ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

(نامەی نەوەت و یەک تا سەد) (٩١-١٠٠) 

جەلال دەباغ کردوویە بەکوردی

گەردی خۆشەویستەکانم ماونەتەوە

(٩١)

جل و بەرگی هیبییەکان دەپۆشیت..

گوڵەکان بەسەر قژتا هەڵدەواسیت

زەنگەکانت لە ملدایە..

لە ڕێڕەوی درێژدا دەڕۆیت

دروشمەکانی ئازادی بەرزدەکەیتەوە

داوادەکەیت خوێندکاران حوکمی جیهان بکەن

دیوارەکانی جیهانی کۆن بشکێنن..

کاتێکیش خۆشەویستی هێرشت دەکاتە سەر..

وەکو دڕندەیەکیکەڵبەشین..

وەک مشکێکی تۆقیو لەبەردەمیا هەڵدەلەرزیت..

وێنەی ماو فڕێدەدەیتە سەر زەوی

لەگەڵ ئەوەشدا هەموو دروشمەکانی ئازادی.. 

کە تۆو برادەرەکانت.. بەرزتانکردونەوە فڕێدەدەن..

بە گریانەوە پەنادەبەیتە بەر سنگی داپیرەت..

لەسەر ڕێگەی داپیرەت..

هاوسەرگیری دەکەیت..

(٩٢)

ئەمڕۆ هەستدەکەم بە پێویستی کە بە ناوتەوە بدوێم..

خۆرم لەسەرەتای کاخەزەکەدا نەچاندووە.. 

خۆم پێگەرم نەکردۆتەوە..

ئەمڕۆ تشرین هێرشم دێنێتەسەرو گەمارۆی پەنجەرەکانمدەدا،

هەست بە پێویستی گوتنی دەکەم.

پێویستم بە داگیرسانی ئاگرێکی گچکە هەیە.. 

پێویستم بە داپۆشەرو.. پاڵتۆو..بەتۆ.. ئەی داپۆشەرم بە گوڵی پرتەقاڵ چنراو،

بە چەپکە جاترەی کێوی..

ناتوانم ناوت لە گەرومدا بەندبکەم.

ئیتر ناتوانم لە ناوخۆمدا ماوەیەکی درێژتر تۆ بەندبکەم.

گوڵ چی لە بۆنە خۆشەکەی دەکا؟

کێڵگەکان گوڵەگەنمەکانیان بۆکوێ دەبەن؟

تاووس کلکی،پڵیتە چرا بەنەوتەکەی؟

بۆ کوێتببەم؟ لە کوێدا بتشارمەوە؟

خەڵک لە ئاماژەی دەستمدا دەتبینن،

لە نۆتی دەنگمدا.. لە ترپەی هەنگاوەکانمدا..

لە بۆنی جلەکانمەوە خەڵکدەزانن تۆ خۆشەویستی منی،

لە بۆنی پێستەکەمەوە خەڵک دەزانن تۆ لەگەڵمبوویت، 

لە باڵەکانمەوە خەڵک دەزانن تۆ لەسەریان خەوتوویت،

لەمڕۆ بەدواوە ناتوانم بتشارمەوە..

لە جوانیی دەستخەتمەوە خەڵک دەزانن من بۆت دەنووسم..

لە شادیی هەنگاوەکانمەوە خەڵک دەزان من بۆ ژوانت دەڕۆم..

لەزۆریی گژوگیای سەرزارمەوە خەڵک دەزانن ماچمکردوویت..

ئیتر ناتوانین.. ناتوانین.. لەمەودوا جل و بەرگی خۆشاردنەوە بپۆشین..

ئەو رێگەیانەی پێیدا رۆیشتوین ناکرێ بێدەنگبن..

چۆلەکە تەڕبووەکان کەلەسەر شانمان وەستاون هەواڵدەدەنە چۆلەکەکانیتر..

چۆن دەتەوێ هەواڵەکانمان لەبیری چۆلەکەکان بسڕینەوە..

