ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نامەی یانزە تا بیست (١١- ٢٠)

جەلالدەباغ کردوویە بە کوردی

ئەم سەد نامەیەی بڵاویاندەکەمەوە،هەمووئەوانەن کە لەگەردی خۆشەویستی مو

گەردی خۆشەویستەکانم ماونەتەوە

(١١)

وەکو خاڵێک لەسەر قۆڵی بەدویەکی بیابان نشین هەڵتدەگرم

وەکو خوردەی ئاوڵە..لە روو

هەڵتدەگرم

لەگەڵ تۆدا

لەسەر هەموو شۆستەکانی دنیا..

وەکبێکارە.. لێیدەکەوم.

نە پەساپۆرتم هەیە 

نە وێنەیەکی فۆتۆگرافی

لەوکاتەوە کە تەمەنم سێ ساڵبووە..

وێنەگرتنم خۆشنەویستووە..

هەموو رۆژێ

رەنگی چاوەکانم دەگۆڕدرێ

جێگەی زارم دەگۆڕدرێ

هەموو رۆژێ

ژمارەی ددانەکانم دێتەگۆڕین

من حەزناکەم 

لەسەر کورسیی وێنەگران دابنیشم..

حەزم لە وێنەی یادگاری نییە

گشت منداڵانی جیهان لەیەکدەچن..

هەموو ئازاردراوانی سەرڕووی زەمین

لەیەکدەچن

وەک ددانەکان..

لەبەر ئەوە..

پەساپۆرتە کۆنەکەم

لە ئاوی خەمەکانم هەڵکێشاو.. خواردمەوە

بڕیارم دا..

لەسەر دووچەرخەی ئازادی

بەدەوری دنیادا بگەڕێم

بە هەمان ڕێگای نا یاسایی

کە با لەکاتی سەفەردا دەیگرێتەبەر..

ئەگەر پرسیاری ئەدرەسی خۆمیان لێکردم

ئەدرەسی هەموو ئەو شۆستانەیان پێدەدەم

کەبۆ شوێنی نیشتەجێبوونم هەڵمبژاردوون.

ئەگەر پرسی کاخەزەکانمیان لێکردم

دووچاوی تۆیان پیشاندەدەم،

خۆشەویستم..

رێگەیاندام کە تێپەڕبم

لەبەر ئەوەی دەزانن

سەفەرکردن لە شارەکانی چاوانتدا

مافی هەموو هاونیشتیمانانی دنیایە

(١٢)

چارەی تۆ لەسەربەندەری

کاتژمێرەکەمهەڵکەندراوە

لەسەر رووی خولەکژمێرەکە هەڵکەندراوە

لەسەر چرکەژمێرەکان..

لەسەرهەفتەکان

مانگەکان و.. ساڵەکان..

من رۆژگاری تایبەتیم نەماوە

تۆ بۆ من بویتە رۆژگار..

*

لەگەڵ تۆ..

شانشینیی کاروبارە گچکەکانم

کۆتاییهات..

ئیتر شتێکم نەماوە کە بە تەنیا

خاوەندارێتی من بێت.

گوڵەکانم نەماون

خۆم بەتەنیا رێکیانبخەم.

پەڕاوەکانم نەماون 

خۆم بە تەنیا بیانخوێنمەوە

تۆ تێکەڵدەبیتە نێوان چاوەکانم و پەڕەکانم.

نێوان دەم و، نێوان دەنگم.

نێوان سەرم و، سەرینەکەم.

نێوان پەنجەکانم و، بەرماخەکەم.

*

بێگومان..

من سکاڵای ئەوە ناکەم 

لەناومندا نیشتەجێبووی..

تێکەڵدەبیتە ناو جوڵەی دەستەکانم..

تێکەڵدەبیتە ناو جوڵەی پێڵوەکانم..

تێکەڵدەبیتە ناو جوڵەی بیرەکانم 

کێڵگەی گەنم سکاڵای زۆربوونی

گوڵەگەنمەکانی ناکات..

داری هەنجیر لە چۆلەکە وەرسنابێ

پەرداخەکان بە تێکردنی شەرابی سوور وەرسنابن

تەنیا شتێک کەلەتۆ داواکارم.. خانمەکەم

لەناو دڵما زۆر نەجولێیتەوە..

تا ئازار نەچێژم..

(١٣)

رۆژگارێکی راستەقینەت لەدەرەوەی تاسەی مندا نییە

من رۆژگاری تۆم

لەدەرەوەی درێژبوونی باڵەکانم

تۆ رەهەندی روونت نییە

من هەموو رەهەندەکانی تۆم

گۆشەکان و ..جوغزەکانت

هێڵە لارو خوارەکانت..

