ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەر دەڵێن شەڕ ڕاوەستاوە

ئەی بۆچی ئەو باخچەیە ،

بێ کەنیزەی پەپولەو بێ زریکەی هەنار نابێ ؟

هەر تفەنگەو،

بەدوای کوشتنی سێبەری شەنگەبیەکدا ڕادەکا !

هەر چاوی،

پەڕەسێلکەیەکی بیژووە،

بەدوای ئەتک کردنی خاکدا دەگەڕێ !

هەر تفەنگەو ،

سێبەری باخچـە بێوەژن دەکاو

خوێنی گوڵاڵە دەخواتەوە،

لەکاسەی سەری ڕوبار

لەدەفتەری حەڵاڵـی مێژوی سبەی .

هەر دەڵێن شەڕ ڕاوەستاوە

ئەوە نیە هەمو ڕۆژێ،

لەسەر مێزی قومارخانەی شەرق و غەربا

شەڕ لەسەر دیواری قوتابخانە دەنوسرێت و

حەرفەکانی دارهەنارێک،

زیندانی دەکرێن .

دەست و قاچی دارتوویەک،

دەدرێتەوە بەر ڕەشەباو

سەبەتەیەک خەونی سبەی،

لەگەڵ سێبەری دارقەیسیەک

بەیەکەوە لەدار دەدرێن !

لێم ڕونە ڕون

تاخەتـی سور،

سوری سنور

لەسەر ئەتڵەس

لەچاویاندا جینگـڵ بدا

هەمو ڕۆژ ڕۆژی جەنگــە .!

من لێم ڕونە !

تاکو مێژوو،

چاوەکانی هەر ئاوێنەی بەر هەتاو بێ

شەڕ هەر ماوە،

ڕستەیەکی درۆی باوە

لێرەو لەوێ جاڕ لێدەدەن ،

شەڕ وەستاوە !!!