چۆن دەتوانم چۆلەکەکان قایلبکەم..

کە بیرەوەرییەکانیان بڵاو نەکەنەوە..؟

(٩٣)

ئەمە نامەیەکی نائاساییە، لەبارەی رۆژێکی نائاساییەوە

رۆژانی نائاسایی لەژیانی مرۆڤدا زۆرکەمن،

ئەو رۆژانەی تێیاندا لە قەفەزی مرۆڤایەتیەکەی دەردەچێت تا ببێتە چۆلەکە..

رۆژێک.. یان نیوەرۆژێک.. رەنگبێ.. لە هەموو ژیانی مرۆڤدا،

لە چوارچێوەی تەنگەبەر دەردەچێت،

تا ئازادیی خۆی پەیڕەوبکات،

چی دەوێت بیڵێت.. چۆن بیەوێت دەستەکانی راوەشێنێت، 

کێی بیەوێ خۆشیبووێت لەوکاتەدا کەدەیەوێت..

جا ئەگەر لەبارەی ئەم رۆژە نائاساییەوە بۆم نووسیت.

لەبەر ئەوەیە کە هەستدەکەم لەم ڕۆژەدا

لە پێوەنووسان و لە کەتیرە رزگارمبووە..

لە سندوقی ریاکاریی کۆمەڵایەتی،

لە ئەشکەوتی مێژو دەرچووم،

تا ئازادیی خۆم وەک هەر چۆلەکەیەکی بەڕەڵای دەوروبەر پەیڕەوبکەم.

*

دەریا پەڕاوێکی بەرگشینە.. لاپەڕەشینە..

تۆش بە کراسی گەرماوەوە، لە ژێرخۆردا دەخوێنیتەوە.

مێروی گچکە بەسەر لەشی جیوەییتدا خۆدەخشێنن تا لە روناکی بخۆنەوە

پشتت رووتە..هەردوو قاچت بە ئازادی و منداڵکاریی لەسەر گژوگیای روواوی بەردەگای ماڵە دەریاییەکەمان یاریدەکەن..

دواجار.. بووینە خاوەنی دەرگا..

کلیل و.. ماڵێکی دەریایی کە پەنای بۆ دەبەین..

رەنگە هەستنەکەیت ئەوە مانای چییە کە مرۆڤ.. 

ماڵ.. کلیل و.. ئافرەتێکی خۆشەویستی هەبێت..

رەنگە هەستنەکەیت کەمن قوتابییەکی راکردووم..

لە گشت قوتابخانەکانی خۆشەویستی و مامۆستاکانیان..

راکردووم لە پەیڕەوکردنی خۆشەویستیی بە زۆر،

پەێڕەوکردنی تامەزرۆیی بەزۆر، پەێڕەوکردنی سێکس بەزۆر..

لەپاش بیست ساڵ بۆ یەکەمینجار، 

لەگەڵ تۆ دەچمە ناو خانووە دەریاییەکەمانەوە..

هەستناکەم کە بنمیچی هەیە.. دیواری هەیە..

بۆ یەکەمجارە رووی خۆم لە سنگی ئافرەتێکدا دەنێژم..

کە خۆشم دەوێت..

هیوادارم بە خەبەر نەیەمەوە..

بۆیەکەمجارە دەکەومە وتووێژێکی درێژ لەگەڵ جەستەی ئافرەتێکدا..

کە خۆشمدەوێت..

بیریشناکەمەوە پشوویەک وەربگرم..

بۆ یەکەمجارە لە چەند سەدەیەکەوە،

بیر لە نوێکردنەوەی نیشتەجێبوونم لەگەڵ تۆ دەکەمەوە..

کاتێک پیاوێک بیر لە نوێکردنەوەی نیشتەجێی لەگەڵ ئافرەتێک دەکاتەوە..

مانای وایە چۆتە قۆناغی شیعرەوە.. یاخود قۆناغی هێستیریا..

