ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نووسینى : شێخ سدیق

هیچ جۆرە باڵندە و ئاژەڵێک نەکوژن، جل و بەرگ نەپۆشن، هەرچیەکیان هەبێت هیى هەموویان بێت هیچ کەسێک شتى تایبەت بە خۆى نەبێت، هەموو شتیک هیى گشتى بێت، ساڵێ جارێک کەسێک بکرێتە سەرپەرشتیارى گوندەکە بۆ چارەسەرى کێشە و کەموکوڕییەکان... بۆیە لەو کاتەوە ئەمە کلتوورى ئەم گوندەى ئێمەیە.

× × ×

ڕێگا دوورەکان کۆتاییان نەدەهات، نزیکەى یەک مانگى ڕەبەق ڕێگەیان بڕى، سەختى زۆر و ڕەوە گورگى برسى و پڵنگ و شێر و ڕێوى و چەقەڵ و ئاژەڵە کێوییەکان پابەند بوون بە ڕێککەوتنى ئاشتى نێوان مرۆڤەکان کە بارام بە هەوڵ و تێکۆشانى ئەم ڕێککەوتنەى بەرهەم هێنا بوو، بۆیە ترسیان بۆ سەر ژیانیان نەبوو، بە پێچەوانەوە، کاتێ دەیانزانى بارام لە ناوچەکەیە، دەچوونە پێشوازى بە سەر لەقاندن ڕێزیان بۆ دەنواند.

پەرى بەفر گوتى: ئەوە گەیشتینە دەریاى (ئاڵتونى)، من لەوە زیاتر ناتوانم تۆ بگەیەنم دەبێت لە تەنیشتى ئەم دەریایە چاوەڕوان بکەیت، تاکو بەلەمەکانى قاچاغچییەکان دێنە ئێرە و لەگەڵ خۆیان دەتبەن.

هەردووکیان دابەزین، چوونە تەنیشتى شەپۆلى زەریاکە و بە چاوەکانییان لە یەکترییان ڕوانی و پەرى بەفر گۆزە شەرابەکەى لە گالیسەکەدا داگرت و بەشەراب خۆیانى تەڕکرد و گوتى: بۆ ئەوەى لە ڕێگەى گەڕانەوەم سەرما ڕەقم نەکاتەوە، دەبێت خوێنى جەستەم بجوڵێت، باوەشیان لە یەکتر گیر کرد و، لە ناو گالیسکەکە یەکتریان دەهێناو دەبرد، لەبەر شەپۆلى ئاو باى ساردى دەمەوبەیانى سیکسان دەکرد، دەستیان لە سەر مەمک و سمتى یەکتر بوو، لە ناکاو پەرى بەفر گوتى: ئیتر سەرما کارم تێناکات، دڵنیاشم تۆش لە شەپۆلى ساردى زەریاکە دەپارێزێت...

پەرى بەفر سوارى گالیسکەکەى بوو، بەماچێکى قوڵ ماڵئاوایى کرد و گەڕایەوە. بارام لە لێوارى زەریاکە لەشەپۆلى ئاوەکەى دەڕوانى و زەریاکە هێند گەورە بوو، بیرى لەوە دەکردەوە چۆن لێیدەپەڕێتەوە... 

لە دوورەوە بەلەمێکى بینى بەرەو ڕووى دەهات، هەستایە سەر پێ و کراسەکەى داکەند و بە دەستەکانى ڕایدەوەشاند، بارام هەستى کرد ئەویش پەڕۆیەکى سوورى بە دەستەوەیە و ڕاى دەوەشێنێ، تێگەیشت ئاگادارە، بۆیە دانیشتەوە و لە چاوەڕوانى گەیشتنى بەلەمەکەدا بوو.

چەند جار ئاوڕى دایەوە بۆ پەرى بەفر، دڵى هەر لاى بوو، جوانییەکانى لە بەرچاوى ون نەدەبوون، گەیشت بووە سەر لوتکەى چیاکە و وەکو با دەڕۆشت بە ناو بەفرى سەخت و ڕەشەباى تووش دا لەچاو ون دەبوو... بەلەمەکە نزیک لێوارى ئاوەکە بووەوە، هاوارێکى کرد و گوتى: هۆ ڕێبوار.

