ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەخڵاق و بەرگری ... د. مەریوان وریا قانع. 2017 ...

گەورەترین هۆکار بۆ حەزکردن لەژیان و حەزکردن لەکارکردن لەوەدایە ئینسان ببێتە ئەو شتەی کە لەسەرەتا ئەو نەبووە..... میشێل فۆکۆ

ئەم کتێبەی د. مەریوان وریا قانع سەرەتایەکی باشە بۆ ناسینی بەشێکی کارەکانی میشێل فۆکۆ.لەم کتێبەیدا د.مەریوان هەوڵی ناساند و سادەکردنەوەی بەشێکی فکری فۆکۆی داوە . بەتایبەت دەسەڵات و مەعریفە و پەیوەندی لەسەر تاکەکەس. ڕەخنەی فۆکۆ لە هیومانستەکان و خاڵی جیاواز و هاوبەش لە گەڵ بوونگەرایی سارتەر. لێکچوونی بابەتی مەرگی مرۆڤ لای فۆکۆ و مەرگی خوا لای نیچە. بابەتی بەها و بەرگری لە ڕوانگەی فۆکۆ. کاریگەری مارکس لەسەرفۆکۆ بەتایبەت لەپرسی عەقڵانی بوونی مرۆڤ و ڕەوتی مل ملانێی چینایەتی.

بەڵام بۆ تێگەیشتنی ورد و زیاتری کارە فەلسەفیەکانی فۆکۆ پێویستە خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم کتێبە هەوڵی خوێندنەوەی خودی کتێبەکانی فۆکۆ بدات. گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە خوێنەریش ڕادەکێشێت بۆ خوێندنەوەی زیاتری فۆکۆ بەتایبەت دیسپلین و سزا، مێژووی سێکسوالیتە کەمن ئێستا لە خوێندنەوەی بەرگی دووەمیدام . 

ئەخلاق و بەرگری کەمتر دەستنیشانی ئەو ڕەخنەکانی کردووە کە لەفکری فۆکۆدا هەن. سەرەڕای ئەوەی مەریوان کارێکی جوان و گەورەی بۆ ناسینی فۆکۆ پێشکەش بەخوێنەری کورد کردووە.

فۆکۆ بەم شێوەیە دابەشکاری دەسەڵات دەکات :

٭دەسەڵاتی سەروەر

٭دەسەڵاتی دیسپلین

٭ بیۆدەسەڵات

لە ڕوانگەی فۆکۆ دەسەڵات ڕووبەرێکی فراوانتری لە ئەرک و بەرپرسیاریەت هەیە. فۆکۆ ڕەخنەیەکی قوڵە لە دەسەڵاتێکی ڕووت کە خۆی تەنیا لە دەزگایەکی پۆلیسی و سەپاندنی حوکمی سەروەر بەرجەستە بکات. دەسەڵاتێکی کۆنکرێتی کە هەموو بوونی خۆی لە مۆنۆپۆلکردن بدۆزێتەوە. دەسەڵاتێک کە نامۆ بێت بەکۆمەڵێک بەها و چەمکی ئازادی و یەکسانی. دەسەڵات لە ڕوانگەی فۆکۆ پێویستە بەرهەمێن و داهێنان بێت.

فۆکۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەسەڵات وەک تۆڕێکی بەرفراوان وایە شۆڕدەبێتەوە ناو هەمووکایەکان بۆیەش بەرگری تەنها لەیەک شوێن دانیە. فۆکۆ جەخت لەوەدەکاتەوە دەسەڵات لەکۆمەڵگای مۆدێرنەدا کەمتر خۆی دەردەخات ،بەڵکو ناڕاستەوخۆئامادەیە لە سێبەردا دەمێنێتەوە و وادەکات نەبیندرێت و دەڕژێتە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی .

لەکوێ دەسەڵات هەبێت لەوێ بەرخودانیش هەیە

بەرگری لە ڕوانگەی فۆکۆ بۆ هەر سەردەم وجۆرێکی دەسەڵات شێوە وناوەڕۆکێکی جیاوازی هەیە. بەرگری لەسەردەمی دەسەڵاتی سەروەر بەرگریە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆی و یەکسانی، بەرگری بەرامبەر حوکمێک کە یەک کەس بڕیار لە ژیان و مەرگ دەدات . بەرگری بەومانیەی ڕازی نەبوون بەرامبەر فشار و جەبرەکانی دەسەڵات. هەڵبەت لە هەردوو شێوەی دەسەڵاتی دیسپلین و بیۆدەسەڵات فۆکۆ جۆرێکی تری بەرگری پێشنیازدەکات.

فۆکۆ پێی وایە چۆن پێویستە دەسەڵات بەرهەمێن بێت، بەهەمان شێوەبەرگریش بەرهەمهێن بێت بەرگری تەنیا ڕەتکردنەوە و نەخێر نەبێت، بەڵکو لای فۆکۆ بەرگری ڕووخسارێکی خودسازی و خۆدروستکردنەوەی هەیە. بەرگری لەپێناو دروستکردنی ڕووبەرێکی ئازادی و سەربەستی لە پاڵ فشارەکانی دەسەڵاتدا.

ئیستاتیکای بوون.. 

بەشێکی فۆکۆ دەروازەیەکە بۆ خۆدروستکردن. مرۆڤ دەتوانێت خۆی خۆی دروست بکات و ببێتە داهێنەری ژیانی خۆی. مرۆڤ داینەمۆی جولان و ئیرادە و بڕیاری خۆی بێت. خۆی ژیانی خۆی بنەخشێنێت. کەناوی (ئیستاتیکای بوون)٫ی ناو دەنێت. هونەری خۆدروستکردن. 

فۆکۆ باس لەوەدەکات هەروەک چۆن گوتارەکان و دەسەڵاتی سەروەر و دیسپلین و بیۆ دەسەڵات کاریگەرن لە دروستکردنی تاکەکەسدا، بەهەمان شێوە مرۆڤ خۆشی دەتوانێت بەشداربێت لە خودسازی. واتا فۆکۆ یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە لەقۆناغێکدا کار بۆ بنیاتنانی مرۆڤێکی ڕەسەن و دانسقە دەکات بەجۆرێک مرۆڤ خۆی بەشدار و بکەری سەرەکی بێت لە دروستکردنیدا مرۆڤ هەمیشە لە بەرگری دابێت بۆ هێشتنەوەی ئەو خۆبوونەی کە خۆی سەرچاوەی دانانەکەیەتی.

خۆبوون ڕەگی بەرەو ڕەسەن بوونی مرۆڤە، مرۆڤی ڕەسەنیش نابێتە دیلی سیستەم وئایدۆلۆژیا. 

ئازادی و سەربەخۆیی وەک دوو چەمک هەمیشە لەژێر هەڕەشە و گەمارۆی سیستەم و ئایدلۆژیادایە. کاتێک ئایدلۆژیا دەبێتە چەکێکی ڕەهای تێگەیشتنی مرۆڤ بۆدنیا و بڕیاردان، کاتێک ئایدۆلۆژیا هەموو بیرکردنەوەی داپۆشی ، لێرەوە کۆتایی بەبیرکردنەوەدێت . لێرەوە خود سازی دەبێتە خۆگرتنەوە، خۆدروستکردن لە بەرامبەر هێزێک کە بەهەموو شێوەیەک لە جولەدایە بۆ کۆت و بەندکردنی عەقڵ.

مارکس لە مانیفێستەکەیدا داوای بەشداری کرێکاران لە شۆڕش دەکات و پێیان دەڵێت ئێوە جگە لە کۆت و بەندەکانتان هیچیترتان نیە لە دەستی بدەن. ئەم بانگەشەیەی مارکس هێمایە بۆحەقیقەتێک کە مرۆڤایەتی خاوەن ئیرادە و ئازادی و سەربەخۆیی نیە، ئاماژەیە بۆ ڕاستیەکی مێژوویی کە مرۆڤ بەشدارنیە لە خۆبوون و خودسازی، ویست و داخوازی مرۆڤ پێچەوانەی واقیع و سەپاندنی حوکمەکانی سیستەمە، مرۆڤ لە ئەنجامی ماشێنی سیستەم نامۆیە بە جەوهەری خۆی. تا مرۆڤ ئاشنا بەخودی خۆی نەبێتەوە، خۆی نەبێتە بەشێکی سەرەکی لە خودسازی ناتوانێت لە ژێر چەپۆکی سیستەم ئازاد ببێت. ئەم بانگەشەیە یەکەم هەوڵی مارکسە بۆ ئازادکردنی مرۆڤ لە چەنگی خاوەنکار و سیستەم. یەکەم وێستگەی پاڵنانی مرۆڤە بۆ گێرانەوەی ئیرادەی خۆدروستکردن . ئەمڕۆ لیبڕالیزمی نوێ ماشێنێکی گەورەی دەستەمۆکردن و ئاراستەرکردنی ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤە. چەکێکی کوشندەیە دژ بە جەوهەری مرۆڤ، هەلتەکاندنی جەوهەری مرۆڤایەتیە، سەپاندنی ویست و جۆرێکی تری مرۆڤ بوونە لە دەرەوەی خواستی مرۆڤ.لە سیستەمی سەرمایەداری مرۆڤ بریتیە لە ڕواڵەتی خۆی، جەوهەری نامۆیە بە هۆیەکانی بەرهەمهێنان. کرێکار نامۆیە بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمێنان و پێشکەوتنی کاڵا. لێرەوە هۆشیاری و بەرەنگاری گرنگە بۆ بیناکردنەوەی مرۆڤ بە خودی خۆی.

فۆکۆ پێ لەسەر کۆمەڵێک هەڵسوکەوت و بڕیاری تاکەکەسی و سەربەخۆیی دادەگرێت کە ڕۆڵی گرنگ لە خود دروستکردن دەبینن . فۆکۆ ڕووبەرێک بۆ ئەوەی بتوانی خۆت ببیتە بکەری ژیانی خۆت، هەمیشە مرۆڤ لە بەرگریدابێت بۆ دروستکردنی خودێک لەدەرەوەی سیستەم و ئایدۆلۆژیا.لە پانتای فکری فۆکو هەست بە سەرقاڵیەکی بەردەوامی خودسازی و سەربەخۆ و ئازاد دەکەین.
فۆکۆ باس لە حەقیقەتێکی مێژوویی دەکات لە بوونی مرۆڤ بە مرۆڤێکی عەقڵانی و ئازاد و سەربەخۆ. نەک وەک شوناسێکی ئەبەدی و گەردوونی. واتا مرۆڤی عەقڵانی بەرهەمی بەریەککەوتنیەتی لەگەڵ جیهانێکی فراوانی پڕ لە گۆڕان و ئاڵۆز ، دەسەڵات و مەعریفەش وەک تارماییە بەسەر بەعەقڵانی بوونی مرۆڤ. ئەم تێگەیشتنەی فۆکۆ لەیەک کات کۆکە لەگەڵ پێناسەی مارکس بۆ گۆڕان و مێژووی مرۆڤایەتی .( مێژووی هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی بریتیە لە مێژووی مل ملانێی چینایەتی ).
وەک فکری مۆدێرنە جەختی لەسەردەکاتەوە مرۆڤ بەم شێوەیەی لە دنیای ئەمڕۆ وێنادەکرێت واتا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی عەقڵانی سەربەخۆ و ئازاد داهێنراوێکی تازەیە، نەک وەک بەرجەستەکەری جەوهەرێکی ئەبەدی و گەردوونی. فۆکۆ ڕەخنەیەکی قوڵە لە هیومانیست کە پێی وایە مرۆڤ لە بوونیادەوە عەقڵانی بووە. فۆکۆ دەڵێت لەسەرەتادا شتێک بوونی نیە ناوی مرۆڤی ئازادو عەقڵانی بێت. ئەم مرۆڤەی ئێستا دەرئەنجامی مێژوویەکی فراوانی بەریەککەوتنە لەگەڵ مێژووی مل ملانی چینایەتی ، زادەی تەوژمی نەپساوەی وەبەرهێنان و پیشەسازی و قۆناغەکانی گەشەی مەعریفە ڕۆشنگەریە.