ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

(۱)

کڵاوێک چنراو بەگەنم،

لەژێریا چۆلەکەیەکی برسی

داو

(۲)

چاویلکەی ئاسمان ڕەش وسپی،

سێگۆشەیەک باڵ چێدەکا

پەڕەسێلکە

(۳)

هەورە بروسکە گازی لێدەگرێ،

ژێر درەختەکە دەبێتە چەتری سپی

قارچک

(٤)

گۆمێک پڕ لەکڵاوی سەوز،

گۆرانی دەچڕن

بۆقەکان

(٥)

ئاسمان توڕە دەبێت،

بەربوونەوەی موروی سپی

تەرزە

(٦)

لەناو لقی درەختەکاندا پەناهەندە،

تۆپەڵێکی نەخشین

هێلانە

(۷)

تاریکی ڕاو دەکا،

هەڵقوڵینی سپێدە لەدەنگییا

کەڵەشێر