ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 لە یادی ۱۷۲ ساڵەی بڵاوبوونەوەی مانیفێستی پارتی  کۆمۆنیستدا

 ئــاســـۆس ساڵح ☭

 مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، پەرتووکێکی بچووکە بەڵام شاکارێکی جیهانییە و ناوەڕۆکێکی گەوهەریی هەیە و یەکسانی، دادپەروەری، یەکگرتنی مرۆڤایەتی، هاوبەشی و ماف تێیدا جەختکراوەتەوە.

کاڕل مارکس و  فرێدریک ئەنگڵیس لە شوباتی لەساڵی ١٨٤٨ ـی زاینی نووسیویانە، تا ئەمڕۆش ئیلهامبەخەش و پرەنسیپی زۆرێک لە پارت و بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانە. ئەم کتێبە دوای ۱۷۲ ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەیدا گرینگی خۆی لە دەستنەداوە، ئەمەش بەهۆی ناوەڕۆکەکەیەتی.

 لە بەندی یەکەمی کتێبەکە باسی چینی پڕۆلیتاریا (کرێکاران) و بوژووازی کراوە، لەبەندی دووەمدا پەیوەندی کۆمۆنیستەکان و پڕۆلیتارەکان ڕوونکراوەتەوە، لە بەندی سێیەم ئادابی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی و لە بەندی کۆتایی باس لە هەڵوێستی جیاوازی کۆمۆنیستەکان بەرامبەر پارتی بەرهەڵستیکار (ئۆپۆزسیۆن) کراوە.

 لە یەکەم دێری مانیفێست نووسراوە: "مێژووی کۆی کۆمەڵگاکان تا ئێستا، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە." هەروەها لە کۆتا دێرەکانی مانیفێست نووسراوە: "با چینە باڵادەستەکان لە بەرامبەر شۆڕشێکی کۆمۆنیستیدا لەشیان بکەوێتە لەرزە، پرۆلیتاریاکان تێیدا شتێکیان نییە بۆ لەدەستدان جگە لە زنجیرەکانیان، ئەوان جیهانێکی ئازادیان دەستەکەوێت، پرۆلیتاریای جیهان یەکگرن."

 (میشێل لوی) لە وەسفی مانیفێستدا دەڵێت: "لەڕاستیدا، جگە لە کتێبی موقەدەس هیچ کتێبێکی دیکە هێندەی مانیفێستی کۆمۆنیست وەرنەگێڕدراوە و بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام چ شێک هاوبەشە لە نێوان مانیفێست و کتێبی موقەدەس؟ هەردووکیان هاوبەشن لە سەرزەنشتکردنی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیدا. (مارکس و ئەنگڵس) وەک (عاموس و ئەشعیا)، هاواری سەرزەنشتکردنی دەوڵەمەندان و دەسهەڵاتدارانیان بەرزکردەوە و خۆیان خستە ڕیزی هاوخەمی بۆ هەژاران و ستەملێکراوان، و وەک دانیاڵی پەیامبەر نووسینەکانیان لەسەر دیواری شاری بابل نووسی: "ڕۆژەکانت حیساب دەکرێن." بەڵام مارکس و ئەنگڵس پێچەوانەی پەیامبەرەکانی کتێبی موقەدەس ئومێدیان بەهیچ خودا و، ڕزگارکەر و، دەسهەڵاتدارێک نەبوو. ئەوان گوتیان: ئازاد بوونی ستەملێکراوان بەدەستی ستەملێکراوان خۆیانە، نەک هێزێکی دیکە."

 بۆ گەیشتن بەحەقیقەت و ڕاستی هزری کۆمۆنیزم پێویستە بگەڕێتەوە بۆ مانیفێست، کە بەدەستی کاڕڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس نووسراوە و بەچاپ گەیاندراوە.

چینی بۆرژوازی و دەوڵەتە کاپیتالیستە بەرژەوەندیخوازە ئیمپریالیستەکان، چەندان هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی پەیامی مارکس و پارتی کۆمۆنیست بشێوێنن و بە ناشیرینترین شێوە نیشانی بدەن، ئەمەش بەدانە پاڵی چەندان تۆمەتی هەڵبەستراو، لەڕێگای دەزگا تایبەتی و سیخوڕیەکانیانەوە هەمیشە ڕاپۆرات و ئاماری هەڵەدەخەنە ڕوو و مێژوو دەشێوێنن، تا پارت و شۆڕشی کۆمۆنیستی و ئایدیای مارکسیزم و کۆمۆنیزم بەناشیرنترین شێوە نیشان بدەن.

