ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

ئەگەر ڕۆژێ‌ هەموو دەنگەكانی فەزا كۆكرێنەوە 

هەموو درۆكانی مێژوو ئاشكرا دەبێ‌ 

بەهار باوەڕی بە مۆدێل نییە 

هەموو ساڵێ‌ بە جلەكەی جارانی دێتەوە 

3

دونیا چەند سارد بێ‌ 

شەوبۆ بۆنی خۆشتر دەبێ‌ 

لافاو گوناهی نییە 

كارەساتی هەور دەگێڕێتەوە 

5

شیعری گەورە خەونی بچووك دەگێڕێتەوە 

شیعری بچووك خەونی گەورە دەنووسێتەوە 

6

ئاو جیاوازە لە لافاو 

7

بە ناو كتێبەكاندا بگەڕێ‌ 

ئەگەر دەتەوێ‌ ژیان 

بە میلیشیای وەڕەسی نەتكوژێ‌ 

8

هەموو ئەوانەی بانگ و هاواریانە 

پێویستیان بە ئەوانی ترە 

بەرز بوونەوە ئاسانە 

بەڵام دەبێ‌ شارەزای خوێندنەوەی نزماییەكان بیت 

10

لە مناڵ فێربە 

ژیانی خۆش چەند سادەیە 

11 

بۆ ئەوە دەنووسم لە ماهییەتی تۆ بگەم 

تۆش بۆ ئەوە دەمخوێنیتەوە 

لە ماهییەتی من بگەی 

12

هەموومان لە ناو یەك تونێلاین 

بەڵام تونێل لە ناو هەمووماندایە 

13

زوو زوو خەمگین دەبین 

بەڵام درەنگ درەنگ دڵخۆش 

14

هەموو كتێبەكانم داگیرساند 

چەند دێڕێك بە قەڵەمی شەونم 

سەربردەی گیایان دەنووسییەوە 

15 

گۆزەی دڵم كەوتە بەر تیری فیراق 

شەوبۆی ئەوینم 

شەوی پڕ نووری تۆ كردووە 

16

كە تۆ با بیت 

ئایینی من تەنها لە بەر با وەستانە 

كە تۆ گیا بیت 

قەدەری من شەڕی لەشكری پاییزە

17

كە تۆ هەمیشە بەفر بیت 

دەبێ‌ بۆ ئەبەد كتێبی توانەوە بخوێنمەوە

18 

خۆر هەڵدێ‌ تۆ ئاوا دەبیت 

تۆ ئاوا دەبیت خۆر هەڵدێ‌ 

من دیلی ئەو ئەبەدییەم 

19 

سپێدان هەتاوت بۆ رادەخەم 

شەوانەیش تریفەی مانگ

20

ئۆف ئۆف شەو چەند درێژە 

ئارام چەند كورت 

21 

پێكەوە بۆ فەنا رادەكەین 

من بۆ تۆ ،تۆش بۆمن

22

لە رژانی ئاو سادەتر دەنووسم 

لە مناڵ سادەتر قسە دەكەم 

23

تۆ لە هەموو شوێنێ‌ ئامادەی 

لە هەمو شوێنێكیش ونی 

24

هەموو دەنگەكان تۆی 

ئەی تاقانە دەنگی من 

هەموو رەنگەكان تۆی 

ئەی تاقانە رەنگی من 

25 

من ناوی تۆم بە قەڵەمی با نووسیووە 

هەواڵی تۆم لە تەتەری نادیار پرسیوە

.........