هێڵە ڕاست وڕێکەکانت.

ئەو رۆژەی هاتیتەناو دارستانەکانی سنگمەوە

هاتیتەناو ئازادی..

کە لێیان دەرچوویت

بویتە حەرەم و..

شێخی خێڵەکە تۆی کڕی.

*

من ناوی درەختەکانم فێرکردی

لەگەڵ وتووێژی سیسرکەکانی شەو

ئەدرەسی ئەستێرە دوورەکانم دایتێ.

من تۆم خستە قوتابخانەی بەهار

زمانی مەلیشم فێرکردی

لەگەڵ ئەلفوبێی سەرچاوەکان.

منبووم لەسەر دەفتەرەکانی باران

چەرچەفەکانی بەفرو، گۆزەکانی سنەوبەر

فێرمکردی چۆن لەگەڵ کەروێشک و رێویەکاندا دەدوێیت..

چۆن خوریی بەهارەی بەرخەکان 

شانەدەکەیت..

نامەی چۆلەکەکانم پیشاندای..

کە هێشتا بڵاونەکراونەوە

نەخشەکانی هاوین و زستانم.. پێدای..

تا فێرببیت.. چۆن گوڵەگەنمەکان بەرزدەبنەوە

چۆن بەچکە سپییەکان دەزریقێنن..

ماسییەکان لەگەڵ یەکتر دەبنە هاوسەر..

شیر لە مەمکی مانگ هەڵدەقوڵێ.. 

بەڵام تۆ..

لە ئەسپی ئازادی ماندوبوویت

ئەسپی ئازادی فڕێیدایت

لە دارستانەکانی سنگم.. ماندوبوویت

لە سیمفۆنیای شەوی سیسرکەکان

لەنووستن بەرووتی ماندوبوویت..

لەسەر چەرچەفەکانی مانگ..

دارستانەکەت بەجێهێشت..

تا گورگ بتخوات..

لەسەر رێبازی یەزدان و پەیامبەرەکەی- 

شێخی خێڵەکە..

تێکتبشکێنێ

(١٤)

ئەو دوو ساڵەی خۆشەویستمبووی

گرنگترین لاپەڕەن..

لە پەڕاوی خۆشەویستیی ئەم سەردەمە.

گشت لاپەڕەکانی، سپین

هەموو لاپەڕەکانی، دوای ئەوەش، دیسان سپین

ئەو دووە هێڵی ئیستیوان

کە بە نێوان دەمم و دەمتا..تێپەڕدەبن

ئەو دووەن پێوانەی رۆژگار

کە روانگەکان پشتیان پێدەبەستن

کاژێرەکانی جیهان گشتیان

میقاتدەبن.. لەسەریان..

(١٥)

هەرچەند پرچت درێژدەبن

تەمەنی من درێژدەبێ..

هەرچەند دەبینم بەسەر شانەکانتدا.. پەخشان دەبن

تابلۆیەکن بە خەڵوزو مەرەکەبی چینی.. کێشراون..

باڵەکانی پەرەسێلکەن

بەگشت ناوەکانی یەزدان دەورەدراون..

ئاخۆ دەزانیت؟

بۆچی لەبەر پەرستنی قژتدەمرم..؟

چونکە درێژەی چیرۆکەکەمان

لەیەکەم دێڕ تا دوا دێڕی

لەسەری نەخشەکێشراوە..

پرچت.. دەفتەری یاداشتەکانمانە

رێگەنەدەیت هیچکەس..

ئەم دەفتەرە بدزێت..

(١٦)

کاتێک سەرت دەخەیتە سەرشانم..

لەکاتێکدا ئۆتومبیلەکەم دەئاژوم

ئەستێرەکان مەدارەکانی خۆیان.. جێدێڵن

بەهەزاران دێنەخوارێ..

تا بەسەر پەنجەرەی شوشەییدا بخزێن..

تا لەسەر شانم نیشتەجێبن..

ئەوکاتە..

دوکەڵکردن لەگەڵ تۆدا..

ڕابواردن و خۆشی دەبێ..

وتووێژیش خۆشی دەبێ

بێدەنگیش هەر خۆشی دەبێ

ونبوون لە ڕێگە زستانییەکاندا 

کە بێناون ..

هەرخۆشییە..

ئاواتەخوازم.. تاهەتایە هەرئاوا بمێنینەوە

بارانیش گۆرانی دەڵێ..

شوێنهەورەکانی باران گۆرانی دەڵێن 

سەرە گچکەکەشت،

وەک پەپولەیەکی رەنگینی ئەفریقایی

بە گژوگیایەکانی سنگم چۆتەوەیەک

کەنایەوێ بفڕێت..

