ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پورخورشید

نوسینی : شێخ صدیق

 

 

بارام گووتی : تۆ پیاوێكی نورانی و جوانی و خۆشەویستی و دەچیتە دڵمەوە ، بەڵام قسەكانت بۆ من بایەخێكی ئەوتۆیان نیە ، پیاوە پیرەكە گووتی : كوڕی خۆم زەردەشت پەیامبەرەو دەبێت هەموومان ئەو ڕاستیە بزانین ئایا تۆ نكولێ‌ لە بوونی خواو پەیامبەرەكانی دەكەیت ؟....

بارام گووتی : من بڕوام بەم جۆرە قسانە نیە بۆ من مایەی گاڵتە جاڕییە و ناشتوانم ئەو بڕوایە لە لای خۆم درووست بكەم كە تۆ بڕوات پێیان هەیە . ئەوەی من بڕوام پێیەتی تۆ هەر بیرو باوەڕێكت هەیە مرۆڤیت و من ڕێز لە مرۆڤ بوون و بیرو باوەڕەكەشت دەگرم . تۆش دەبێت ڕێز لە بیڕوباوەڕی من بگریت ئەگەر ئاوا نەكەین . ناتوانین پێكەوە بژین هەر كاتێ‌ ئەم بڕوایەمان نەبوو، ئەو كاتە هەریەكەمان هەوڵی ئەوە دەین یەكتر بكوژین ....

پیاوە پیرەكە گووتی : كوڕم رووحە پاكەكان دەچنە ڕووحی پیاوچاكەكان و پیاو چاكەكان لە ڕێگەی پەیامبەر زەردەشتەوە ، ئامۆژگاری دەكرێن ..

ڕووحی پاك لە قوڵایی ئەشكەوتەكانی ناهاتایە خودا پاكی كردۆتەوە ، ڕووحی شەڕەنگێزییان لە جەستەدا كوشتووە ... بارام : گووتی : لای من مرۆڤ گەورەترین سەرمایەی مرۆڤایەتیە ، جا ئەو مرۆڤە خاوەنی هەر ئایدیایەك بێت ، ئەوە لە ئەزەلو ژیان و كەوندا ، بەرهەم نەهاتووە ، ئەوە كۆمەڵگای مرۆڤایەتیە هەموو ئاینەكانیان بۆ درووست كردووین ... بۆیە من نامەوێت دەرگیری ئەو بەرهەمە كۆمەڵایەتیە بم ....

پیاوە پیرەكە گووتی : پەیامبەر بۆ ئەوە هاتووە ،. شادی بە مرۆڤایەتی ببەخشێ‌ ، سەرلە نوێ‌ ژیانێكی نوێ‌ بە ڕووحی كۆمەڵگا بكاتەوە ..

بارام گووتی : بڕوام بە هیچ ئاینێك نیە ، ناتوانم ئاین دار بم ، چووونكە مێژوو دەڵێ‌ : بەر لە پەیدا بوونی ئاینەكان مرۆڤەكان نەیان دەزانی خوێنی یەكتر بڕژێنن و ڕق و كینە و بوغز نەفرەت نەبوو .... گیاندارەكان خواردنیان حەلال نەكرا بوو ، بۆیە من ئایین بە كارەسات بۆ مرۆڤەكان دەبینم ....

پیاوە پیرەكە گووتی : كوڕی خۆم من لە مێژوویەكدا ژیاوم كە زەردەشت پەیامبەری ڕاگەیاند ، ڕووناكی بە ئاسمانی ئەم خاكەدا دەبریسكایەوە ، قات و قڕی و گرانی نەمابوو بە ساڵی هات و خۆشی باران وولاتی گەشانەوە ، دەغڵ و دان قەفی گەورەیان لێ‌ پەیدا بوو ... پاشای ووڵات ئاینی زەردەشتی ڕاگەیاند و كردی بە ئاینی فەرمی ووڵات....بارام گووتی من دەزانم هیچ ئاینێك ناتوانێ‌ ڕووحی مرۆڤەكان لە خراپە پاك بكاتەوە ، تەنها ڕووحی دوو بەرەكی تۆوی ڕق لە دڵدا دەڕوێنێ‌ . باپیرە گەورەم ، بۆی باسكردووم ، بەر لە دەركەوتنی ئاینی زەردەشت ژیان لە نێوان گیاندارەكاندا دۆستایەتی هەبوو ... مرۆڤەكان هێشتا دەستیان بە خوێنی كوشتنی باڵدار و ... گیاندارەكان سوور نەبووبوو ، لەو ڕۆژەوەی كوشتنی بە كۆمەڵی گیاندارەكان ڕاگەیەندراوە .... بۆیە من ناتوانم هیچ ئاینێك بە پیرۆز سەیر بكەم هەڵگری ئەو بڕوایە بم .

