ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

نامەیپە نجا و یەک تا شەست (٥١-٦٠)

جەلال دەباغ کردوویە بەکوردی

 

 

 

(٥١)

دۆێنێ.. لە خۆشەویستیم بۆتۆ..

بیرمکردەوە..

حەزم لە بیرکردنەوەکەمکرد..

لەبیرکردنەوەکەم..

لەناکاو دڵۆپە هەنگوینی..

سەر لێوەکانتم بیرکەوتەوە..

لە دیواری بیرەوەریم..

شەکرم لێستەوە..

 

 

(٥٢)

تکات لێدەکەم..

رێزی بێدەنگییەکەم بگریت..

بەهێزترینی چەکەکانم بێدەنگبوونە..

کاتێ

ک بێدەنگ دەبم..

هەستت بە باشوتەبێژیی من کردووە؟ 

هەستت بە قەشەنگی ئەو شتانە کردووە..

کەدەیانڵێم؟

لەو کاتەدا کە هیچ ناڵێم..

 

 

(٥٣)

کە پێکەوە سواری..

تەلەفریکی جونیە بووین*..

-------

* ناوچەیەکی گەشت و گوزاری خۆشە لە لوبنان.

 

 

ئامێرسوارە ئێمەی خلیسکاندە سەر پۆپەی درەختەکان

سەر لاسکی سنەوبەران..

سەر چارۆکەی کەشتییەکان..

لەناکاودا هەستێکم کرد..

کە بە میرات.. تەختی پاشایەتیم وەرگرت.. 

بەبیرما هات.. هەر لەم ژوورە شوشەییەدا

کە دەخزێتە سەرهەورەکان

کەوەک ئوتێلێکی گچکەیە

هاوسەرگیریی تێدا بکەم..

تاقە بینەری زەماوەندەکەشمان

هەر خودابێ..

 

 

(٥٤)

کلیلبەندە زێڕینەکە..

کە بە دیاری پێتبەخشیوم..

لە دەرگابەردینەکانت

یەک دەروازە ناکاتەوە

بەڵام دەرگای زامەکانمی

خستە سەرپشت..

هەر هەموویان دەکاتەوە..

 

 

(٥٥)

لەبەرچی داواملێدەکەی 

بۆتبنووسم

وەک پیاوێکی سەرەتایی

لەبەردەمتا رووتببمەوە؟

نامەنووسین تەنیاکارە.. کەرووتمدەکاتەوە

کاتێک دەپەیڤم..

هەندێک جل دەپۆشم

بەڵام کاتێک دەنووسم..

ئازاد دەبم، لەشسووکدەبم

وەک چۆلەکەیەکی خورافی کە سەنگی نییە..

کاتێک دەنووسم..

لە مێژو جودادەبم..لە هیزی ڕاکێشانی زەوی

وەک ئەستێرە..

لەبۆشایی چاوەکانتا دێم و دەچم..

 

 

(٥٦)

سەوداگەر لەگەڵ تۆدا

وەک سەوداگەرە لەگەڵ فڕۆکەی کاخەزدا

لەگەڵ بادا، لەگەڵ رێکەوت، 

لەگەڵ گێژبوونی بەردەریا

لەگەڵ تۆدا.

رۆژێک لە رۆژان هەستم نەکرد

لەشوێنێکی جێگیربوودا..

ڕاوەستاوم..

بەڵکو گلۆردەبوومەوە

لە هەورێکەوە.. بۆ هەورێک

وەک منداڵانی وێنەکێشراوی..

سەربنمیچی کڵێساکان..

 

 

(٥٧)

ئەو خەنجەرە لابەرە کە لەبەر پشتێنەکەمدایە

لێمگەڕێ تاکو بژیم..

بۆنت لەناو کونە وردیلەکانی پێستم

دەربکێشە

لێمگەڕێ با بژیم..

مۆڵەتێکم بدەرێ..

تا ژنێکی نوێ بناسم

کەناوی تۆ لەناو پەڕاوچەی بیرەوەرییەکانم بسڕێتەوە

تاڵە پرچت کە لە دەوری ملم ئاڵاوە.. 

ببڕێتەوە..

