ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەو یەڵدایە

 

تازە من بێ ئومێدم کزەی ماچەکانی بـا

خۆی ڕوت کاتەوە بۆ پایزو

دڵــی منیش ،

بەو هەمو شەرمنیەوە،

قۆپچەی حەزەکانی بکاتەوە،

لەسەر لقی نەسیمێکی دیدەنیت !

بڕوا بکە ..جارێکی تر ..

نابمەوە ڕستە دڵخۆشەکەی یەکەم نامەم

بۆ ئەبەد نابمەوە بەو لێوەی ،

بەماچـێـک

هێشوی مزری قسەکانت

بکەمەوە بەترێ ئازیزەکەم ..بۆ ئەبەد !

بەڵام ،

بەرلەوەی باران ،

دەستەکانی لەماندو بون بشواتەوە

بەرلەوەی کۆڵوانەی سەرشانی باخ

بە تەنافی سروشتەوە بتکێتەوە ..

وەک هەمو بەیانیانی شیعری تازەم

ڕوومەتی چەند ڕستەیەکی ئاڵ

بە پارچەیەک لەدەسماڵی هەوری پێکەنینت تەڕ کــە .!

خەتای تۆ نیە !

خۆم ڕەنگی ئەو ئازارەم کێشا

خۆم سێبەری دارهەمێکانم خەتەنەکرد

کەدرەخت ڕووت بێتەوە بۆ ڕەشەبا .!!

لەناو لەپی سێبەرتدا چی ڕەنگ هەبو هەموم جێهێشت

چی بەرامەی گۆرانی جاران هەبو

خستمە ڕستە ،

لە ئینجانەی دێڕەکانی قەسیدەیەک

ئێستاش لە پیاسەی ئێوارانا ،

دێڕ بەدێڕیان دەخوێنمەوە .!!

کوا من دڵم بە فڕینی چۆلەکەیەک خۆش بو ؟ کــوا ؟

ئێستا لە نەبونی تۆدا

کانی پرسە بۆ باران دادەنێت

چی ڕووبار هەیە لای تۆ خۆی دەشوات

چی ساڵ هەیە ،

لای تۆ گەنج دەبێتەوە .!

من هەمو جوانیم لەتۆدا دیت ،

بەڵام خەونەکانم ،

هیچیان لەماڵی کوژران نەهاتنەوە .!!

تۆ نازانـی ..

ژیان لای من ،

تاماندوو بونی باران و

تا تروکانی چاوی تەڕو

تا کۆتایی سنوری پێکەنینە .؟!

تاووشک بونەوەی ،

تەڕی نێوان پەنجەکانـی دوو ئاشقە

تا سوتانی باڵە شەنگەکانی ئومێده

تا ووردکردنـی نامەکانی ئەوینە ؟؟!!

2019/12/21