە ڕێگەی نمایشی تراژیدیای خێزانێکی کورد نەهامەتییەکانی نەتەوەی کورد نمایش دەکات. لەم فیلمەدا گوینەی زۆر لایەنی ژیانی کوردانی گوندنشین نیشان دەدات یەکێک لەو لایەنانە مۆدێرنکردنی بەشێکی تورکیا و پەراوێزخستنی بەشەکەی دیکەیەتی. هاتنی مۆدیرنتە و پێکدادانی ئەم کرێکارانە و ژیانیان بە سیستەمی چینایەتی کە وەک مەترسییەک بۆ ژیانیان نمایش دەکات. ئەم فیلمە ژیانی پڕ نەهامەتی و چەرمەسەریی ژنان دەخاتە ڕوو کە چۆن وەک کاڵایەک مامەڵەیان پێوە دەکرێت بۆ دامرکاندنەوەی شەڕی نێوان خێڵەکان. لەهەمان کاتدا مامەڵە و ڕق و قینی ئەو خێڵانەی کە ژنێکیان لە بری خوێن وەرگرتووە بەتایبەت ئەگەر ئەو ژنەش منداڵی نەبێت. بێریڤان ئەو کارەکتەرەیە کە بۆ ئاشتکردنەوەی نێوان دوو عەشیرەت لە بری خوێن دەبەخشرێت، بەڵام لە کاتی مردنیدا کەسێک نییە کە سپاردەی خاکی بکات. لەم فیلمەدا گوینەی عەقڵیەتی خێڵە کوردەکان و سیستەمی سەرمایەداری لە شاردا نمایش دەکات و لەهەمان کاتیشدا ڕەخنەی تووندیان لێ دەگرێت کە بە هۆی نەریتی خێڵەکییەوە جارێکی تر دەچەوسَینەوە. گوینەی کوردانی ئەو خێڵانە بە کەسانی نەخوێندەوار و هەژار نمایش دەکات کە لە بری زانست بڕوایان بە خورافات هەیە و تەنانەت کاتێک کە نەخۆش دەکەون پەنا نابەنە بەر پزیشک. گوینەی دیمەنێکی واقعی ئەو خێڵانە نمایش دەکات کە چۆن لە نێوان دەستگرتن بە دابونەریتی خێڵ، پەیوەندییە خێزانییەکانی ناو یەک خێزان تووشی بەریەککەوتنی گەورە دەبن لە ناو شارە گەورەکاندا و دواجار هەموو ئەو پەیوەندییانە بەرەو داڕمان و لەناوچوونی مرۆڤەکان دەڕوات. هەربۆیە ئەم فیلمەی گوینەی بە یەکێک لە فیلمە تراژیدییەکانی گوینەی دادەنرێت کە چۆن ئەم چیرۆکانە لە هەر شار و وڵاتێکی دیکەی دنیادا ڕوودەدات کاتێک سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوەی ببات. ئەوەی جێگای سەرنجە بێریڤان کە نمایشی ژنی کورد دەکات، هەمیشە بێدەنگە لە سەرەتاوە تا کۆتایی فیلمەکە، تەنانەت ئەو کاتانەش کە لێی دەدرێت ئەو هەر بێدەنگە و تەنیا بە چاوەکانی هەستی خۆی دەردەبڕێت و لە بری وشە لە ڕێی موزیکەوە هەستی بێریڤان نمایش دەکرێت. ئەمەش بەو هۆیەی کە ڕێگا بە گوینەی نەدرا زمانی کوردی بکات بە زمانی سەرەکی فیلمەکە و تەنانەت ڕێی پێ نەدرا چەند ڕستەیەکی کورتیش بە کوردی لە فیلمەکەدا بەکاربهێنێت، هەر بۆیە گوینەی قسەنەکردنی بێریڤان وەک ئاماژەی هەڵوێستی بەرەنگاریی پیشان دەدات .

