ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

نامەی چل و یەک تا پەجا (٤١- ٥٠)

جەلال دەباغ کردوویەبەکوردی

(٤١)

ئاخ.. خۆزگە رۆژێک..

لە غەریزەی کەروێشکەکان..

ئازاد دەبووی..

دەتزانی..

من راوچیی تۆنیم

ئاشقی تۆم..

(٤٢)

رۆژێکیان وام بەبیرداهات..

کە وەک شێوەی چەرکەسەکان

بتفڕێنم..

لەژێر تەقەی گولەکاندا..

لەبەر بریسکەی خەنجەردا..

مارەتبکەم..

بەڵام تۆ ئەسپەکەت کوشتم

لەکاتێکدا..

مۆمی لە پەنجەکانی پێتدا

دەلێستەوە..

لەگەڵ ئەودا

لە ژینتدا..

جوانترین چرکەساتی شیعرت..

کوشت..

(٤٣)

کاتێک بەکراسێکی نوێوە..

دێیتە لای من بۆ سەردانم..

هەستم وەکو هەستی ئەوباخەوانەدەبێ

کاتێک یەکێ

لە درەختەکانی گوڵدەگرێ..

(٤٤)

چاوەکانت..

ئاهەنگی یاریی ئاگربازییە

ساڵێ جارێک.. سەیریان دەکەم

بەدرێژایی ئەو ساڵە..

ئەو ئاگرانە دەکوژێنمەوە..

کە بەربوونەتە پێستەکەم.. 

بەربوونەتە جلەکانم..

(٤٥)

دەمەوێ..

بابۆجارێکیشبێ..

لەگەڵ تۆدا

ببمە سواری شەمەندەفەری شەیدا

شەمەندەفەرێک

شوستەکانی لەبیربکات،

هێڵە ئاسنینەکانی..

ناوی سواربووەکانی..

لەبیربکات..

دەمەوێ..

گەربۆ تەنیا جارێکیشبێ...

پاڵتۆی باران لەبەر بکەیت..

لەوێستگەی شەیدابووندا بەمن بگەیت.

(٤٦)

سوپاس..بۆ ئەو دەفتەرە رەنگاورەنگانەی

کە پێشکەشی منتکردن..

هیچ شتێک نییە لە دنیادا

هێندەی پەڕەی

دەفتەرە رەنگاورەنگەکان

ئارەزووی خواردنم لەلا..

بکەنەوە..

من وەکو گای ئیسپانی وام

پێمخۆشە لەبەر 

هەر پەڕەیەکی ڕەنگاوڕەنگدا

کەلەپێشمدا بلەڕێتەوە..بمرم..

جا ئایا تۆ

ئەورۆژەیدەفتەرەکانت پێشکەش کردم 

حەزە ئیسپانیەکانی منت دەزانی؟

(٤٧)

هەر کە سەفەردەکەیت..

بۆنە خۆشەکەت داوای تۆم لێدەکات

وەک چۆن منداڵ 

داوای گەڕانەوەی دایکی دەکات..

تەماشاکە..

تەنانەت بۆنەخۆشەکانیش..

تەنانەت بۆنەخۆشەکانیش..

نامۆیی دەزانن..

دوورخستنەوە بۆتاراوگە دەزانن..

(٤٨)

ئایا رۆژێک بیرتکردەوە..بۆ کوێ؟

پاپۆڕەکان دەزانن بۆ کوێ..

ماسییەکان دەزانن بۆ کوێ..

پۆلە پەڕەسێلکەکان دەزانن بۆ کوێ..

بەتەنیا ئێمە نازانین...

پەلەقاژەی ناو ئاودەکەین..

هیچیشی لێ هەڵناهێنجین..

جلی سەفەر لەبەردەکەین.. سەفەرناکەین

نامەکان دەنووسین.. نایاننێرین..

لەسەر هەموو فرۆکەکانی سەفەر..

پێشکڕینی دوو بلیتمان دیاری دەکەین..

کەچی لە فڕۆکەخانە دەمێنینەوە..

تۆو، من، دوو ترسنۆکترین سەفەربەرین

کە ئەم سەردەمە ناسیونی..

(٤٩)

لەو کاتەدا کە تۆمناسی، 

گشت نەخشەکانی خۆم دڕاند..

پێشبینییەکانی خۆم دڕاند..

وەک ئەسپەکانی عەرەبیم لێهاتووە

بارانەکانت بۆن دەکەم،

لە پێش ئەوەی تەڕم بکات

ئاوازی دەنگت دەبیستم 

لە پێش ئەوەی قسەبکەیت..

بەدەستیخۆم.. کەزییەکانت دەکەمەوە

پێش ئەوەی بیانهۆنیتەوە..

(٥٠)

گشت پەڕاوەکانم دابخە

‌هێڵەکانی هەردوو دەستم بخوێنەوە

یان هێڵەکانی ڕوومەتم..

من ئەوەتا بەسەرسامیی..

وەک منداڵێک لەبەردەمی..

درەختی لەدایکبووندا

سەرنجدەدەم..