*

دەریا شریتی حەریڕێکی شینە لەسەرسەری کچە قوتابییەک..

دوومەمکۆڵەت لە ئاوەکەوە بازدەدەن.. 

وەک دوو ماسیی دڕندە..

منیش بەناو لمیی گەرمداو بەدوای مروارییەکدا دەگەڕێم 

کە وەک خڕیی دوو مەمکۆڵەکەت وایە..

هەموو گەردەکانی لمم بێژایەوە،

بەسەدان سەدەفمکردەوە،

یەک مرواریم بە کەمەربەندی خۆم نەدۆزییەوە..

هەموو لمی دەریا کۆتایی هات..

قەپاغدارە ئاویەکانکۆتاییانهات..

بە پەشیمانی و بەداوای لێبوردنەوە ..

بۆ سەر سنگت.. گەڕامەوە

وەک قوتابییەکی دەرنەچووی تاقیکردنەوەکانی..

وەک دوو مەلی دەریایی بێ نیشتیمان..

لەناو ئاودا پەلەقاژەمانە.

دڵۆپە ئاوەکان لەسەر دوو جەستەی تێکئاڵاو..

بەرەوخوارەوە هەڵدەخزێن.. هەڵدەخلیسکێن..

هەناسە دەدەن.. گۆرانیی دەڵێن.. هاواردەکەن.. 

نازانێت کامە جەستەیان تەڕبوو..

جوگرافیای هەردوو جەستەی تێکئاڵاو دڵۆپە ئاوەکانیان وڕکرد..

ئیتر نەیاندەزانی لەکوێدا دەکەون.. 

لەسەر کام زەوی هەڵدەخلیسکێن..

رەگەزنامەی مەڕمەر ونبوو.

ئیتر مل ناوی نەماوە..قۆڵ ناوی نەماوە.. کەمەر ناوی نەماوە..

ناوی ناوەکان نەماون..

مەڕمەڕهەمووی بەسەر یەکدا شێلدراون..

دەشت ودەری بەفر هەموویان دەسووتێن.. 

من و تۆش.. لەناو شینایی ئاودا چاندراوین..

وەکوو دوو شمشێری زێڕین..

*

خۆشەویستیی وەک دوو پۆستی گچکە ڕاماندەماڵن..

منیش بە تامەزرۆی مرۆڤێک کە نوقومدەبێت ..

دەست بە قژتەوە دەگرم..

نەمدەتوانی لە وە زۆتر شارستانیبم، 

کاتێک وەکو ماسییەکی شین پێمەوە دەنووسێیت..

گێل و گەمژەدەبم ئەگەر لەگەڵ خۆمدا سەرەوخوار راتنەکێشم..

تا لەبنی دەریادا وەک دوو کەشتی بگیرسێینەوە کە هیچ کەس شوێنێیان نازانێت..

*

رۆژی دەریاییمان کۆتاییهات..

تۆ رۆیشتی..لینجیی دەریا دەخزێتە سەر جەستەم..

خۆر وەک برینێک لە یاقوت لەسەر ناوچەوانم مایەوە..

هەوڵم دا بتگێڕمەوەو، دەریاش بگێڕمەوە..

لە گێڕانەوەی دەریادا سەرکەوتم..لە گێڕانەوەی تۆدا سەرنەکەوتم..

ئەوەی دەریا دەیبات نایگێڕێتەوە..

هەوڵمدا لەبواری بیرییەوەرۆژی دەریاییمان پێکبێنم..

بە دەیان درێژەی گچکە پێکەوە بلکێنم.. 

وەک پارچەی سیرامیکی ئاڵ و واڵا..

هەموو شتێکم بیرهاتەوە..

کڵاوە سپییەکەت و، چاویلکەی خۆرو، پەڕاوە فەڕەنسییەکەت 

کە کەوتبووە ژێرلمەوە.. 