مۆڵەتێکم بدەرێ..

بگەڕێم بەدوای رێگاکاندا

کە هێشتاکە لەگەڵ تۆدا 

پیاسەم لێیان نەکردووە

یان ئەو کورسی و جێگەیانەی لەگەڵ تۆدا

هیشا لەسەریان دانەنیشتووم..

ئەو قاوەخانانەی

کورسییەکانیان تۆ ناناسن..

ئەو شوێنانەی..

یادگاریان ناوت نابەن.

مۆڵەتێکمبدەرێ..

بەشوێن ئەدرەسی ئەو ژنانەدا بگەڕێم

لە پێناوی تۆدا بەجێمهێشتوون..

لە پێناوی تۆدا من کوشتوومن

منیش دەمەوێ بژیم..

 

 

(٥٨)

هەر کە باران..

لە پەنجەرەکانم دەدا..

جێگەی چۆڵت هەستپێدەکەم..

هەر کە تەم وتومان شوشەی ئۆتومبیلەکانمی لێستەوە

زوقوم گەمارۆی دام..

چێشکەکان گردبوونەوە

ئۆتومبیلە نێژراوەکەم لە بەفردا

گەرمیی دەستە گچکەکانتم دێتەوەیاد..

کەوەک سەربازانی ناو خەندەقەکانیان 

دابەشمان دەکردن..

نیوەی بۆ تۆ..

نیوەی بۆ من..

هەر کە بایەکە پەردەکانی ژوورەکەمی

هەڵدەواسی

منیشی هەڵدەواسی..

خۆشەویستیی زستانەت دێتەوە یادم..

لە باران دەپاڕێمەوە

لە وڵاتانیتر ببارێت

لە بەفر دەپاڕێمەوە

لە شارانیتر ببارێت

لە خوداش دەپاڕێمەوە

کە زستان لەدەفتەرۆکەی یادەکانی

بسڕێتەوە!

لەبەر ئەوەی کە نازانم

من لە دوای تۆ

چۆن پێشوازیی زستان بکەم

 

 

(٥٩)

فڕۆکەکە زۆرترو.. زۆرتر بەرزدەبێتەوە

منیش زۆرترو.. زۆرتر خۆشمدەوێیت

من گیرۆدەی ئەزموونی نوێم

ئەزموونی خۆشویستنی ژنێک

لەبەرزایی سیی هەزار پێوە

ئێستا ئیتر دەستم پێکرد

لە سۆفیزم حاڵیدەبم

لە سۆزو تاسەی سۆفییەکان..

*

لە فڕۆکەوە..

مرۆڤ سۆزەکانی خۆی

بەشێوازێکی زۆرجیاواز دێتە بەرچاو

خۆشەویستی

لە تەپ و تۆزی سەر زەوی

لە توانای ڕاکێشانەکەی..

لە نەریت و یاسایەکەی

ئازاد دەبێ..

وەک تۆپێکی لۆکەی لێدێ

سەنگی نابێ

فڕۆکەکە هەڵدەخزێتە سەر فەرشێکی پەڵە هەورو گەردیلە ئاو

چاوەکانیشت لەدوایەوە هەڕادەکەن

وەک دوو چێشکەی وێڵی زانین

کەوتوونە دووی.. پەپولەیەک

*

من کەمژەبووم کەوامزانی

سەفەردەکەم بەتەنیایی

لە هەر فڕۆکەخانەیەک

دادەبەزیم

خێرا تۆیان دەدۆزییەوە

لەنێوەندی جانتای دەستیم

 

 

(٦٠)

پێش ئەوەی بچمە ژوورەوە

بۆ ناو شارەکانی زارت

لێوەکان

دوودانە گوڵی بەردین بوون

دوو پەرداخی شەرابی ..بێ شەراببوون

دوو دورگەی بەستەڵەک بوون

لەناو دەریاکانی باکور..

ئەو رۆژەی من گەیشتمە ناو

شاری زارت..

هەموو شار هاتنە دەرەوە

گوڵاوم پیا بپرژێنن

لەژێر پێمان

فەرشی سوورمان بۆڕابخەن

من بە خەلیفەی شار پەسەندکەن