(١٧)

هەرجارێک دەتبینم..

لە شیعرەکانم نائومێددەبم

ئەگەر لەگەڵ تۆدانەبم.

لە شیعرەکانم نائومێد نابم

تۆ هێندە جوانیت.. تائەو ئاستەی

کە بیر لە قەشەنگیت دەکەمەوە..

هەناسەبڕکێم پێدەکەوێ

زمانەکەم..

وشەکانم..

هەناسەبڕکێیان پێدەکەوێ..

لەم کێشەیە رزگارمکە..

تۆزێک کەمتر جوانبە..

تا شاعیرێتیم بگێڕمەوە

ئافرەتێکی ئاساییبە..

کل لەچاوانی بدات..

بۆن لە خۆی بدات..

دووگیانبێت و ..منداڵی ببێت

ژنێکبە وەک هەموو ژنان..

تا لەگەڵ زمانەکەم..

لەگەڵ زارم..

ئاشتببمەوە..

(١٨)

مامۆستانیم..

تا فێرتکەم چۆن خۆشەویستی بکەیت..

ماسییەکان، پێویستیان بە مامۆستانییە

تا فێربن چۆن مەلەبکەن..

چۆلەکەکان،پێویستیانبەمامۆستانییە

تا فێربن چۆن بفڕن..

خۆت بەتەنیا مەلەبکە..

بەتەنیا بفڕە..

خۆشەویستیی دەفتەری نییە..

مەزنترین ئاشقەکانی مێژو..

خوێندنەوەیان نەدەزانی..

(١٩)

وازبێنە لە بۆرژوازییبوونت، خانمەکەم

وازبێنە لە تەختی نووستنی لویسی شانزەیەم 

کە لەسەری دەنویت..

واز لە بۆنەخۆشە فەڕەنسییەکانت بێنە

هەروا لە جانتایەکانت 

کەلە پێستی تیمساح دروستکراون..

ڕەدوومکەوە..

بۆ دورگەکانی باران..

بۆ ئەناناس..

بۆ بەهاراتی سوتێنەر..

لەوێ ئاوی کەنارەکان گەرمە

وەک لەشی تۆ..

بەرهەمەکانی مانگۆ..

خڕن وەکو جوت مەمکی تۆ..

هەموو شتێک لەدواتەوە فڕێ بدە..

وەک سمۆرە

باز بدەرە سەرسنگم..

وەک سمۆرەی ئەفریقایی

من پێم باشە..

لەسەر رووبەری پێستم..

ڕوشاندنێک بەجێبێڵی.

یان برینێک لەسەر گۆشەی دەمم..

لەپێش پیاوەکانی خێڵدا..

خۆمی پێوە هەڵبکێشم.

ئاخ ئەی ژنی دوودڵی و ..ساردی

ئەی ژنەکەی ماکس فاکتۆرو(١).. 

ئەلیزابێت ئەردن(٢)

تۆ ئەوەندە شارستانیت 

تا ڕادەیەکلەگەڵیدا خۆناگیرێت..

لەسەر مێزی خۆشەویستی دادەنیشیت..

بە چەتاڵ و چەقۆ دەخۆیت

بەڵام من ئەی خانمەکەم..

بەدویەکم لە لێوەکانمدا

چەند سەدەیەکی تینوێتیم هەڵگرتووە..

لەژێر عەبایەکەشیدا

بەملیۆن رۆژی شاردۆتەوە..

ئیتر لەمن توڕەمەبە..

گەر لەیاساو نەریتی سفرەلامداوە

ملپێچی سپیم لەملی خۆم کردۆتەوە

لەبەرگی خۆشاردنەوەت

ڕووت و قووتم کردیتەوە

فێرمکردیت..

چۆن بەهەردوو دەستت دەخۆیت

بەهەردوودەست ئاشقدەبیت

بەسەر لمی سنگی مندا هەڕادەکەیت

وەکو جوانویەکی سپی

لە بیاباندا دەحیلکێنی..

(٢٠)

لەبەر ئەوەی تۆم خۆشدەوێ..

لە نەریتەکانی ئاسماندا..

شتێکی نا ئاسایی روودەدا

فریشتەکان ئازاددەبن

لە ئەنجامدانی خۆشەویستیدا..

یەزدانیش.. لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا

هاوسەرگیری دەکا..

-------------------

(١) ماکس فاکتۆر: باشترین جۆری کرێمی ئەوروپایە.

(٢)ئەلیزابێت ئەردن: بەناوبانگرین پارفوم، واتە بۆنی خۆشی ژنانەیە.