ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەرە با بەیەکەوە بە قوڵایی هەورەکانا شۆڕ بینەوە

بەیەکەوە باوەش لەو هەورە بەین

لەو دیو هەورە جیوەییەکانەوە

سیبەری ئێمەیان زامدار کرد

لە ژێر نینۆکەکانمەوە ،،، سەرخەوێ بشکێنە ئەی غەددار

وەک شەپۆل خەون بە ڕۆخە لمینەکانەوە ببینە

منیش -- کات --ە وەنەوشەییەکان هەڵدەکۆڵم

لە ناو جامێک مەیدا

خەونە بەردینیەکانت هەڵدەکۆڵم

،،،،،، ،،،،،، ،،،

سەفەرێک لە خەونەکانتەوە ،،، بەرەو هەوارێکی ئەبەدی

هەوارێکی مەحاڵ

،،،،، ،،،،،،، ،،،

ئێرە برینێکی ڕاخراوە

دوا موچوڕکەی لەبار چونی پاکیزەیەکە

بە ناچاریش ، دوو ڕێگەی تێک هاڵاوین

قەڵغانێکی پەککەوتەو ،،،،، شمشێرێکی ژەنگاوی

گوێ لە هەناسەی سینگی هەورەکان دەگرین

قەرا قەرا --- یەک

قەرا قەرا ---- دوو

قەرا قەرا --- سێ

چاوشارکێ لە کۆڵانەکانی ئەو شارانەدا ئەکەین

لە ژێر تۆفانەکانا نەغرۆ بوون

بە چنگە ئاویەکانمان ،، سەری یەکتری گڕ ئەدەین

شەکەتیمان لە خەوێکی دوکەڵاویدا دەنێژین

لە ژێر ئەو ڕەشماڵانەی ،،بە ستونی هەڵم ڕاگیراون

شاپەڕی ماسیە ڕەبەنەکان ،، ختوکەی گێسوو کەلەکەو 

شلکەی ڕانە کەوانەییەکانت دەدا

ئەوەتا بەیەکەوە ،،سەرگەرمی ئاڵۆشە پیرۆزەکانین 

سەروەری ڕابوردوو ،، تێکشکانەکانی ئایندەمان 

کیمیای شیعرو

هوڕژنی ماینەکانی دوکەڵ

لە ناو موچڕکی حەزە لینجەکانمان دەچنینەوە

،،،،،، ،،،،، ،،

ئای گیتارە شکاوەکەی،،، چاخی ڕیتمە دۆڕاوەکانی باپیرم

ڕابونەوە دادت نادا ،،،

ئاوازە ژەنگاویەکەی تۆ،،، جەستەی تینوم 

ناخاتەوە کورەی سەما

ئەوەتا لە ژێر دەریا ،،، ئەشکەوتێ بۆ خەونە ڕۆمانسیەکان ئەدۆزمەوە

ماڵێکی شکۆدار دروست ئەکەم

خۆمان بە پۆشاکە ئاویەکان گەرم دەکەینەوە

بە شەپۆلە دژەکان ،،، دەم و چاومان ئەشۆین

لەگەڵ ماسیەکان دەبمە ئاشنا

تا ئەو ڕۆژەی ،، نەهەنگێ دێ و،، مرۆڤ ئاسا قوتمان ئەدا

،،،،،، ،،،،،،، ،،،،

ژیان سەرابە ،،،، سەراب 

بەختەوەری سەرابە سەراب

لە ژێر نێڵەی هەورە تریشقەو

سامی ئەم هەموو چەقۆ ڕەشانەدا

بەردەوامبونیش مەحاڵە