تەنانەت ئەو مێرولە سەوزەمبیرنەچۆتەوە، 

کە بەسەر ئەژنۆ مۆمییەکەتدا هەڵدەگەڕا..

یان دڵۆپە ئارەقەکان کەوەک دەنکە مرواری..

دەخزانە سەرگەردنت لەیادم نەچوونەوە..

یاخود پێیە پەتییەکانت کە بەسەر لمەکانەوە، 

وەک چۆڵەکەیەکی تینو هەڵدەگەڕانەوە..

لەبیرم نەچوونەوە..

*

رۆژی دەریاییمان کۆتاییهات..

هێشتا کراسە پرتەقاڵییەکەی خۆشوشتنت، وەک درەختی گێلاس 

لە خەیاڵمداداگیرساوە..

هێشتا ئەو ئاوەی لە قژتەوە دەوەرێت.. دەفتەرەکانم تەڕدەکات..

هەردێڕێک دەنووسم.. لە ئاودا نوقوم دەبێت..

هەرشیعرێک دەنووسم.. لە ئاودا نوقومدەبێت..

لێگەڕێ باخۆرەکە.. دووبارە لەسەر جەستەم هەڵبێ..

*

رۆژی دەریاییمان کۆتاییهات..

دەریا لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا نووسی:

"پیاوێک و ژنێکبوون"..

منیش دەریایەکی راستەقینە بووم"..

(٩٤)

کاتژمێرەکەی کرملێن لە موسکو لێدەدات..

نێوەی شەوەو من لە شانۆی بەڵشۆی تیاترەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئوتێلەکەم

دوای بینینی بالێی (دەریاچەی قوو)، 

کارە مەزنە سەرسوڕ‌ێنەرەکەی چایکۆفسکی..

لەکاتی شانۆگەرییەکەدا پتر لە جارێک بەدوای دەستتدا گەڕام..

لە لای راستمەوە بەدوایدا گەڕام..

لەلای چەپمەوە بەدوایداگەڕام..

کاتێک لەبارودۆخی هونەردا دەبم، 

یان لەبارودۆخی ئەشقدا.. 

بەدوای دەستتدا دەگەڕێم..

پەنای بۆ دەبەم، لەگەڵی دەدوێم..پاڵەپەستۆیدەبەمەسەر..

هەڵدەخزێمەسەر لینجییەکانی..

لەناو دەستیدا دەنووم..

لەناو بارانی یاسەمینەوە، تۆ وەک سەقایەکی سپی

لە دەریاچەی بیرەوەرییەکانمەوە دەرچوویت.

لە کۆتایی شەودا گەڕامەوە بۆ ئوتێلەکەم..

تا پارچە لۆکەی بڵاوەبووی سەرکراسەکەم کۆبکەمەوە..

(٩٥)

ڤۆدکا.. بەسەر زمانمدا وەک شمشێرێک لە ئاگر تێپەڕدەبێت..

لەگەڵ هەر دڵۆپێکدا تۆش تێپەڕدەبیت.

هەوڵمدا ئەمشەو گوتەشیرینبم..

هەوڵمدا رووسبم..

دەیان ئاگر قووتبدات و.. نەسووتێت

بەڵام سەرکەوتوو نەبووم..

چونکە رووبەڕووی دوو ئاگر دەبوومەوە..

کیژە مۆسکۆییەکەی چێشتخانە. ناوی نەتاشایە..

حەزدەکەم تۆش وەک ئەو، ناوبنێم، نەتاشا..

حەزدەکەم لەگەڵم ڕابکەیت

حەزدەکەم لەگەڵم ڕابکەیت

وەکو کۆترێک بەسەر بەفری گۆڕەپانی سووردا..

وەکو کۆترێک بەسەر بەفری گۆڕەپانی سووردا..

*

بادەی گچکە وەکو ئاڵیی لێوەکانت داگیرساوە

بادەی گچکە وەکو ئاڵیی لێوەکانت داگیرساوە

روخساریشت، وەکو گوڵ سەرئاوکەوتووە،

روخساریشت، وەکو گوڵ سەرئاوکەوتووە،

لەسەر ڕووبەری شلەی مرواریئاسا..