بارام هەستایە سەرپێ و گوتى: زۆر باشە کۆڵەکەى هەڵگرت و، خۆى هەڵدایە ناو بەلەمەکە... بەلەمەوانەکە بە سەوڵەکانى بەلەمەکەى سوڕاند و ڕووى کردە قوڵایى زەریاکە و گوتى: بۆ کوێ دەچیت؟

بارام گوتى: دەچمە چیاى مارزان، بەلەمەوانەکە گوتى: ڕێگاى زەریا لە زستاندا زۆر سەختە، شەپۆلەکان لەوانەیە لەگەڵ خۆیاندا بمانبەن، هەوڵدەدەم بەناو زەریاکەدا شوێنە هێمنەکان بگرم، هەرچەند مەترسیدارترین کاتە.

بەرەو قوڵایى زەریاکە کەوتە سەوڵ لێدان و دڕدان بە ئاوەکە، بارام یەکەمجار بوو لەو ئاوازانە بەر گوێیەکانى بکەوێت، بۆیە بەردەوام گوێى لە شەپۆلی ئاو و خۆهەڵدانى قرشەکان و نەهەنگەکان دەگرت. ڕامابوو لەجوانى زەریا و شەپۆلەکانى ئاوەکە، هاژەى خێراى ئاو، دەنگى گڤەى با، تێکەڵ بە شەپۆلەکان دەبوون. ئەو دەیویست دەنگەکان لەیەکترى جیابکاتەوە، بەجیا بیانبیستێت و دواجار پێکەوە گوێ لە هەموو ئەو دەنگانە بگرێت، بارام کەوتبووە ناو دنیایەکى تەلیسماوى کە هەرگیز نەیدەزانى ئەم مۆسیقای سروشتە هێندە کاریگەرن و تێکەڵ بە ڕۆح و جەستەى دەبن .

بەلەمەوانەکە گوتى: بۆ دەچێت بۆ چیاى مارزان.

بارام گوتى: بەرەو بەهار دەڕۆین، لە یەکەم ڕۆژى نەورۆزدا، ڕۆحى زەردەشت دەردەکەوێت. بەلەمەوانەکە گوتى: هەموو ساڵێک بەهاران زەردەشتییەکان لەم زەریا ترسناکە دەپەڕنەوە و دەچن بۆ ئەوەى ڕۆحى پاکى زەردەشت ببینن.

بارام گفتوگۆیەکەى بەلاوە گرنگ نەبوو، گوتى: زۆمان ماوە زەریاکە تێپەرێنین؟ بەلەماوانەکە گوتى: هیشتا سەرەتاى ڕێگاکەمانە.

بارام کەوتە تێڕامان لە شەپۆلى تاریکى شەوى ترسناک ئەستێرەکان بە ئاسمانەوە نەدەبریسکانەوە، کەشێکى سامناکى بەرشەپۆلى توندى زەریا بەلەمەکەى لەگەڵ خۆیدا دەبرد بەرەو قوڵاییەکان، ترسێک هێندە مردن لە دڵ و دەروونى بارامدا دروست کرد بوو. بەڵام مۆسیقا و ئاوازى ئەو کەشە دڵى بارامیان بە ئەندازەیەک خۆش کردبوو، لە دڵى خۆیدا دەیگوت: ئەم مۆسیقاى شەپۆلى ئاوانە دەکەم بە بابەتى باشترین وانەى زانکۆکەم، دەزانم قوتابییەکان لە خۆشیدا سوپاسم دەکەن! بەلەمەوانەکە گوتى: سەوڵەکان لە ناو بەلەمەکەدا دادەنێم و لەم جێگەیەدا شەپۆلەکان نامێنن، کەمێک دەخەوم. بارام گوتى: ئەگەر تۆ بخەویت شەپۆلەکان لەگەڵ خۆیان دەمانبەن بەبێ داخوازى خۆمان.

بەلەمەوانەکە گوتى: دەزانم لێرەوە دەمانباتە سەر ئەو ڕێگایەى کە ئیمە بۆى دەچین... بەلەمەوانەکە چووە خەوێکى قوڵەوە، زەریا هێمن بوو، تەنیا شەو تاریکى و بەلەمێک لە قوڵایى زەریادا چارەنووسیکى نادیاریان هەبوو. بارام لەقوڵاییەکان لە پرخەى خەوى بەلەمەوانەکە و شەپۆلى خۆهەڵدانى نەهەنگەکان گوێى ڕاخستبوو بەقوڵى ڕادەما و لە هەموو جوڵە و دەنگێک کە بۆ ئەو ئاوازێکى پڕ لە نۆتەى دەبیست. بۆیە ترس لە ناخیدا ڕۆیشت و خۆى بە گوێگرتن لە ئاوازى نیوەشەوى ناو تارکى زەریاوە سەرقاڵ کرد و دەکەوتە دنیایەکى نوێوە.