ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

من ئەزانم رۆژێ دێ

 تەق تەق

لە دەرگای بێڕەنگیم ئەدەیت و

بەسەر بێدەنگیمدا تێئەپەڕی

٭٭٭٭٭٭

دڵنییام دێیت ، بەڵام لە وەرزێکدا 

کە چاوەڕوانیی

لە هەڵوەرینی گەڵاکانی تەمەن ئەچێ 

روناکیی ؛ زوقمی تاریکی گرتووەو

جەستەیەک ؛ تارمایی غەریبێکی لێ ئەتکێ

٭٭٭٭٭٭

کە هاتی

لە هیچ کوێی مندا مەگەڕێ

نە بستە شوێنێ ماوە بۆ داگیرکردن

نە کێلگەیەکی تەڕ

بۆ ژیاندنەوەی وەرزی مردن

٭٭٭٭٭٭

ئەزانم ئەو کاتە دێیت 

نە خەونێک ماوە بۆ گێڕانەوە

نە گوێچکەیەک بۆ بیستن

نە چاوێک ماوە بۆ گەڕان

نە دڵێک بۆ شەیدابوونەوە

٭٭٭٭٭٭

تۆ ، ئەزانم تەنیا ئەو کاتە دەرئەکەویت

کە لە پەیدانەبوونی مندا 

پەیدا ئەبیت

ئەو ساتە دێیت

کە من نیم و

لە نەبوونی منیشدا 

بەچی ئەچێت

تۆم هەبێت یاخود نەبێت