ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئارەزوو و کاوەش نەیاتوانی دواڕۆژی خۆیان مسۆگەر بکەن

گوڵناز سەرکەوت

ئەفسەری ئێشکگر، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ هات و بەخێرایی ئەمری بەسەر پۆلیسەکان کرد بۆ ئامادەباشی و دادوەری لێکۆڵینەوەشی ئاگادارکردەوە و بەسواری سەیارەکانی پۆلیسخانە بەرەو شوێنی ڕووداوەکە بەڕێ کەوتن، لەوێ خەڵکی گەڕەک کۆببوونەوە و تەرمی گەنجێکی جوان کە بە چەقۆ لەپشت وسنگی درابوو، لەسەر زەوی کەوتبوو، یەکسەر هەڵیانگرتەوە و بەرەو نەخۆشخانەیان ڕەوانەکرد و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

ئارەزوو، کە لە منداڵییەوە پێیان دەگوت ئارە، کچێکی لێوەشاوەیە، خۆی تەمەنی هەیە، بەڵام نازی کچێکی هەرزەکاری تازە ئاشقی لێ دەتکێ، وەها چووبووە ناو قسەکانی کاوە، مەگەر لەدنیا دابڕابوو، تەنیا لێوەکانی کاوەی دەبینی، کە قسەی بۆ دەکرد، باسی داهاتوو، پلانی چۆنیەتی هاوسەرگیری و ماڵی هاوسەرێتی پێک بهێنن.

کاوە، خۆی كاری كڕین‌و فرۆشتنی زەوی و خانوو دەكات. بەدەگمەن لەگەڵ هاوڕێیەکانی باسی پەیوەندی خۆی و ئارەی دەکرد، زۆرجار کە پرسیاری ئەوەیان لێدەکرد، پەیوەندیتان گەیشتە کوێ، دەیگوت، هێشتا ماوێتی و مەوزووعی دەگۆڕی، وەک بڵێی دڵی ترسی تێدایە و نەیدەویست باسی پەیوەندییەکە ئەوەندە پەرتوبڵاو بێت، تاکو ڕۆژی خۆی دادێ، ئیتر لەترسی ئەوەشی هەبوو، کە لەماڵی خۆشیان نەدەتوانی هەموویان بەو هاوسەرگیرییە قەناعەت پێ بکات، وەکو دێوەزمە بەردەوام فیکر و هۆشی داگیر کردبوو.

ماڵی باوکی ئارە کێشەیان لەگەڵ بەشوودانی کچەکەیان نەبوو، بەڵام برایەکی ئارە بە پەیوەندی خۆشەویستی ئارە و کاوەی لەڕێگای دانشتنی گازینۆ و بەدەم نێرگەلەکێشانەوە لە یەکێک لە برادەرەکانی زانیبوو کە گوتبووی ئارەزووی خوشکتم لە پارکی سامی دیت لەگەڵ خزمێکتان بوو دیارە ئەویش هەر قوتابییە لەگەڵ خۆی، چونکە کە سەلامم لێکردن، بە تەبیعی جوابی سەلامەکەی منیان دایەوە و گوتی ئەوە برادەرمە و خزمیشمانە و لەگەڵ دەستەخوشک و برادەرەکانمان ئەمڕۆ هاتینە دەعوەتێ.

بەڵام ڕێبواری برای ئارە، ئەمەی لەمێشکدا، پێ قبوڵ نەدەکرا و بەسەر خۆشی نەهێنا لەبەرچاوی برادەرەکانی و ئەو ڕۆژە بەزوویی چۆوە ماڵێ و یەکسەر بانگی ئارەی کردبوو، باسی ئەو بابەتەی لەگەڵ کردبوو، بووە دەنگەدەنگیان و پاش ڕووداوی کوشتنەکە لە قسەی ئەملاو ئەملا بەدیارکەوت کە ئارە پێی گوتبوو، چییە خۆ من منداڵ نیم هەتا بەم شێوەیە موحاسەبەم بکەی، من دەزانم چ دەکەم و ئەتوو هەقت بەسەر منەوە نییە، لەم بەزمی هەراو دەنگ بەرزکردنەوانە، داک و بابی ئارەش لەمەوزووعەکە گەیشتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، گوتیان کچم لۆ ئێمە عەیب دەبێ، با لەدەرگەوە بێنە پێش و بزانین چ دەبی، بەڵام رێبوار هەر بەخۆی بەردەوام بەدوای ئارەوە بوو تەعقیبی دەكرد.