پیاوە پیرەكە هەستایە سەر پێ‌ و گووتی : كوڕم من دەڕۆم تۆش شوێن كەوتەی ڕووحی زەردەشت بە و با ڕووحی مرۆڤەكان لە خراپە پاك بكەینەوە ... بارام گووتی : دڵنیابە هیچ ئاینێك ناتوانێ‌ ئاشتەوایی بۆ مرۆڤەكان لە گەڵ خۆیدا بهێنێت ... هەستایە سەر پێ‌ و ملی ڕێگا سەختەكانی گرتە بەر بەرەو لوتكەی شاخە بەرزەكان كەوتە ڕێ‌ . تاكو دەهات بەفر و كڵۆكانی گەورە تر دەبوو ... بە قەد باڵای پیاوێكی كەڵەگەت باری بوو ... ڕەشەبای خێرا و توند بەرەو ڕووی دەهات و گوێی دەگرت لە ڕەشەباو كەوتنی بەفر و خرمەی شكانی ژێرپێیەكانی .... بەم دەنگە مۆسیقا نوێیانە نۆتەیەكی نوێ‌ فێر دەبوو ...ماندوو بوو ، كۆڵی نەدەدا لە ڕۆشتن....شەو داهات ڕۆژ هەڵهات بە نێو سەرمای تووش دا ، سەختی ڕێگە و كەندڕی پڕ لە بەفردا ڕێگەی بڕی ... كاتێ‌ گەیشتە سەر لوتكەی شاخەكە دەنگی ژەنینی مۆسیقای تار دەهات دەنگێك تێكەڵ بە سرووشت بە بارینی بەفر و سەرماو ڕەشەبا بووبوو ، هەستت بە دونیایەكی تەلیسماوی دەكرد تاكو دەهات ژەنینی تارەكە بەهێز تر دەبوو ، بە هەر چوار لای خۆیدا ڕوانی نەی دەزانی دەنگی تارەكە لە كوێوە دێت . كوختێك لە دوكەڵ كێشێكەوە ، دووكەڵی دەچوو بە ئاسماندا..... خۆی گەیاندە لای كوختەكە لە پەنجەرەی ژوورەكەیەوە ڕوانی چرایەك دەگەشایەوە ، كەشێكی هێند جوان و سەرنج ڕاكێش بوو ، مرۆڤ شەیدای ژیانی سیحراوی دەبێت ... نازانێ‌ چۆن تامی خۆشیەكانی پڕ بە ئارەزووەكانی بێت .. سەیری ناو ژوورەكەی كردەوە ، تار ژەنەكە پێكی شەرابی دەنۆشی و بە پەنجەكانی ژێی تارەكەی دەژەنی بە وێنەی عاشق بە ژیان و ئاواز پەنجەكانی ژێیەكانی دەجوڵاند و تینوی نۆتە و ئاواز بوون ... مەست بوو ، بە ژەنینی تار و نۆشینی شەراب لە گەڵ خەون و خەیاڵی خۆیدا ڕۆچو.... بەفر دەرگاكەی هەڵچنی بوو ، لە شووشەی پەنجەرەكەی داو . لە ناكاو دەنگی ژەنینی تار نەماو دەرگاكەی بە گرانی كردەوە ، .... 

تار ژەنەكە گووتی : تۆ كێی

بارام گووتی : من ڕێبوارم.

فەرمووی لێكردوو بردیە ژوورەوە لە تەنیشتی سۆپا دارینەكەیەوە ، داینا و یەك دوو پارچە دار بەڕووی تێ‌ كردوو ، سۆپاكە وەك دەنووكی كەو سووربۆوە .