لەسەر ڕووبەری شلەی مرواریئاسا..

ئەی نەتاشا.. ئەی خۆشەویستم

ئەی نەتاشا.. ئەی خۆشەویستم

پیاوان مەی دەنۆشن تا لەخۆشەویستەکانیان ڕابکەن..

پیاوان مەی دەنۆشن تا لەخۆشەویستەکانیان ڕابکەن..

بەڵام من مەی دەنۆشم..

بەڵام من مەی دەنۆشم..

تا بۆلای تۆ ڕابکەم..

تا بۆلای تۆ ڕابکەم..

حەزدەکەم لەگەڵم ڕابکەیت 

وەکو کۆترێک بەسەر بەفری گۆڕەپانی سووردا..

*

بادەی گچکە وەکو ئاڵیی لێوەکانت داگیرساوە

روخساریشت، وەکو گوڵ سەرئاوکەوتووە،

لەسەر ڕووبەری شلەی مرواریئاسا..

ئەی نەتاشا.. 

ئەی خۆشەویستم

پیاوان مەی دەنۆشن تا لەخۆشەویستەکانیان ڕابکەن..

بەڵام من مەی دەنۆشم..

تا بۆلای تۆ ڕابکەم..

(٩٦)

لە لێنینگرادەوە، لە پایتەختی تسارەکانەوە، بۆت دەنووسم.

پلەی گەرما سفرە. من تۆ لەبەردەکەم وەک بلوزێک لە سۆز..

دەستم بە تۆ گەرمدەکەمەوە

وەک چۆن کڵێسایەک بە مۆمەکانی، خۆی گەرمدەکاتەوە..

پێمخۆشە تۆ لە بەربکەم، تو دارو خەڵوزی منی..

لەم کیشوەرە جومگە لەرزۆکەدا.

ئەمرۆ هەموو رۆژەکەم لە مۆزەخانەیئارمێتاژدا بەسەربرد.

گشت موزەخانەکانی دنیا لە بەردەم ئەم مۆزەخانە داستانیەدا..

کوختەی هەژاری گژوگیان، 

تەنانەت لۆڤەری مەزن

ئەگەر ناوی ئارمێتاژببرێت.

لە شەرمدا بە دەستی خۆی رووی خۆی دادەپۆشێت

دوو هەزار ژوور جوانترین و بەنرخترین دەستکردی مرۆڤیان تیدان،

کە تزارەکان پارچە پارچە

لە هەموو گۆشەیەکی زەوییەوە کۆیان کردوونەوە.

هەموو وینەگرانی جیهان .. پەیکەرتاشەکان..

لە ژوورەکانی ئەرمێتاژدا هەناسە دەدەن..

لەگەڵ سەردانکاراندا گفتوگۆ دەکەن.. 

ئارمیتاژ ئوتیلی گشت بلیمەتەکانی جیهانە ..

لە وێدا دەنوون .. وێنە دەکێشن .. پەیکەر دەتاشن ..

ئێرە نیشتیمانی هونەرمەندانە ..

تابلۆیەکانی رێنوار، ماتیس، ڤان کۆخ،

گۆیا، گریکۆ، رۆبێنس لێرەدا دانراون.

مەزنترن لە کارەکانیان کە لە وڵاتی خۆیاندا هەن.

سەردانی بەشە تایبەتیەکەی ئیمپراتوری دووەم کاتێرینام کرد..

جل و بەرگەکانی، خشڵەکانی، شانەکانی،

ئوموستیلەکانی، کراسەکانی نووستنی بە زێرچنراو،

پاڵتۆی بە بەردی بەنرخ دارێژراو

لەچرکەیەکی چرکەساتەکانی خەوبینیندا 

تۆم وەک کاتێرینای دووەم هاتە پیش چاو ..

