لە پێناوت
شەڕێكی زۆرم لە گەڵ ژیان كرد
بەڵام ژیان بێ ڕەحمانە
لە ناو دڕك و داڵی مەینەت بە جێی هێشتم
شەڕێكی زۆرم لە گەڵ خودا كرد
بەڵام خودا وەك ئەوەی من دەستكردی ئەو نەبم
لە میانی ئاسمان و زەوی بە جێی هێشتم
شەڕێكی زۆرم لە گەڵ قەدەر كرد
بەڵام قەدەر زۆر نامەرد بوو
وەك ئەوەی من نێچیرێك بم
لە ژێر چڕنووكی ئەزەلی داگیركەران بەجێی هێشتم
شەڕێكی زۆرم لە گەڵ خۆم كرد
بەڵام خۆمیش لە هەموویان سەگبابتر بوو
لە ناو جەرگەی خوێنی یەكتر بە جێی هێشتم
شەڕێ نەماوە من نەیكەم
هەتا دواجار شەڕیش خەنجەری ئەبەدی
كوتایە ناو قەدو پشتم
لە پێناو تۆ بۆ ئەبەد من شەڕی خۆم ئەكەم
كێ ماوە دەستی هەڵبڕێ
من هێشتا كورد بوونم ماوە
تا هەتایە بچێتە ناو شەوەزەنگی هەموو شەڕێ