ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پیاوێک...

هەنگاوێکی نا بەسەر دڵم

شوێن پێکانی لەوێ جێماوە،

بوو بە ئاودێری گوڵی شیعرەکانم

هەر پەیڤێکم، پێناسەیەکە بۆ عەشقی،

کە موترووبەی هەستم بووە.

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.

هەموو ئێوارەیەک، دوای سەفەری خۆر

چەند ساتێ دەچمەوە سەر ڕێڕەوی ئەو هەنگاوە

لە باغی ماڵەوە چاوم لێدەکەم،

تا دوایین گەڵاداری ئەم شارە؛

هیچیان وەک دارەکەی من و تۆ

باڵایان بەرز نەبوو،

پڕ نەبوون لە دەنگی چۆلەکە و

ڕەنگی عەشقیان نەگرتووە،

بۆنی ژوانیان لێ نایێ.

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.

بەچی بەراوردت کەم؟

بەو گوڵەی ناو ئینجانەی قەراغ پەنجەرەکەم؟

یان بەو ڕۆندکەی... 

لەگەڵ هاتنی کازێوەدا؛

لە چاوی گەڵایەکەوە

بەسەر بەژنی دارچنارێک دادەچۆڕێت.

ناااااا، گوڵەکان تەمەنیان کورتە،

شەونم هەر وەرزێ گۆنا تەڕ دەکا

تۆ بە ڕۆحم بەراورد دەکەم!

ئەو لەپێناوی تۆ زیندووە،

پێوانی هەر چرکەیەک بە ترپەی دڵم؛

لەسەر تەمەنی تۆ ڕەنگڕێژ دەکەم.

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.

دەستێک بە دیواری ئەوینەوەی گرتووین،

زەمەنێکم بیر نەماوە ئێستا نەبێ!

وەرە دانیشە، 

با لەسەر زاری داپیرەیەکەوە...

چیرۆکی گوێ ئاگردانێکت بۆ بگێڕمەوە.

چ لەزەتێکی هەبوو!

عەشقەکەی تۆ زیاتر.

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.

سووچێک هەیە لەم شارە،

پاییزانیش هەر ڕەنگی سەوزە!

تاریکی پەی پێنابات،

خەم ناتوانێت یەخەی بگرێت

ئەوە جێ نزرگەی ژوانی ئێمەیە.

ئەم سووچە بە قەد گەورەیی شار پیرۆزە لەلام،

بەڵام تۆم خۆشتر دەوێت.

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.

ساڵنامەی وەرزەکان چەند ڕەنگێکیان هەڵگرتوە؟

من تەنها ڕەنگی عەشقی تۆ 

لە ڕوخسارم نیشتووە.

خەمی خەزان هەڵمەگرە

ئێمە بە چرپەی ماچێک لە دەرگای پاییزمان دا

ئیتر وەرزەکانمان هەمیشە بەهار دەبن!

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.

خۆم لە سیحری چاوانت ون کردووە،

تۆش لە بیابانی دڵمدای؛

عەشق نەبێت، چی سۆراغمان دەکات!؟

شەوانە کە مانگ چاوبڕکێ لەگەڵ دەریا دەکا

مشتێ تریفەی پێکەنینی بۆ هەڵدەدا،

من لەوکاتە جلە سوورەکەم دەپۆشم

گوڵەباغێک بە کەزیمەوە هەڵدەواسم و

چاوەڕێی چرپەکانت دەکەم،

تا سەرچەفەکەم بۆنی هەناسەت بگرێت.

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.

لەم شەوە دەموچاو ڕەشەدا

ئەستێرە چاوی ڕوونتر دەدرەوشێتەوە،

خەو لە چاویان هەرەسان بوو؛

ئێمەش، سەرنشینی کەشتییەکەی جاران،

شنەیەکیش هەڵینەکرد...

تا بۆنی هەناسەکان لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێ!

وەلێ من هەر... 

داو داوی پرچم لە پەنجەکانت ئاڵا و

کۆترە دەنووک سوورەکان خەبەریان بووەوە،

بە ڕاچڵەکینی ماچێک.

پیاوە شێتەکەی ڕۆحم.