ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

نووسینى : شێخ سدیق

 

 

لەدڵى خۆیدا دەیگوت: زۆر هاوارم کرد و پاڕامەوە، پێلاوەکانى دایکم ماچکرد، دەستى براکانم ماچکرد، ئەگەرچى براکانم منداڵ بوون و هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو . 

فرمیسک بەرى چاوەکانى گرتبوو، لە ژێر تاراکەیدا هەنسکى بە کوڵى دەدا و هەڵبەز و دابەزى ئۆتۆمبێلەکە ماندووى کردبوو، بێزار بوو لە هاژوهوژى مێردەکەى و شۆفیرەکە، هەردووکیان خۆیان کردبووە، دوو پاڵەوانى گەورەى جیهانیى، شۆفیرەکە لە شۆفیریدا و پیاوەکەشى لە نیشان شکاندن و ڕاوکردندا.

هێواش هێواش دنیا بەرەو تاریکى دەکشا و جێبە کۆنەکەش بە ناو ڕێگا باریک و شاخاوییەکاندا نەڕەنەڕى دەهات. هێواش هێواش دەکەوتنە قوڵایى تاریکی شەوەزەنگى سامناکى هەردەو چیاکانەوە، ڕۆشنایى لایتى ئۆتۆمبێلەکە ڕێگا و دۆڵەکانى ڕۆشن دەکردەوە، زاوا دەیگوت: دەنگى تەسجیلەکە کەمێک زیاد بکە، شۆفیرەکەش بەدەم پێکەنینەوە زیادى دەکرد، ئۆتۆمبێلەکە بە نێو دۆڵەکاندا هەڵبەز و دابەزى بوو، تاسەى ڕەق و بێزارکەر و گۆرانى هەى خرینگە خرینگە ئەوەندەى تر فەرزیبایان ناڕەحەت کردبوو، دەنگى تەسجیلەکە بە نێو دۆڵەکاندا دەنگى دەدایەوە. بووکێ هەستى بە ترسێک دەکرد لەوەى زوو بگەنە ماڵى زاوا. لێوەکانى دەلەرزى، پەنجەکانى لە یەکتر ئاڵاندبوو!. چاوەکانى لە شۆفیرەکە ڕادەما و سەیرێکى قوڵى مێردەکەى دەکرد لە تیشکى ڕۆشنایى لایتى ئۆتۆمبێلەکەى دەڕوانى لە تاریکى شەوى پڕ لەسامى ناو درەختەکانى دەڕوانى، قاچەکانى دەلەرزین، دەیویست دەرگاى ئۆتۆمبێلەکە بکاتەوە و خۆى فڕێ بداتە خوارەوە، هەرچى دەبێت با بێت!

ڕقى زیاترى لە دایکى و شیخ مەلیک دەبۆوە، لە ناخى خۆیدا دەیگوت: ئاخر چۆن دەبێت من خۆم بۆ کابرایەک ڕووت بکەمەوە خۆشم ناوێت، ئارەزووم ناچێتە سەرى، ئەو لە تەمەنى باوکم گەورەترە، ئەو دەیەوێت ئەمشەو کەڵبەى حەزە پیروهارەکانى لە مندا تێر بکات. دەستەکانى بە جەستەى ڕووتمدا بهێنێت و دەمە بۆگەن و ناشرینەکانى لە لێوەکانم گیر دەکات، هەموو گیانم بە لیکەکانى پیس دەبن .

دەم دەخاتە ناوگەڵمەوە و دەیلێسێتەوە، وەکو گوێدرێژ سوارم دەبێت و گیانم پڕ دەکات لە ژەهرى سپى بۆگەن، لەوانەیە لەهۆش خۆم بچم.

ڕقم لە دایکمە، خوایە ئەو شێخ مەلیکە نەحەسێتەوە. خوایە بە ئاگرى دۆزەخ گڵکۆى دامرکێتەوە . 

دەنگى گۆرانى هەخرینگە خرینگە و هەڵتەک هەڵتەکى جێبە کۆنەکە بە دۆڵ و چیاکاندا، تابلۆیەک بوون کە هەرگیز ناچنە خانەى مرۆڤ دۆستى، چونکە لەودیوى ئەم تابلۆیەوە کەس هەست بەو ئازارانە ناکات کە کچێک بەبێ ویستى خۆى ئەمشەو و هەموو شەوەکان دەیگێن، لە کچەوە دەیکەن بەژن و وەک کەر سوارى دەبن. لە دەرەوەى حەز و خواستەکانى خۆى، ئەگەرچى ئەم دیمەنە بە ئاهەنگ و شایى و خۆشى بۆ پیاوەکە سەیر دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم تاوانە دەرحەق بە ژنیک بە خواستى خەڵکانێکى تر ئەنجام دەدرێت، ژنێک کۆیلە دەکرێت، هیچ کەسێک ئەم ڕاستییە نازانێ، دەبێت پیاوێک هەموو شەوێک بەزۆر بیگێت و سکى پڕ بکەن و منداڵ بەرهەم بێنێت.....

