ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زوهدی داودیی ڕۆماننووس ساڵی 1940 لەخورماتوو هاتووەتە دنیاوە. سێ ساڵ لەكەركووك لەگوندی مامە مامۆستای سەرەتایی بووە، یەكەمین چیرۆكی لە گۆڤاری (الادیب)ی لبنانیدا بڵاوكردەوە. هەروەها بەشداریی كرد لە نووسین بۆ گۆڤاری (شەفەق)، كە ساڵی1957 چیرۆكنووس عەبدولسەمەد خانەقا سەرپەرشتیی دەكرد. سێ ساڵی لە ژوورە تاریك و نووتەكەكانی زیندانەكانی باقووبە و ڕومادی و حیللەدا گوزەراندووە. پاشان خوێندنی مێژوو و فەلسەفەی لە زانكۆی لایپزگی ئەڵمانیا تەواو كرد و لە ساڵی 1976دا بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفەی مێژوو بەدەستهێناوە. گەڕایەوە عێراق تاكو لە زانكۆی مووسڵ لە نێوان ساڵانی 1976 و 1979 وانەی فەلسەفەی مێژوو بڵێتەوە. دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس دەستی لە بیناقاقای ڕۆشنبیرانی چەپ گیر كرد و ڕاوەدووی دەنان، دووبارە سەریهەڵگرت. ئەوەبوو لە مەغربی عەرەبی سەقامگیر بوو و لە زانكۆی قاریۆس مامۆستای مێژووی فەلسەفە بوو، دواتر گەڕایەوە زانكۆی لایپزگ. لە ساڵانی 1981-1992 هەر لەو زانكۆیەدا لە بەشی مێژوو مامۆستای یاریدەدەر بوو.

ساڵی 2004 گەڕایەوە كەركووك و بۆ ماوەیەك لە زانكۆی كەركووك وانەی گوتەوە. لە سۆنگەی نائارامیی ڕەوشی كەركووكەوە بۆ یەكجاری گەڕایەوە ئەڵمانیا.

تا نووكە "14" كتێبی بە عەرەبی و ئەڵمانی لە نێوان كۆمەڵە چیرۆك و ڕۆمان و مێژوو و وەرگێڕان داناون. زوهدی داودی یەكێك لە نووسەرانی چالاكی گرووپی كەركووك (جماعە كركوك) بووە، كە لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا لە كەركووكەوە گوڕ و تینێكیان خستبووە بەر ئەدەبی قەتیسماوی عێراقی و ئەو گۆمە مەنگەیان شڵەقاند.

لەمێژەوە ئەو كەسێكی گۆشەنشین بوو و لە پەراوێزدا بە بێدەنگی داهێنانی خۆی دەكرد. ڕەنگە ئەمەش بۆ ئەو سێ ساڵی زیندانیكردنەی بگەڕێتەوە.

سەرەتا بە چیرۆك دەستیپێكرد و پاشان لەسەر ڕۆمان گیرسایەوە. دیارترین ڕۆمانیشی سێیینەی دۆڵی كفرانە: (درێژترین ساڵ)، (سەردەمی هەڵاتن)، (وەرچەرخانەكان). 

نووسەر لەم سێیینەیەدا باس لە دەڤەری گەرمیان بەتایبەتی و چەقی شاری كەركووك بەگشتی دەكات. دەكرێت بڵێین ڕۆمانێكە كار لە ناو مێژوودا دەكات و جار جاریش بە فانتازیا ماركیزییەكەی لە ڕووداوە مێژوویییەكان دوور دەكەوێتەوە، هەتا زیاتر بە واقیعەكەمان ئاشنا بكات.

ڕۆماننووس لەو سێیینەیەیدا هەوڵی داوە مێژوو بكات بە كەرەستەی ڕۆمانەكەی، نەك ڕۆمانەكە بكات بە كەرەستە بۆ مێژوو. واتا لەپێناوی ئایندەدا مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا دەكات.