ویستم هەرچی لە ناو گەنجینە بلوریەکاندایە.

لە ملوانکەو بازنەکان بیانڕێژمە سەر پیڵاوەکانت

ئەی تساری تسارەکان.

لە چرکەساتیک لە چرکەساتەکانی بیرکردنەوە،

وام بە بیردا هات کە مۆزەخانەکە.. مۆزەخانەیتۆیە،

تاجەکان تاجی تۆن، هاوه‌ڵەکان هێخۆتن،

کەژاوەی شاهانە بەزێڕو بەبەردی یاقوت و زومرود چنراو

دەخلیسکێتە سەر بەفرەکانی لێنینگراد.

گوێت لە دەنگمە،

کە لەگەڵ هاونیشتیمانانی

بڵاوەبووی سەرشوستەکانی لێنینگراددا

هاواردەکەم (خوا شاژنەکەمان بپارێزێت)!.

من یەکێکم لەوانەی سەرپەرشتییان دەکەیت

ئەی.. تزاری تزارەکان..!

من هاونیشتیمانیەکم.. خۆشی دەوێیت..

لە مەڕ کەنارەکانی دەریای باکوور هەردوو باڵم

بەبزوتنەوەیەکی خۆکرد لە دەوری کەمەرت ئاڵاوە.

لەسەر هەموو دەریایەکان.. تۆ درێژبوویت..

لەسەر رووبەری هەمووکەشتیەکان راکشاویت..

ماسییەکان لە ناو خوێنبەرەکانمدا بڵاوبوونەتەوە

وەك پەڵە مەرەکەبێک لەسەر کراسێکی سپی..

مەمکۆڵەکەت گوێڕایەڵیم دەکات..

وەک چۆن سێوێک

گوێڕایەڵی هێزی راکێشانی زەوی دەکات..

جیابوونەوەش لەتۆ ئەفسانەیە

ئێمە بەرەوژوور دەکەوین،هەڵدەخزێینە بەرزایی خۆر،

..هەریەکەمان سنووری ئەویتر دەسڕینەوە.. نایهێڵین

کاتیک تۆلەگەڵمدا دەبێت. تەنیا یەکێکمان دەمێنێتەوە،

ئەویترمان کۆتاییدێت.

دەنگی تۆ درێژەپێدەری دەنگم دەبێت،

باڵەکانیشم..دریژەپێدەرێکی ئاسایی باڵەکانت..

قژە رەشەکەتدرێژەی خەمەکانم دەبێت.

جیابوونەوەش لەتۆ ئەفسانەیە

(٩٧)

لەسەر گەڵای پایز دەڕۆم، لە باخچەکانی کۆشکی هاوینەیی 

لەلێنینگراد.

دەیشکێنم. دەمشکێنێ..

رەنگەکانی دڕەختەکان لە نێوان رەنگی ئاگرو،

رەنگی زێڕی دێڕینەدا دەخولێنەوە.

گەڵا زەردو سوورەکان و، مسییەکان 

وەک کتێبێکن دێرەکانی دەسوتێن..

خۆر، لە سەر کەنارەکانی دەریای باڵتیک

پرتەقاڵیکە نوقمی ئاوبووە.

ئاوەکانی کەنداوی فینلەندی 

بە دەنگێکی خۆڵەمێشی 

گۆرانی دەڵێن.

خودایە.. چەند ئاسمانە خۆڵەمێشییەکانم خۆشدەوێن..

شارە خۆڵەمێشییەکانم خۆشدەوێن..

ژوانە خۆڵەمێشییەکانم خۆشدەوێن..

خۆشەویستی من بۆ تۆ هەمیشە منداڵیکبووە 

خاوەنی دووچاوی خۆڵەمێشیی

بۆ تۆ دان بە شتێکدا بنێم؟

ئاسمانە شینە چڕەکان نارەحەتمدەکەن.. باشترین ئاسمان

کە تاریکی تێدا رووناکە، رووناکیش تاریکە..

