ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

و. جەلال دەباغ

ئەم سەد نامەیەی بڵاویاندەکەمەوە،هەموو ئەوانەن کە لەگەردی خۆشەویستیم و

گەردی خۆشەویستەکانم ماونەتەوە..*

(١)

دەمەوێ وتەی وات بۆ بنووسم

لە وتەنەچێت

زمانێکت بۆ دابێنم تەنیا بۆ خۆت

بەپێی پێوانەی لەشت

هێندەی پانتایی خۆشەویستیم بۆتدابڕم

دەمەوێ لە کاغەزەکانی فەرهەنگ سەفەربکەم

لە دەمیشم داوای مۆڵەت بکەم.

لە وەرچەرخاندنی زارم زۆر ماندوبووم

زارێکی دیکە دەخوازم.

هەرکات ویستی توانای گۆڕینی هەبێت

ببێت بەدرەختێکی گێلاس

یاخود پاکەتێک شقارتە

من دەمێکی تازەم دەوێ

وشەکانی وا لێدەرچن

وەک چۆن پەرییەکان لەناو کەفی دەریاوە دەردەچن

وەک چۆن جوجەڵەی سپی

لە کڵاوی جادوبازەوە دەردەچن

*

هەموو پەڕاوەکان ببەن

کەلە کاتی منداڵێمدا خوێندوومنەوە

گشت نامیلکەی قوتابخانەم ببەن

دەباشیرو..

پێنووسەکان..

تەختەڕەشەکان ببەن

فێری وشەیەکی نوێم بکەن

وەک گوارەیەک بیکەمە گوێی خۆشەویستەکەم

*

من پەنجەی دیکەم پێدەوێ..

تا بەجۆرێکی دیکە.. بنووسم

رقم لەو پەنجانەیە کە نەدرێژدەبن.. نەکورت

رقم لەو درەختانەیە کە نەدەمرن.. نەگەورەدەبن

پەنجەی نوێم دەوێ..

بەرز وەک وێنەی هەر سوارڕەوێک

درێژ، وەک گەردنی زەرافەکان

تا کراسێک بۆ خۆشەویستەکەم

لەتووک دروست بکەم..

لەپێش مندا نەیپۆشیبێت.

دەمەوێ ئەلفوبێیەکت بۆ دروستکەم

نە وەک هەموو ئەلفوبێکان.

شتێک لە ڕەوتیبارانی تێدابێ

شتێک لە گەردی مانگی تێدابێ

شتێک لە خەمی هەورە خۆڵەمێشییەکان

شتێک لە ئازاری گەڵاکانی شۆڕەبی

لەژێر گالیسکەکانی ئەیلولدا.

*

دەمەوێ گەنجینەی زێڕینی وشەت

پێشکەش بکەم

پێش تۆ بەهیچ ژنێک پێشکەش نەکرابێ..

دوای تۆش بەهیچ ژنێک پێشکەش نەکرێ.

ئەی ئەو ژنەی..

پێش خۆی پێشینەی نییە

دوای خۆشی دوایینەی نییە

*

دەمەوێ دوومەمکۆڵە تەمبەڵەکەت فێربکەم

چۆن ناوی من دەڵێنەوە..

چۆن نامەی من دەخوێندنەوە

دەمەوێ.. بتکەم بە زمان..