ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعر : سمكۆ محەمەد 

لەنێوان بزێوی یار و ژاوەژاوی شار 

خەجاڵەتی دەكێشم كە خەریكە عیشقم بیر دەچێتەوە 

چون عیشق لەگەڵ دەستاو دەستكردنی پارەدا نەما 

یار.. هێندە ئاژاوەچییە 

وەكو جاران شەرمن نییە تا ئاشتم كاتەوە 

ئەوەی كە یار دەیكات 

لەكاری ئاژاوەچییەكان دەچێ‌ .. لەداخی خۆیان سیپاڵی خەڵك قەد دەكەن 

لەداخی خۆیان گوێسەوانەی دوژمن سواق دەدەن 

داخۆ كێ‌ بتوانێ‌ بەبێ‌ یار گوێ‌ تەقی هەمووشت بێت 

كێ‌ بێت بتوانێ‌ لەنێو ئەو حەشاماتەی شار .. شا كەسێك بدۆزێتەوە 

بڕواناكەم كەس هەبێ‌... ژیانیش تێكچڕژاوە و من نایناسمەوە 

قەناعەتێكی جوانە وەكو كایا بڵێین ئەی یار (با نەچین بۆ شار.. بزر دەبین) 

با نەچین بۆ شار ترسنۆك ، درۆزن ، چاوچنۆك، بێویژدان ، قاتڵی روح دەبین

هێندە مەغرور دەبین كە نەتوانین نانی جۆ بخۆین و شەوێك لە ماڵێكی قوڕیندا بخەوین 

لەوانەش خراپتر ئەوەیە كە ترسم لە توڕەبوونی یار 

لە ترسی حاشاماتی شار قورسترە 

تازە درەنگە.. 

ساڵێكی تر كە من هێشتا لەخەیاڵی ئەودا نیم سەردانم بكات 

كەوتە بەر چەقۆی قەسابەكان 

ئەو قەسابانەی كە هەمیشە لەخزمەتی ورگ زلەكانن و خەیاڵیان لای قوربانیە

سەیرم پێدێت شتێك هێشتا لەزەینی خەڵك ماوە كە ژیان بە پێوەیە 

كەچی كۆتایی دڵشادی بە پشتوێنی بۆمبڕێژكراو بە دەنگێكی نەشاز هاوار دەكات 

ژیانێكی تر بەڕێوەیە ... 

بەڵام كەس ئەو راستیە نازانی كە تەختی پاشا 

لەناوەڕاستی شاردا چەند شەبەقێكی تێكەوتووە

ئەو كوڕانەش كە تادوێنێ‌ حەزیان لە شۆڕش بوو وەكو من 

ئەمڕۆ بۆ ئاژاوە دەگەڕێنەوە بەر خوێندن و سۆراخی یاری كۆن دەكەن 

ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بۆلای یار 

بۆلای قەڵا سپییەكان و شوێنەواری دەستدرێژی دوژمن 

ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بۆلای كیڵگەی پڕ لەبەرائەتی ئەو جوتیارانەی هەڵخەڵەتێنران بەشار 

ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ خواردنەوەی ئاوی ئەو روبار و كانیەی بەلوعەكانی گرتەوە 

من بەبینینی ئەم وێنانە غەریبی رابردووی خۆم و ئارەزووی لەشساغی دەكەم 

پیاوانی دڵتەڕی میرش.. بەشانازی و بەلووتی بەرزەوە لەسەیرانن و ژنەكانیشیان لەژێر چارشێوەوە مەكر دەكەن و پێدەكەنن بەو دوكاندارەی لەداخی بێبازاڕی نوستووە 

لەحیرەتا گەرووم هیشك دەبێ‌ كە دەبینم خەڵك لەنوێ تازە دەبێتەوە و ئێمەش هەروا كۆن دەبین 

لافاوی پێكەنین هەڵساوە بەقەد زریانەكەی ئاسیا گریانی پێیە 

كەچی خەڵك هەر گۆرانی بۆ رۆژئاوا دەڵێن 

دەمەوێ‌ دوور بكەومەوە لەو شێتیەی كە ئاژاوەچییەكان خودوویان پێوەگرتووە 

یار ناهێڵێ‌ ... شار ناهێڵێ‌ 

لەبری توڕەبوون.... وێنەیەكی كۆنی خۆم و یار كە لەرۆژنامەیەكدا بینیمەوە 

بەدزیەوە دەیبەخشمە ئاژاوەچییەكان 

دەزانم ئەوانیش ماندوون 

ئەوان رۆژنامە وەك سفرەی جەنگ تێگەیشتوون 

تەنها لە كەلاوەدا پشوویان داوە 

تەنها لە بەرباران خۆیان بەتەڕی بینیوە 

لەپڕ كەسێك بەخاترجەمیەوە كە ساتمەی دەكرد بەسەر پێپلكەكانەوە 

گوێم لێبوو بەمێ‌ ی دەگوت "نەرم و نیانن... تەنها بۆ شەو باشن" 

من ئەمە بەتاوانێكی گەورە دەزانم 

كەچی خۆیان پێی گەش دەبن و شەنگ دەیانگرێ‌ 

هەر ئەو كەسە هات و گوتی ئەمڕۆ یار نایات بۆ شار . نۆرەی پیاوە 

حەریمێك لەجیاتی توڕەبێت.. 

دێت و ختوكەم دەدات و گەرەكیە بەدەنگی بەرز ببمەوە بە پیاوەكەی جاران 

لەبەر پێكەنینی جەنگاوەر و دیلەكان 

حەشامات و بینەرەكان 

پیاوانی بازاڕ و ژنی میرەكان 

كەس نییە وەكو ئەوان لە ئاست خۆیان دابچڵەكێ‌ 

من هێشتا لەهەیوانی كۆشكەكەی باپیرمم و بیر لە یاری كۆن و یاری شار دەكەمەوە 

عادەتەن لەجیاتی میر یش 

سەری نەوازش بۆ ژنەكەم دادەنەوێنم 

دیسان ئاوڕدانەوەیەك لە ئاژاوەچییەكان دەدەمەوە 

لێرە بەسەرهاتی سفرەیەكی خاڵی لەگۆشت 

قەسابخانەیەك تەنها مێزەر بەسەرەكان دەناسن 

گەڕەكێكی تەماوی لە بۆنی خوێن و پیسی كاسكردبوو 

گەڕەكێكیش لە بۆنی جگەر و هەنا و چڕە دوكەڵ 

پاسەوانەكانیش وەك سەگی بەڕەڵڵا 

لەحەژمەتان سیپاڵی یەكتر دەدڕن

سەنگەریان لە و خەیاڵانە گرتووە كە دوژمنی شارە

ئەمەیان میر نییە و چڕی شار نییە.. 

خەتای تووڕەبونی یارە.. 

خەتا لەوەیە كە ئەوكاتەی هەموو شتێك وەكو بنێشتی كۆن دەبزڕكێ‌ 

خرمە خرمەی دەستشكاندنی من و رنینەوەی پرچی یار بەدەستی پۆلیسی خەیاڵ لەشاردا 

هێندەی خەڵك دڵڕەق كردووە 

فرمێسكێك نابینی بەچاوی كەسەوە 

شار چەند ناخۆشە. . هێندەش بە ئاژاوەچییەكانەوە جوانە 

یاریش هێندەی شار ئاژاوەچییە...

****************

كایا: ئەحمەد كایا هونەرمەندی ناسراوی كورد لە توركیا كە یەكێك لەناڕازیەكانی دەوڵەتی توركیا بوو لە پاریس كۆچی كرد.