دەیویست بڕوا بە خۆى بهێنی خۆى لە ئۆتۆمبێلەکە بخاتە خوارەوە بۆ ئەوەى ڕزگارى بێت، بەڵام ژیان هەرچەندە تەنگ و نالەبار بێت ئاسان نییە دەستت بچێتە خۆت و خۆت لە ناوببەیت. بەردەوام لە ناخى خۆیدا دەیگوت: ئاخر بۆ خۆم فڕێ نەدەمە خوارەوە. ژیان دەبێت بۆ من چى بێت، دەستى دەبرد دەرگاکە بکاتەوە .

ئەم بیرکردنەوانە داگیرى کردبوو. هەموو بیر و هۆشى لە لاى ئەوە بوو، لە ئۆتۆمبێلەکە خۆى بەرداتەوە و بۆ هەتاهەتایە لە دەستى ئەو دڕندەیە دەربازى بێت....

دەیویست پاڵنەرى دەروونى بۆ خۆى دروست بکات، لە ناخى خۆیدا دەیگوت: مرۆڤ دەبێت ئازا و چاونەترس بێت و بیرى لەوە دەکردەوە، ئەگەر خۆى دەرباز نەکات دەبێت بە دڵى ئارەزووە شێتەکانى ئەم کابرایە بکات .... ئى خۆ یەک شەو نییە و بڵێم کۆتایى دێت، هەر چۆنێک بێت شەوێک لەبەردەم کەڵبە و حەزەکانى بەرگە دەگرم و خۆم دەخەمە بەردەستى و چى دەکات با بیکات . 

بەڵام ئەمە هەموو شەوێک و چرکەساتێک بەردەبێتە گیانم، جەستەم پڕ دەکات لە شەهوەتێکى بۆگەن و ناخۆش ...

بیرى لەو کاتانە دەکردەوە کە منداڵ بووە، پوورخورشیدى دایکى چیرۆکى بۆ گێڕاونەتەوە و لە یەکێک لە چیرۆکەکانەدا باسى ئازایى ئەو کچە عاشقانەى کردووە بە خۆشەویستەکانیان نەگەیشتوون، چۆن ئاگریان لە جەستەى خۆیان بەرداوە، یان ڕەدووى خۆشەویستەکەیان کەوتوون. خۆیان نەخستۆتە بەردەم تێرکردنى ئارەزووەکانى ئەوانەى خۆشیان نەویستوون. هەموو ئەمانەى بۆ خۆى دەهێنایەوە بیرى خۆى، تاکو گیانى ئازایەتى بەخۆى ببەخشێت و ساتێک لە ساتەکان لەناو ئۆتۆمبێلەکە خۆى فڕێ بداتە خوارەوە، هەرکات دەستى دەبرد دەرگاکە بکاتەوە، ترسێک جەستەى داگیر دەکرد و نەیدەوێرا ئەو کارە بکات .

جار نا جارێک زاوا دەستى بووکێى دەگرت و لە تاریکى ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بە دزى شۆفیرەکەوە دەستى دەخستە سەر دەعباکەى کە وەک بەرد ڕەقى کردبوو، خۆى ئامادە کردبوو هەرکە گەیشتنە ماڵەوە، بەربێتە گیانى و پڕى بکات لە شەهوەتى چەند ساڵەى. سەرى لە سەرى بووکێ نزیک دەکردەوە و بە هیواشى بە گوێیەکانیدا دەیچرپاند و دەیگوت: ئەمە هەمووى هى تۆیە تۆزیکى دى دەگەینە ماڵەوە چى لێ دەکەیت بە ئارەزووى خۆت یارى پێبکە، بیکە بەخۆتا....

ئەمیش گیانى دەلەرزى، دەستى لەسەر دەعباکەى لادەبرد و سەیریکى شەرمى لە شوفێرەکە دەکرد. شوفێر بێ ئاگا و سەرقاڵ بە شوفێرییەوە.

×××××××××××××××××××××