ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای پێشکەش کردنی چەندین بەرھەمی جوان و نیشاندانی چەندین گرتەی ناخ ھەژێن لە میانی ڕووداو و کارەساتەکانی شنگال و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، ھونەرمەند (بڵند عەلی) ئێستا سەرگەرمی کارکردنە بۆ فیلمێکی دۆکیومێنتاریی، کە گێڕانەوەی ئازاری دوو قوربانیی ھەڵەبجەیە، کە ماڵ و منداڵەکانیان بوونەتە قوربانیی کیمیاباران و کارەساتە ناخ ھەژێنەکانی، کە بەسەر گەلی کورد داھاتوون.

ئەو فیلمەش بە ھاوکاری و پاڵپشتی تۆڕی مێدیایی ڕووداو دێتە بەرھەم و بڕیاریشە ڕاستەوخۆ ڕەوانەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان بکرێت.

(بڵند عەلی) لە لێدوانێکیشدا ڕایدەگەیەنێت: ئەم فیلمە ناوی Bloodless Massacres ـە فیلمێکی دۆکیومێنتاری مێژووییە کە ناوەڕۆکەکەی لە چیرۆکی دوو پیاوی قوربانیانی بۆردومانەکانی ساڵی ١٩٧٤ وکیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ـی هەڵەبجەوە دەچێتە نێو ئەوجەنگە یەک لە دوای یەکانەی کەبەسەر کورد دا هاتووە، کە باس لە چیرۆکی دووپیاو دەکات، کە یەکێکیان لە بۆردومانەکانی ساڵی ١٩٧٤ هەموو خانەوادەکەی و منداڵەکانی شەهید دەبن، پاشماوەیەک دووبارە هاوسەرگیری دەکاتەوە تاکوو ساڵی ١٩٨٨ جارێکی دیکە منداڵەکانی و خێزانەکەی شەهید دەبن، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران دەکرێن لەکاتێکدا، کە بە زۆرە ملێ خەڵکیان دەکردە سەربازی عێراقی، لەو کاتەی ئەو پیاوە سەربازی عێراقی بوو بەڵام رژێمی بەعس کیمیابارانی شارەکەی دەکردن،پاش هەموو ئەم کارەساتە بۆجاری سێیەم هاوسەرگیری دەکاتەوە.

گوتیشی: ئامانج لە بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە ئەوەیە، کە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیاکانی مافی مرۆڤ و هەموو وڵاتانی بەرپرس تێبگەیەنین، کە ئیتر بەسە لەوە زیاتر ئەشکەنجەی کورد مەدەن هەرجارە و بە ناوێک و بە بەهانەیەکی جیاواز کورد هەمیشە ئیرادەیەکی پۆڵایینی هەیە هەرچەند ئازاری بدەیت ئەوەندە بەهێزتر دەبێت.

ئەم فیلمە ئێستا کاری پرۆدەکشنی تەواو بووە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەین بە فێستیڤاڵەکاندا، هیوادارین ئەنجامێکی باشی هەبێت، بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە لە ژیانی ئەم کارەکتەرانە نواندنی بۆ کراوە و وێنەی گیراوە.