جوانترین چاویش لایمنئەو چاوانەن 

کە لە بارودۆخێکی نیوە تارێکاییدان.

لە سەر کەنارەکانی دەریای باکوور هەردوو باڵم

بەبزوتنەوەیەکی خۆکرد لە دەوری کەمەرت ئاڵاون.

لەسەر هەموو دەریایەکان تۆ درێژبوویت..

لەسەربانی گشت کەشتیەکان راکشاویت..

ماسییەکان لە ناو خوێنبەرکانمدابڵاوبۆنەتەوە

وەک پەڵە مەرەکەبێک لەسەر کراسێکی سپی..

مەمکۆڵەکەت گوێڕایەڵیم دەکات وەک چۆن سێوێک

گوێڕایەڵی هێزی راکێشانی زەوی دەکات..

جیابوونەوەش لەتۆ داستانە..

ئێمە بەرەوژوور دەکەوین،هەڵدەخزێینە بەرزایی خۆر،

..هەریەکێکمان سنووری ئەویتر دەسڕینەوە.. نایهێڵین..

کاتیک تۆلەگەڵمدا دەبێت. تەنها یەکێکمان دەمینێتەوە،

یەکێکمان کۆتاییدێت.

دەنگی تۆ درێژە پێدەری دەمم دەبێت،

باڵەکانیشم دریژە پیدەرێکی ئاسایی باڵەکانت دەبن..

قژە رەشەکەت درێژەی خەمەکانم دەبێت.

(98)

ئێمە بەرەوژوور دەکەوین، هەڵدەخزێینە بەرزایی خۆر،

هەریەکێکمان سنووری ئەویتر دەسڕینەوە..

نایهێڵین..

پەشیماننیم بۆ ساڵە ونبوەکانم لەگەڵتۆدا..

پەشیماننیم بۆ ساڵە ونبوەکانم لەگەڵتۆدا..

کاتیک تۆلەگەڵمدا دەبێت. تەنها یەکێکمان دەمێنێتەوە،

یەکێکمان کۆتاییدێت.

دەنگی تۆ درێژە پێدەری دەمم دەبێت، 

باڵەکانیشم دریژە پیدەری ئاسایی باڵەکانت دەبن..

قژە رەشەکەت درێژەی خەمەکانم دەبێت.

کاتێک تۆلەگەڵمدا دەبیت. تەنها یەکێکمان دەمێنێتەوە،

یەکێکمان کۆتاییدێت.

دەنگی تۆ درێژە پێدەری دەمم دەبێت، 

باڵەکانیشم دریژە پیدەری ئاسایی باڵەکانت دەبن..

قژە رەشەکەت درێژەی خەمەکانم دەبێت.

کاتێک تۆ لەگەڵمدا دەبیت. تەنیا یەکێکمان دەبێت،

یەکێکمان کۆتاییدێت.

دەنگت درێژەی دەممدەبێت،

باڵەکانت درێژەی ئاسایی باڵەکانمدەبن..

قژەڕەشەکەت درێژەی خەمەکانم دەبێت.

من پەشیمانی ناکەمە پێشە.

من پەشیمانی ناکەمە پیشە.

بەداخیشەوەنیم..

کە یاریم لەسەر ئەسپێکی دۆڕاوکردووە..

قومارکردن لەسەر ئافرەت..وەک قومارکردنە لەسەر ئەسپەکان..

ئەنجامەکانی مسۆگەرنییە..

لەوێدا پەیامبەریی بەڕاست نازانرێت..

هەر پیاوێک ماینێک هە‌ڵدەبژێرێت..

هەرژنێک ئەسپێک هەڵدەبژێرێت..

لە کۆتاییدا تەنیا ژنان سوودمەنددەبن..

*

ئەزموونی من لەگەڵ ئەسپ و ژناندا.. هاوشێوەیە..

جارێک قازانج و.. چەندان جار زیاندەکەم..