ماڵی بابی ئارە خۆیان بەبنەماڵە و عەشیرەت دەزانن، ئەو مەوزوعی چوونە دەر و پەیوەندیی خۆشەویستییەکان بەگران لەسەر خۆیان حیساب دەکرد. بۆیە بەردەوام دڕدۆنگییان لە ئارە دەکرد و بەردەوام بەدوای هەڵسوکەوت و چوون و هاتنییەوە بوون.

ئارە، کەوتە نێوان دوو بەرداشان، یەکیان خۆشەویستی بێ ڕادەی بۆ کاوە و ئەویدیکەیان موحافیزکاری باب و مام و برا و ئامۆزاکانی، بۆیە نەیدەزانی چی بکا، هەوڵی دا مەوزووعەکە بگەیەنێتە کاوە و لەگەڵی یەکلایی بکاتەوە، پێی گوتبوو کاوە دەبی ئەم بابەتە دابخەین، وەرە داخوازیم و بزانە ئیشەکە بەڕێکوپێکی بکە.

هەرچی کاوەیە لەماڵێش کێشەی هەیە و ماڵی ئەوانیش جۆرێک لەناڕازیبوونیان بەم هاوسەرگیرییە هەیە، بەهەر حاڵ کاوە چوووە داخوازی ماوەیەک جوابی بەڵێ و نەخێریان لێ نەگێڕایەوە، جاری دووەم لەڕێگای خزم و ناسیارەوە دیسان مەوزووعەکەی لەگەڵ کردنەوە، دیسان وەڵامی ئەرێنی وەرنەگرت. لەولاشەوە فشار لەسەر ئارە زیادی دەکرد کە نابێت ئەو کوڕە چیتر ببینێت، چەند جار شەڕ و فرتەنە لەماڵیان ڕوویدا و هەتا گەیشتە ئەوەی گەفی کوشتنی لێبکەن.

ئارەش زۆری لەکاوە دەکرد، پێی گوتبوو هەتا ئیشەکە لەدەست دەرنەچووە چارەسەری ئەم وەزعە بکە، خۆ ئیمە چیمان کردووە، یان با ماوەیەک ساردی بکەینەوە، کاوە ساردکردنەوەکەی پێ خۆش نەبوو، چونکە لەوە دەترسا ئارەی لەدەست بچێت و بەزۆر بیدەنە یەکێکی دیکە.

(م) کە دایکی ئارەیە، لەکاتی ڕوودانی تاوانی کوشتنی کاوە و دەستگیرکردنی ڕێبوار، و دیار نەمانی شوێنی ئارە، بەهەندێک لەخزمەکانی گوتبوو، کە لەماڵی پێمان گۆت وازی لێبێنە و با ئیشەکە خراپتر نەبێت و بەو کوڕەش بڵێ چیتر تەلەفۆن و مەوعید لەگەڵ نەکات، خەڵک قسان دەینن و دەبەن و قسەی خێر ناکەن. کچم ئێمە تەحەموولی ئەو مەوزوعە عەشایەرییە ناکەین.

ڕێبوار لەهەمووان زیاتر تووڕە و تووند بوو، دیارە لەناو گەنجان تەعلیق و قسە و ناتۆرەی زۆری پێدەگوترا، بۆیە نەیدەتوانی تەحەموول بکات. ڕۆژ بەدوای ڕۆژ تەعقیبی کاوەی دەکرد، هەتا دەڵین جارێکیان گەفی لێکردبوو کە وازی لێنەهێنی لەسەر دنیات ناهێڵم، ئەوە ئەمە نین ئەوە قبوڵ بکەین کچمان لەگەڵ کەس عەشقبازی بکات، کاوەش گوێی بەم قسانە نەدەدا، چونکە ئەویش خزم و کەسی خۆی هەبوو، هەروەها نەیدەتوانی وا بەئاسانی دەست لەئارە هەڵبگرێ. ئیتر هەر بەتامای ئەوە بوو کە چارەسەری کێشەکە بکرێت، بیر لەلای گەفی کوشتن هەر نەدەچوو وای دەزانی تەنیا گەفە و هیچیتر.