 لە ئێستادا، واقعی مەجازیی شوێنێکە کە مرۆڤەکان پەنای بۆ دەبەن بۆ دەستکەوتنی زانیاری و داتاکان، پێش ئەوەی لە واقعی ڕاستەقینە بەدوای داتا و زانیاریەکان بگەڕێن. واقعی مەجازی پرۆژەیەکی سەرمایەدارییە و لەژێر دەستی وڵاتە کاپیتالیستەکان دایە، هەر ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بڵاوکردنەوەی هەزاران زانیاری و داتای هەڵبەسترا و گەورەکراو دژی کۆمۆنیستەکان و نیشاندانیان وەک دێوەزمە دژی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەمەشدا واتێگەیاندنی جیهان و مرۆڤایەتی کە کاپیتالیزم جێگرەوەی نییە و واقیعیێکی نەگۆڕە و لەبەرژەوەندی مرۆڤایەتیدایە. لەکاتێکدا، پێچەوانەکەی ڕاستە. سیستەمی کاپیتالیزمی مۆدێرن بەناوی ئازادی تاکە کەس و بازاڕی ئازاد، کۆی کۆمەڵگا و بازاڕی کۆیلە و قۆرخ کردوە بۆ چینی بۆرژوازی و کەمینەیەکی کۆمەڵگە.

 لە سەرەتای مانیفێستدا نووسراوە: "تارمایێک بەنێو ئەوڕوپا دێت و دەچێت: تارمای کۆمۆنیزم!" تاوەکو له جیهاندا ستەمکار و ستەملێکراو هەبێت ئەو تارمایەش هەر دەمێنێت. کۆمۆنیزم ئەو تارماییە کە ئۆقڕەی لە گشت دەسهەڵاتە سەرمایەدارەکان و چینی بۆرژوازی بڕیوە، چونکە دەزانن بەدەرکەوتنی تارمای کۆمۆنیزم تەواوی دەسهەڵاتە زیادەڕۆیەکانین لە دەستدەدەن و یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری گشت جیهان دەگرێتەوە.

لە بەندی یەکەمی مانیفێستدا کە تایبەتە بە "بۆرژواکان و پرۆلیتاریاکان" لە وەسفێک و پێناسەیکی کورتی بۆرژوازیدا دەڵێت: "زۆر بەکورتی، بۆرژوازی، چەوساندنەوەی دڕندانەی بێشەرم و ڕاستگۆیانە و توندوتیژی لەبری چەوساندنەوەی داپۆشراوی نێو وەهمە ئایینی و سیاسییەکاندا دروستکردوە. بۆرژوازی خەرمانەی پیرۆزی هەموو ئەو چالاکیانەی وردوخاش کرد کە پێشتر بەچاوی ڕێزەوە یان لەترسی ئاینیەوە سەیر دەکران. ئەو پزیشک و حاکم و قەشە و شاعیر و زانای کردە کرێ وەرگری خۆی.

بۆرژوازی، پەردەی سۆز و عاتیفەی لەسەر پەیوەندیەکانی خێزان هەڵگرت و، هەموو ئەمانەی دابەزاندە سەر ئاستی پەیوەندیێکی پارەی ڕووت."

لەم چەند دێرەی سەرەوە لە مانیفێستدا بۆمان ڕوونبووەوە کە چۆن بۆرژوازی وەک ژەهر بەنێو کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە تاوەک و دەسهەڵات و هەژمونی خۆی زیادبکات هەموو شتێک دەکات، هاوشێوەی ژەهرە بۆ چینی پۆلیتاریا و زەحمەتکێشان، هەموو شتێک دەکات، تەنانەت ئەگەر بەمەرگی کۆمەڵگەکەش کۆتایی بێت.

 لە بەندی دووەمی مانیفێستدا، کە باس لە (پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان) دەکات. دەڵێت: "کۆمۆنیستەکان پارتێکی تایبەتنین لەبەرامبەر پارتە کرێکاریەکانی دیکەدا، ئەوان هیچ بەرژەوەندیێکیان نییە لە دەرەوەی بەرژەوەندی گشتی پرۆلیتاریاوە بێت." هەروەها، لەهەمان بەندا لەبارەی جیاوازی کۆمەڵگەی بۆرژوازی و کۆمۆنیستی دا دەڵێت: "لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا، کاری زیندو تەنها ئامرازێکە بۆ بەرزکردنەوە و زیادکردنی کاری کەڵەکەکراو.

لە کۆمەڵگای کۆمۆنیستیدا، کاری کەڵەکەکراو تەنها ئامرازێکە بۆ زیادنکردن، و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی ڕەوتی ژیانی کرێکاران.

بەم جۆرە لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا، ئەوە ڕابردوە حوکمی ئێستا دەکات، لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا، ئەوە ئەوە ئێستایە حوکمی ڕابردو دەکات.

لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا، ئەوە سەرمایە کە سەربەخۆ و پێرسۆنالەتییە (شەخسیەتی هەیە)، کەچی تاکی کارکەر هیچ سەربەخۆی و شەخسیەتێکی نییە. بۆرژوازی لەناوبردنی ئەم دۆخه ناودەبات بە لەناوبردنی شەخسییەت و ئازادی! لەسەر حەقیشە کەوادەڵێت! بەهەرحاڵ ئامانجی ئێمە ڕەتکردنەوە و لەناوبردنی ئەم پێرسۆنالیتە (فەردییەت)ـی، سەرەخۆی و ئازادی بۆرژواییە."

 هەر لەم بەندە ئاماژە بەو چەند هەنگاوە گشتییەکراوە کە پێویستە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بیانگرێتەبەر و پەیڕەویان بکات، لە مانیفێستدا ئاوا ئاماژەی پێکراوە و دەڵێت: " یەکەم هەنگاو بۆ شۆڕشی کرێکاری، بەرزکردنەوەی پرۆلیتاریایە بۆ چینی حاکم، بۆ بەدەستەوەگرتنی دیموکراسی، پرۆلیتاریا بۆ ئەوەی سوود لە حاکمیەتە سیاسییەکەی وەردەگرێ تاکو سەرجەمی سەرمایە هانگاو بەهەنگاو لەژێر چەپۆکی بۆرژوازی دەربهێنێت، هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بخاتە نێو دەستی دەوڵەتەوە، واتا پرۆلیتاریای ڕێکخراو وەک چینی باڵادەست و کۆی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی هەرچەند خێراتر بەرزبکاتەوە.

بێگومان ئەم کارە لەسەرەتادا تەنها لەڕێگای تەداخولی ستەمکارانە لە مافی خاوەنداریەتی و پەیوەندییەکانی بەرهەم هێنانی بۆرژوازی، واتا لە ڕێگای ئەو هەنگاوە پیادە دەرکرێت، کە لەڕووی ئابورییەوە وەک نەگونجاو و ناسەقامگیر دەردەکەون، بەڵام هەنگاو گەلێکن لە ڕەوتی بزووتنەوەدا، دەچنە سەرەوەی خۆیان و وەک تەگبیرێک بۆ هەڵگەڕانەوەی کۆی مۆدێلی بەرهەمهێنان شتێکی حەتمیین.

هەڵبەتە ئەم هەنگاوانە بەگوێرەی وڵاتە جیاوازەکان، ئەوانیش جیاواز دەبن، وێرای ئەمە لە پێشکەوتووترین وڵاتندا هەنگاوەکانی خوارەوە بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت پیادە بکرێن و بگیرێنەبەر:

۱ـ لابردنی خاوەنداریەتی لەسەر زەوییەکان و بەکارهێنانی کرێی موڵکانەی زەوی بۆ ئەرکە دەوڵەتییەکان.

۲ـ گومرگ یان باجی پێشکەوتووی قوڕس.

۳ـ لابردنی مافی میرات بردن، یان ویراسەت.

٤ـ دەستبەسەردارگرتنی موڵکی یاخییەکان و هەموو ئەوانەی لە وڵات ڕایانکردوە.

۵ـ سەنتراڵ بوون (بەمەرکەزیەتکردن)ی کرێدیت و متمانە لە دەستی دەوڵەتدا لەڕێگای بانکێکی نەتەوەیی (خۆماڵی)یەوە لەگەڵ سەرمایەی دەوڵەتی و هەبوونی مۆنۆپۆلی موتڵەق.

٦ـ سێنتڕاڵ بوونی ئامرازەکانی گەیاندن و گواستنەوە لەنێو دەستەکانی دەوڵەت.

۷ـ فراوانکردنی کارگە دەوڵەتییەکان، ئامرازەکانی بەرهەم هێنان، بەپیتکردن و پاراوکردن و چاککردنی زەوییە بەیارەکان بەنەخشێکی گشتی.

٨ـ ڕەخساندنی کار بەشێوەیەکی گشتی بۆ هەمووان، دامەزراندنی سوپایەکی پیشەسازی بەتایبەت لەبواری کشتوکاڵدا.

۹ـ یەکخستنەوەی کشتوکاڵ و لەگەڵ دامەزراوە پیشەسازییەکاندا، بە ڕۆشتن بەئاراستەی لابردنی بەرەبەرەی جیاوازییەکانی نێوان شار و دێ، و دابەشتکردنی یەکسانی بەسەر سەرجەمی وڵاتدا.

۱۰ـ پەروەردەی گشتی و خۆڕای بۆ هەموو منداڵان. ڕێگرتن لەکاری منداڵان لە کارگەکاندا بەشێوە هەنوکەییەکەی هەیە. ئاوێتەکردنی پەروەردە بە بەرهەمهێنانی ماتریالی و تاد.

 وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە، ئەمانە چەند هەنگاوێکی گشتین و پێویستە جێبەجێ بکرێن لە کۆمەڵگە کۆمۆنیستییەکاندا.

 هەر لەمانیفێستدا، لە بەندی سێیەم باسی (ئەدەبیاتی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی) کراوە و ڕونکراوەتەوە، بەپێی ئەم ڕیزبەندیە خوارەوە، ڕیزکراون و بەپوختەیک باسکراون.

۱ـ سۆسیالیزمی کۆنەپارێز

أ ـ سۆسیالیزمی فیودالی

ب ـ سۆسیالیزمی وردەبۆرژوازی

ج ـ سۆسیالیزمی ئەڵمانی یان "حەقیقی"

 

۲ـ سۆسیالیزمی کۆنزەرڤاتیڤ یان بۆرژوازی

۳ـ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی ڕەخنەی -- یۆتۆپیای

 لە بەندی چوارەم و کۆتای کە تایبەتە بە (هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان بەرامبەر بە پارتە جۆراوجۆرە ئۆپۆزیسۆنەکان) باس لە هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان ئەکات، چۆن لەسەر داوای مافی چەوساوەکان و پرۆلیتاریا سورن و سازش لەسەر ماف و بیروڕاکانیان ناکەن و شەرم لە ئایدیای کۆمۆنیزمی ناکەن، پێداگرن لەسەر جێبەجێ کردنی سیستەمی کۆمۆنیستی بۆ ئایندەیەکی باشتر و گەشتر و کۆمەڵگایەکی بێچینی و نەهێشتنی باڵا دەستی چینێک بەسەر چینێکی تر و نەچەوساندنەوەی و بەکارنەهێنانی پرۆلیتاریا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کارپێکردنی زیاتر و پێدانی کرێی کەمتر بە مەبەستی قازانجی زیاتر.

 هەر لەهەمان بەند، هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان بەشێوەیکی گشتی دیاری کراوە لە هەمەبر هەر شۆڕشێک کە بۆ باشتر کردن و بەرەوپێشچوونی بژێوی کۆمەڵگا بێت و دەڵێت: " کۆمۆنیستەکان لە هەموو شوێنێکدا، پشتیوانی لە هەموو بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێری دژی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی باڵادەست دەکەن.

ئەوان لەم بزوتنەوەیەدا پێداگری لەسەر  مەسەلەی خاوەنداریەتی - هەر فۆڕمێکی کەم تا زۆر پەرەسەندوتر کە بەخۆیەوە گرتبێت - وەک مەسەلەیکی بنچینەی بزوتنەوەکە دەکەنەوە.

دواجار، کۆمۆنیستەکان لە هەموو شوێنێک تێدەکۆشن، بۆ دروستکردنی پەیوەندی و تێگەیاندن و ڕوونکردنەوەی پارتە دیموکراتەکانی هەموو وڵاتان.

کۆمۆنیستەکان لە شاردنەوەی ڕوانگە و خواست و نیازەکانیان دوردەکەونەوە، ئەوان بەئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە ئامانجیان تەنها و تەنها لەڕێگەی لەناوبردنی سەرتاپای نەزمی کۆمەڵایەتی باڵادەستەوە بەگەڕانەوە بۆ زەبر، بەدیدێت."

 لەم پەرگرافەی کۆتاییدا بۆمان ڕوندەبێتەوە کە کۆمۆنیستەکان پاڵپشتی هەموو شۆڕش و بزوتنەوەیێکی جەماوەریین دژی چینی بۆرژوازی و دەسهەڵاتدار، هەروەها ڕوونە کە کۆمۆنیستەکان لە هەموو لایک بۆ یەکگرتوی و پێکهاتنی پارتە دیموکروتییەکانی هەموو وڵاتان تێدەکۆشن. ئەمەش هەمووی لە بەرژەوەندی چینی هەژار و ڕەنجدەران دایە بۆ گەشتن بەماف و یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری ڕاستەقینە.

مارک و ئەنگڵێس لە کۆتا دێری مانیفێستدا بەگوێی هەموو جیهان و چینی پرۆلیتاریا دەچرپێنێن و دەڵێن: "پرۆلیتاریای جیهان، یەکگرن!"

 

 سەرچاوە:

ناوی کتێب: مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، ن. مارکس و ئەنگڵس، و. پێشڕەو محمەد، چاپی یەکەم ۲۰۱٦

 ــ لەو شوێنانەی دەقەکانی مانیفێستم وەرگرتووە، سوودم لە وەرگێڕانی ئەم مانیفێستە وەرگرتووە و دەقاودەق وەک خۆی دامناوەتەوە.