ریگا

گوینەی لە زینداندا سیناریۆی فیلمی ریگا كە بریتی بوو لە 155 لاپەرە لە 22 نیسانی 1980تەواو ئەكات. چیرۆكی سیناریۆكە لە ناو زیندانی دورگەی ئیمراڵییەوە دەست پێ ئەكات و باس لە چیرۆكی ژیانی پێنج زیندانی ئەكات كە بەبۆنەی جەژنی بایرامەوە بۆ ماوەی یەك هەفتە مۆلەتیان هەیە بۆ سەردانیكردنی كەس و كاریان. ئەم پێنج زیندانییە كە زۆربەیان كوردن هەریەكەیان بۆ ناوچەیەكی جیاوازی توركیا و باكوری كوردستان سەفەر ئەكەن. هەریەك لەم زیندانیانە ئامانجێكی هەیە و ئەیەوێت لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا ئەو ئامانجەی بەدەست بهێنێت. بەڵام هەرهەمویان توشی بەربەرست و شكست ئەبن و تەنانەت لە چیرۆكی هەندێكیاندا خۆیان و ئەندامانی خیزانەكەشیان لە دەست ئەدەن . چیرۆكی ژیانی ئەم پێنج كەسە نمایشی سیستەمی خێلایەتی ئەكات لە هەمان كاتدا گوینەی نمایشی سیستەمێكی گەورەتری چەوسێنەر ئەكات كە دەوڵەتی توركیایە و لە ژیر دەسەڵاتی سوپادا بووە بە زیندانێكی گەورە. لە كۆتایی فیلمەكەدا لەوە تێ ئەگەین كە ئەم پێنج كەسە لە ناو زینداندا ژیانی خۆیان و خیزان و خۆشەویستەكانیان پاریزراوتر بوو. گوینەی لەسەر یەكێك لە دیمەنەكان وشەی كوردستان دائەنێت وشەیەك كە سزای زیندانی لەسەرە و بەهیچ شێوەیەك ریگە نادرێت كە بەكاربهێنرێت، بەڵام گوینەی بە ئاشكرا ئەیەوێت بڵێت ئەم روداوانە لە شوێنێكدا روئەیەن كە ناوی كوردستانە نەك باكور یان باشوری توركیا. هەربۆیە هەركاتێك كە نمایشی فیلمی رێگا لە توركیا كرابێت ئەم بەشەی فیلمەكە بڕاوە و سانسۆر كراوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە كۆپی راستەقینەی فیلمەكەدا و كە ئیستا لە ئەرشیفی سویسرا هەیە و لە دەیان كۆپی دیكەی ئەو فیلمەدا ئەو دیمەنە لانەبراوە و هەیە. فیلمی ریگا ئەبێتە یەكەم فیلم كە نمایشی داگیركاری سوپای توركیا بكات و بەتایبەت ئەو كاتەی شەری نیوان كوردەكان و جاندرمەكان روئەیات، كوردەكان بە كوردی هاوار ئەكەن و قسە ئەكەن. رێگا نمایشی شورشی كوردەكان بۆ ئازادی و دیموكراسی ئەكات. هەر خۆی باس لەوە ئەكات ئەگەر لە توركیا مۆنتاژی فیلمی رێگای بكردایە نەی ئەتوانی باسی كوردبون و معاناتی كوردبونی بكردایە.

بۆیە بەهۆی ئەم فیلمەوە ملیۆنان كەس لە جیهاندا، ئاشنای نەهامەتی و ژیانی كوردەكان بون لە توركیا.

گوینەی لە زیندانەوە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی بەرهەمهێنان و هەموو پرۆسەیەكی دەرهێنانی فیلمەكە ئەكات و شەریف گۆرانی هاوڕێشی لە دەرەوەی زیندان كاری دەرهێنانی بۆ ئەكات. گوینەی بە وردی سەرپەرشتی دیمەنەكانی فیلمەكە، دیالۆگی كارەكتەرەكان، رۆلی كارەكتەرەكان، چونیەتی وینەگرتنی دیمەنەكان ئەكات. زۆر لە دیمەنەكانی ئەم فیلمە ریالیزمی و دیكیۆمۆنتارییە و هەموو دیمەنەكان لە لایەن گوینەی بە وردی پلانی وینەگرتنی بۆ دانراوە. بەبەراورد بە گشت فیلمەكانی دیكەی گوینەی، ئەم فیلمەی لە ژیر ئەستەمترین و سەختترین دۆخدا بەرهەم هاتووە . فاتۆشی هاوژینی (گوینەی) وەك چاوی ئەو لە پشتی كامیراوە و لەگەڵ یاریدەدەرانی دەرهێنەر بەبەردەوامی راپۆرت بۆ گوینەی ئامادە ئەكەن و لە سەر رێنمایی گوینەی فۆتۆی كارەكانی بۆ ئەگرێت. رێگا هەروەك كارەكانی دیكەی گوینەی دەنگ ریكۆرد ناكرێت و ماوەی چوار مانگ ئەخایەنێت لە نیوان كانونی دووەم بۆ گوڵانی 1981، شایانی باسە لەم چوار مانگەدا وێنەی زیاتر لە سێ‌ هەزار پێ فیلمی 35 میلیمەتری دەگیرێت و لە لایەن ئیدی هاوپشمێدەوە بە پاسێك بۆ سویسرا ئەبرێت.