جارێک سەردەکەوم و..چەندان جار ژێرکەوتوودەبم..

وێڕای ئەوەش لەسەر یارییەکە بەردەوام دەبم..

لەپەیڕەوکردنیدا زۆر شیعر دەبینمەوە..

لەوە جوانترنییە لەناکاوێکدا..

بکەویتە ژێر سمی ئەسپەوە..

یان ژێر سمی خۆشەویستییەوە..

(٩٩)

دڵنیابە خانمەکەم!

من نەهاتووم جوێنت پێبدەم،

یان لەسەر پەتی ڕق و کینەم لەسێدارەت بدەم

نەشهاتووم، چاو بەدەفتەرە کۆنەکانم لەگەڵ تۆدا بگێڕمەوە

منیش پیاوم..

دەفتەرە کۆنەکانی خۆشەویستییەکەی ناپارێزێت..

هەرگیز بۆشیان ناگەڕێتەوە..

بەڵام هاتووم تاسوپاست بکەم..

بۆ ئەو گوڵانەی خەمگینی کەلە ناخمدا چاندوتە

لە تۆوە فێربووم گوڵەڕەشەکانم خۆشبووێ..

بشیانكڕم..

لە گۆشەکانی ژوورەکەمدا دابەشیانکەم..

*

نیازم نییە،

هەلپەرستیت ریسوابکەم..

یان کاغەزە ساختەکانت ئاشکراکەم

کە لەماوەی دووساڵدا.. یاریت پێدەکردن..

بەڵام هاتم تا سوپاست بکەم..

لەسەر وەرزی فرمێسک و..

شەوانی ئازاری درێژ..

بۆ گشت کاخەزە زەردەکان

کەتۆ لەسەرخاکی ژینم پەخشتکردوون..

ئەگەر تۆ نەبوویتایە

تامی نووسینم بە ڕەنگی زەرد

تامی بیرکردنەوەم..

بەڕەنگی زەرد..

تامی ئەشقم بە رەنگی زەرد..

نەدەدۆزییەوە..

(١٠٠)

ئا ئەمەش دوانامەی منە..

دوای ئەمە هیچ نامەت نابێ..

ئەمە دوا پەڵە هەوری خۆڵەمێشییە

کە بەسەرتا ببارێنێ..

دوای ئەمە باران نازانیت..

ئەمە دوا بادەی پێکمە..

دوای ئەم پێکە شەرابەی من..

نە شەکردەبێ..نەشەراب..

ئەمە دوا نامەی شەیدابوونە.. 

دوا نامەی منداڵییە..

دوای من،خاوێنی منداڵی..

سەمەرەیی شەیدابوون..

نازانیت..

من ئاشقتبووم..

وەک منداڵێکی لەقوتابخانە هەڵاتوو..

کە لە گیرفانەکانیدا چۆلەکەکان دەشارێتەوە..

شیعرەکان دەشارێتەوە..

من لەگەڵ تۆ بووم..

منداڵی وڕێنەو،سەرگەردانی و، ناکۆکیەکان

منداڵی شیعرو وتاری دەمارگیریبووم..

بەڵام تۆ..

ژنێکی خۆرهەڵاتیی خانمانە..!

لەناو هێڵی فنجانەکانی قاوەدا

لە ویستی داخوازیکاراندا

چاوەروانی چارەنووسی خۆیبوو

چەند بێبەختبووی خانمەکەم

لەمڕۆ بەدواوە لەناو پەرتووکە شینەکاندا نابیت

لەناو کاخەزی نامەکاندا

لە گریانی مۆمەکاندانابیت

لە جانتای پۆستەبەردا نابیت

لە شایی شەکردا نابیت

لە فڕۆکەی کاخەزی رەنگاوڕەنگ

لەنێو ئازاری شیعردانابیت

خۆتکردە دەرەوەی باخچەکانی منداڵیم.. 

بوویتە پەخشان.. "نثر.."