ڕۆژێکی لەگەڕەکی نەورۆز (حەی عەسکەری)، بەرەو بازاڕ لەماڵ دێتە دەرەوە، لەناکاو بێ هیچ پێشەکییەک، چەقۆیەکی بەر پشتی کەوت، لەساتی کەوتنی یەکێکی دیکەی بەر دڵی کەوت، هەر ئەوەندە و ئاگای لەخۆ نەما و کەوتە سەر زەوی، کەسێکیش بەخێرایی خۆی دەرباز کرد، خەڵکی کۆبوونەوە و هەر بەخێرایی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و پاش یەک کاتژمێر کەمتر گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کوشتنەکە کێشەی کۆمەڵایەتییە، خۆ لە وڵاتی ئێمە زۆری ئەمجۆرە کوشتنانە بەهۆی دواکەوتوویی و شتێک کە ناوی دەنێن غیرەتیی پیاوەتی کوشتن بەهەستی سارد ڕوودەدات.

چتر ڕۆژی ئاسایی نییە، پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەموو ئەوانە دەرکرد کە پەیوەندیان بەکاوە هەیە ئەوانەی لێوەی نزیکن یان لە ئارە نزیکن، ڕووداوەکە لەناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری 2015 بووە و هێشتا پەڕاوی ئەم تاوانە بەتەواوی یەکلایی نەبۆتەوە، بەقسەی پۆلیس بەهۆی کێشەی خۆشەویستی نێوان کاوە و ئارەزوو، ڕێبواری برای ئارە کارەکەی ئەنجام داوە، بەڵام کێی لەگەڵ بووە، کێ هانی داوە؟ هێشتا بەتەواوی ڕوون نییە.

ئەوەی دیارە، ئارە شوێنی نادیارە و هەندێک دەڵێن ئەویش کوژراوە، هەندێک دەڵێن خۆی بزرکردووە، بەڵام بەگوێرەی قسەی ناو هەردوو بنەماڵەکە، ماڵی بابی ئارە هەوڵی سولحیان داوە، بەڵام ماڵی (ع، م) کە دەکاتە باوکی کاوە بەسولح ڕازی نین و تازەشیان دانەنا.

كیشەكە گەورەترە لەوەی باس دەكرێت، چونكە كێشەی خوین ‌و كوشتن بەئاسانی لەناو عەشیرەت‌و بنەمالەكاندا، بەئاسانی نابڕیتەوە، هەر ئەوەیە وای كردوە كە دوای 4ساڵ بەسەر مالی بابی ئارە دابدەن‌و برایەكی بریندار بكەن لەئەنجامی شەرە تەقە.

کێشەی خۆشەویستی ئارە و کاوە بە خوێن و لێکدابڕان کۆتایی هات، کێشەکە بووە کێشەی خۆشەویستییەکی خوێناوی بۆ هەردوو بنەماڵە، کە ڕەنگە بۆ چەند نەوەیەک کۆتایی پێ نەیێت، هەروەها یەکێک کوژرا و یەکێک گیرا و ئارەش شوێنی بزر و نادیارە کە بۆ بنەماڵەی ئارە ناخۆشترینە، چونکە خەڵک بە هەموو شێوەیەک هەر قسە دەکات. ئەی دەبێ چەند کاوە و ئارە و شیرن و فەرهاد و لاس و خەزاڵ و سێوە و محەمەدی دیکە بەڕێوەبێت، چۆن ڕێگا لەم تاوانە گەورانەی کوشتن و لێکدابڕانی مرۆڤە پڕ لەهەست و سۆزە بگیرێت کە تەنیا تاوانیان یەکتریان خۆشویستییە؟.