ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

من ویستم هەموو ڕێگاکان تیمارکەم،

کەپڕن لەزامی خەیاڵ..

عیشق پڕی کردم لەگەمژەیی،لەکوچەکانی خەیاڵەوە،

سەفەری توناو تونم کرد تا ڕێگام ناسی..

لەگەرووی گەردەلولێکەوە ئەستێرە باڵی شکابوو،

نغرۆ لەهەور..پەپوولە بەدەستی حەرفێکەوە زنجیر کرابوو

نغرۆ لەجەنگ...فڕین کەلتوری فیراق بوو،نغرۆ لەجەنگەڵ..

هیچ ڕێگایەک نییە خودی خۆی بێ و

بەقافییەی دۆڕانا نەچوو بێ!!

لەوسەری ڕێگاوە عیشق پێڵاو دەکاتە پێی،

بۆ ئومێدێک دەگەڕێ،چەماوەی گۆچان نەبێ..

خۆی لەکافێیەکدا هەڵدەکێشێ،

لەکوپێک قاوەدا دەڵێ/لێم ببورە من ناگەمەوە بەڕێگەی تۆدا

(با) شەقژن هەڵکا لەساپیتەی سەرا..

ئەفسوس ئەمە ڕێگایەکە پێی دەوترێ گەمژەیی عیشق

باڵندەکان کوێر دەبن بەنەسیمی چەقۆ،

شەقامەکان دەکەون ،بەمەراسیمی درۆ

ڕەنگەکانی وەفا چرچ دەبن لەخانەی بیرچوونەوە،

دڵەکان لەت دەبن لەدرزی جێهێشتنەوە..

ماچەکان کاڵ دەبنەوە،لەپچڕانی عاتیفە

ئەمە هەموو خەتاکانی عیشقە،

یان گەمژەیی دەنێین بەعیشقەوە!!