ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

من مردن نیم

بەر لەوەى لە تاریکى گۆڕستان سەر بەرز بکەمەوە

گوڵێکى سپیم بە دەستەوەیە

لە خۆم دەپرسم من کێم؟

لە نێوان خۆم و تاریکى

لە نێوان نیشتمان و ریتمەکانى مردن

قسەیەک دەکەم دنیا و دنیا بیگێڕنەوە

لەگەڵ حیکایەتەکانم بەرەو گۆڕ هەنگاومان دەنا

بەرەو جەنگ، خۆمان لە مانا دەکردەوە 

من بە هەموو لایەکى گۆڕستاندا سێبەرم دەکرد

حیکایەتەکان بە هەموو لایەکى تاریکى نووسرابوون

لەبەر رۆناکى 

دەزانم لە وڵاتى مندا ئافرەتان وەک ئەوەى دوکەڵ بن 

وەک ئەوەى خوێن بن، خۆیان دەشارنەوە و 

بە جەستە ژیان دەچننەوە!

من نزا بۆ گومان دەکەم لەبەر تۆ نا

لەبەر رۆناکى 

لە سەر شەقام جوانى راگوزەر دەکەوێ

لە دڵى خۆم دەڵێم من هەموو ژیانم 

خوێندنەوەى وێنە رووتەکانى شەقام بوو

بە دواى جوانى راگوزەر نا

لەبەر رۆناکى 

تەنها دەمەوێ تاریکى بە پەنجەرەى با هەڵواسم

چونکە لە وڵاتێکم، ژیان ئەزبەر دەکەین

سەربەستى تەنها لە گۆڕدا دەبینین

ئەوە تەنها دەنگ نییە، وشەیە لە نێو خاشاکدا دەجەنگێ

لە سەر کاغەزى سپى نا

سێبەرەکەم لە تاریکى لەبیر چووە

لە سەر سینگى ژنان ئەستێرە دەدرەوشێنەوە

لەگەڵ رۆناکیدا دەڕۆم

پێکێکى بەتاڵە ژیان، ئاوڕ نادەمەوە دەڕۆم

سێبەرەکەم لە شوێنى من دادەنیشێ

گوڵێکى سپى بە دەستەوەیە و دەڵێ

من مردن نیم، بەڵام خۆم ناناسمەوە

تەمەنى من تەمومژاوییە

لە نێوان نیشتمان و مردن پرسیار لە تۆ ناکەم

ئەى ئەو کەسەى بە جەستەت ژیان دەچنییەوە

پرسیار لە تۆ ناکەم

ئازادى لە گۆڕ دەنێن

بەڵام بە ناوى من کەسێکى دى لە دایک نابێ

گوڵێکى سپى بە دەستەوە بێ و

بەو ئافرەتەى کە تاریکى جەستەى دەکێڵێ بڵێ

پێکێکى بەتاڵە ژیان

بەو تاریکییەى کە لەگەڵ خۆر یەکلا نەبۆتەوە بڵێ

لە وڵاتێکین، ژیان لە بیر کراوە 

لەسەر کاغەزى سپى

گوