ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گولێك هێواش هێواش چرۆده‌رده‌كا

لاولاوه‌یه‌ك به‌دارسنه‌وبه‌رێك هه‌لده‌زنێ و 

توند توند خۆی له‌باوه‌شی قایم ده‌كات 

په‌یتا په‌یتا گوڵ ده‌گرێ و 

من له‌ نێو چیمه‌نه‌كه‌ 

به‌هێمنی له‌ هێمنی ده‌دوێم 

ئه‌مڕۆ حه‌زم ده‌كرد 

جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنم 

تۆزێ هیلاكیم بحه‌سێته‌وه‌ 

لێوه‌كانم تینوویان بوو 

گه‌رووم پێویستی به‌هاوارێك و 

ددانه‌كانم له‌ سه‌رمان ده‌له‌رزین 

باران و ده‌نگی گیتارێ 

نه‌رم نه‌رم له‌ گوێچكه‌كانم 

نزیك ده‌بنه‌وه‌ 

كچێك لاسارانه‌ 

سه‌مایه‌كی رۆژهه‌لاتیانه‌ 

له‌ پانتاییه‌كی فراوان ده‌كات 

ئاسمان ره‌نگی ده‌گۆڕێ و 

ده‌نگه‌كان تێكه‌لاو ده‌بن 

روناكی په‌رت په‌رت ده‌بێت و 

بێده‌نگیه‌كی نه‌رم دروستده‌كات 

پیاوێكی سپی پۆشی هیلاك 

به‌ دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌ی 

وێنه‌ی ژنێكی سه‌ماكه‌ر 

له‌ بۆشایی دروست ده‌كات

هه‌میشه‌ له‌ نێو دووپه‌نجه‌ 

جگه‌ره‌ ئارامی لێره‌ په‌رت ده‌كات و 

كۆتره‌كان نه‌رمتر ده‌خوێنن 

من نزیكتر له‌ خۆم ده‌تدۆزمه‌وه

تۆ له‌من دوورنیت نیزیك نزیكیت

زۆر جاران واهه‌ستده‌كه‌م 

له‌ نێو سینه‌و قولایی دڵم دا 

وزه‌م پێ ده‌به‌خشیت و 

هیوا له‌ ده‌ور و به‌رم په‌رت ده‌بن 

جگه‌ له‌ بوونی تۆ له‌ مندا 

هیچ زه‌مینێك نییه‌ ئارامیم پێ ببه‌خشێ

هه‌نگاوێك تیژتر بڕۆ 

ئاوڕێك خێرا بده‌وه‌ 

ده‌بینی ئه‌ستێره‌كان 

چۆن له‌ سینگی ئاسمان ره‌نگیان گۆڕاوه‌

ده‌بینی لاولاوه‌كان 

چ ئارام سنه‌وبه‌ره‌كانین له‌ ئامێزگرتووه‌ 

ره‌نگی گوڵه‌كان له‌ ئارامی و 

كۆتره‌كان له‌ فڕیندا و 

كاتێ په‌نجه‌ره‌كه‌ 

به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ 

ته‌ماشای ئاسمان بكه‌ 

ده‌ڵێی ره‌نگی ده‌ریای گرتووه‌ 

من به‌دوای وشه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕیم 

بێ گووتن پڕبێت له‌ مانا

تا له‌ ئاماژه‌یه‌كی نه‌رم 

له‌خه‌نده‌یه‌كی كولمه‌كانی تۆ 

له‌ تابلۆیه‌كی شیندا هه‌میشه‌ بتهێلمه‌وه