ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شاخەوان مستەفا

بەڕێوەبەری ھونەری سینەمای ھەولێر

• ئەگەر بە وردی پەڕاوی مێژووی ھونەری ھەولێر ھەڵبدەینەوە، دەیان و سەدان چالاکیی و کار وبەرھەمی بەپێز خۆیان دەنوێنن، بەتایبەت لە ساڵانی ھەشتاکان، کە ھەولێر ببوو بە سەنتەری ھونەر و ڕۆشنبیری و ئەدەبی، کە ھەموو شار و شارۆچکەکان بە تامەزۆرییەوە دەیانڕوانیە نوێترین بەرھەمی ئەو شارە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین بەرھەمی ناوازە لە مێژووی ھونەری شانۆ و دراما و سینەمادا پێشکەشکران و کە تا ھەنووکەش لە تیڤیەکاندا بە زیندوویی ماونەتەوە و ئێستاش پێی دەگوترێت: سەردەمی زێڕینی سینەما و شانۆ و درامای کوردی.

• ئەگەر بێمە سەر فیستیڤاڵیش دەبێ زۆر بە ڕوونی ئەو مێژووە بگێڕمەوە کە لە سەرەتای ساڵی 2006ـدا ھەولێر وەک تاکە پارێزگای کوردستان، یەکەم خوولی فیستیڤاڵی سینەمایی ئەنجام درا، کە ئەوسا ھێشتا بۆ عەقڵی ئینسانی کورد نوێ بوو، چونکە زۆر مابوو ئێمە پێ بخەینە ئەو قۆناغە، بەڵام لێھاتووی ھونەرمەندان گوێی بە ھیچ کۆسپ و تەگەرەیەک نەدا و ھەولێر زۆر بە متمانەوە یەکەم فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی خۆی بۆ سینەما ساز کرد.

• بەوەش نەوەستا چەندین خوولی دیکەی ساز کرد، تا کاروانی کارە ھونەرییەکانی لە ڕووی ئەنجامدانی فیستیڤاڵەوە گەیشتە 8 خوولی تەواو کە بە ناوی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کوردستان ساز دەکرا و دوا خوولی ئەو فیستیڤاڵەش لەژێر دروشمی (ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی) بەڕێوەچوو، لە دوای ئەو ھەنگاوانەی ھەولێریش، شارەکانی سلێمانی و دھۆک، ھەنگاویان نا بۆ سازدانی فیستیڤاڵ.

• بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین ئەوەیە، کە تەنیا ھەولێرە بەشێوەیەکی دامەزراوەیی لە لایەن حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە ئەو فیستیڤاڵە ھونەرییە بۆ سینەما ئەنجام دەدات، بە پێچەوانەی ئەویشەوە سلێمانی چەند کۆمپانیایەک و کەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبەن، ھاوکات دھۆکیش فیستیڤاڵی کردووە بە مەسەلەی پارێزگایەک، بودجە و تێچووی ئەو فیستیڤاڵەی لە پارێزگاوە بۆ دابین دەکرێت.

• لەو سۆنگەوەش من دەمەوێ بە ھەمووان بڵێم با بەراوردێک بکەین، کە ئاخۆ کێی شایستەی ئەوەیە فیستیڤاڵ بەڕێوەببات، کامەشیان زیاتر کوردین ئەو فیستیڤاڵانەی کە ساز دەکرێن، بە نموونە کاتێک دھۆک فیستیڤاڵ ئەنجام دەدات، بەرگێکی ناوچەکانی باکوور و ئەورووپا دەپۆشێت و ھێندە گرنگی بە بەرھەمی کوردی نادات، بە پاساوی ئەوەی بەرھەمەی ئەو ساڵانە نین، لە دوای ئەویشدا سلێمانی، کە بە تەواوەتی زەوق و سەلیقەی ڕۆژھەڵاتی پێوە دیارە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئێران، کە دەرچوونە لە ڕیتمی ھونەری کوردی و بێ بایەخ کردنی فیلمی کوردی و گرنگیدان بە ھونەری بێگانە و زاڵکردنی ھونەری بیانی بەسەر بەرھەمی کوردی دا، بە پێچەوانەی ئەوانیشەوە، ھونەری ھەولێر، کە نەک وەک ئەوەی کورد گوتەنی: (کەس بە ماستی خۆی ناڵێ ترشە)، بەرھەمەکان بە تەواوەتی ڕەنگی کلتوور و شاخ و ئەو سەروشتە دڵڕفێنەی کوردستانیان ھەڵگرتووە، کە ھەموویان گێڕانەوەی چیرۆکە کوردییەکانن، جگە لە داستانە مێژووییەکان، کە ھەمووی لە ھونەری ھەولێر ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ھەولێر ھەمیشە ھەوڵی داوە ھونەری خۆی بە وڵاتانی دنیا ئاشنا بکات، مەبەستی ئێمەش ڕوونە کە دەبێت بە وڵاتانی دنیا بڵێین ئێمە ھاوشێوەی کارە سیاسی و بازرگانیەکان بە ھونەر دەنگمان دەگەیەنین بە ئێوە، نموونەشم زۆرە بۆ ئەو مەسەلەیە، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینە مەزنەکە کوردستان دا ھەولێر لە ڕێگەی چاوی کامێرا سینەماییەکانیەوە ویژدانی ھەموو گەلانی جیھانی ھەژاند و بەزوویی ھەمووانی پەلکێش کرد بۆ نووسینەوەی داستانی پڕ لە قارەمانێتی خەڵکی کوردستان.

• بۆیە، ڕاشکاوانە پەنجە بۆ ئازارەکان دەبەم و دەیڵێم: حەق نیە لە پای ئەو ھەموو کارە جوانەی پێشکەش کراوە، ھەولێر لە پێشینەی ھەموو شارەکانی دیکە بێت، ئایا دەکرێت، فیلمسازانی ھەولێر لە خەمی ئەوەدابن ھونەری ئەو شارە دڵی لێدان نەکەوێت، کەچی لە پارێزگانی تر خەڵکانێک ببن بە بازرگانی سینەما و گیرفان پڕکەن بە ناوی فیستیڤاڵ، تا کەی بە ڕەوای دەبینن، کە ھەولێر لە ئەنجامدانی گەورەترین چالاکیی ھونەری وەک فیستیڤاڵی سینەما بێبەش بێت لە کاتێکدا کە تاکە شوێنە لەژێر حوکمی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی ھەرێم ئەو فیستیڤاڵە ئەنجام دەدات، ئەو پەراوێزخستن و ئازاردانە ڕوحیەی ھونەرمەندانی ھەولێر لە پای چی، بۆیە زۆر بە ڕوونی دەمەوێ ھونەردۆستان بھێنینە سەر ھێل، کە ئیدی کاتی ئەوەیە، ھەمووان پێکەوە بەرەو پیلی ھونەری ئەو شارە بڕۆین و ڕێگە نەدەین لە ڕەنگە جوانەکانی ھونەری حەوتەم بێبەش بێت.