نووسەر لە ڕۆمانی (درێژترین ساڵ)دا باس لە زوڵم و ستەم و گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی توركە عوسمانییەكان لە ناوچە كوردنشینەكاندا دەكات، كە چۆن لە هەوڵی ئەوەدا بوونە دووبەرەكی و ناكۆكی لە نێوان هۆزە كورد و عەرەب و توركمانەكاندا بچێنن و دەرگیری دوژمنداری و شەڕێكی بێئامانی هەمیشە بەردەوامیان بكەن. 

نووسەر ژیرانە لە ناو گوندەوە بە كووچە و كۆڵانەكاندا شۆڕ بووەتەوە و دەمانباتە ناو ماڵی یەك بە یەكی كەسایەتییە سەرەكییەكان، تاكو بە نهێنییە تاكە كەسییە چەپێنراو و متبووەكانیان ئاشنا ببین.

زۆربەی زۆری كاراكتەرەكانی ڕۆمانەكە لە لایەنی سێكسییەوە چەپێنراون و ئەوی بە بیر و خەیاڵماندا نایەت بە دزییەوە دوور لە چاوی ئەم و ئەو دەیكەن. نازانیت نەفرەتیان لێ بكەیت، یاخود بەزەییت پێیاندا بێتەوە! داخۆ ئەو شتە تابویانەی دەستی بۆ دەبەن، ڕەوان یانەخۆ نەفرەتلێكراو؟ ئاسایین یاخۆ دژ بە دابونەریت؟ 

بەگشتی ئافرەت لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵی دامركێنەرەوەی حەزەكانی پیاو و قوربانی و ئاگركوژێنەرەوەی ناكۆكییەكانی ناو خێڵەكان دەگێڕێت. لێ ئەوی مایەی ئومێدە، بە ئاشكرا بێت یاخود پەنهان، ناڕەزایی لەو دابونەریت و گوێڕایەڵییەی بەسەریاندا سەپێنراون، بەدی دەكرێت.

 

زوهدی داودی لەم ڕۆمانەشیدا وەك چەپڕەوێك، هاوشێوەی ڕۆماننووسی عێراقی (غائیب توعمە فەرمان)، سەرەڕای گەڕان و سووڕان و ئاوارەبوون و دووركەوتنەوەی، ئینجاش لە هەموو ڕۆماننووسە عێراقییەكان پتر بە خاك و كێشەكانی وڵاتەكەیەوە پێوەستە. هەڵبەت نووسەر سەرەتا ئەم ڕۆمانەی لە ساڵانی 1987-1989دا بە زمانی ئەڵمانی نووسیوە و ساڵی 1993 بە چاپی گەیاند. پاشان هەر بە خۆیشی ساڵی 1994 وەریگێڕایە سەر زمانی عەرەبی.

یەكێك لەو خەسڵەتانەی كارەكانی زوهدی داودیی پێ دەناسرێتەوە، تێهەڵكێشكردنیەتی لە نێوان دیكۆمێنتی مێژوویی و بنیاتی گێڕانەوەی هونەریی چیرۆكی فانتازی. خاڵی بەهێزی ڕۆمانەكە لەوەدایە، نووسەر لە پەنجەرەكانی لاتەنیشتەوە لە مێژوو دەڕوانێت، نەك لە دەرگەی لەسەر گازی پشت واڵای مێژووی بە فەرمی نووسراوی تۆماری ڕووداوەكانی دەسەڵاتدارە بەهێزەكان، چونكە تەنیا بەم شێوەیە دەكارێت پانتایی ڕاستیی ژیان بێ سانسۆر و كۆت و بەند و ساختەكاری بگێڕێتەوە.

زوهدی داودی، محێدین زەنگنە و یەشار كەماڵ و سەلیم بەرەكات و دەروێشیان ئاسا، بە زمانێكی تر ئێش و ئازاری نەتەوەكەی دەنووسێتەوە و لە میللەتانی دیكەی دەگەیەنێت.

مخابن زوهدی داودیی ڕۆماننووس لە 6ی كانوونی دووەمی 2017دا لە تەمەنی 76 ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.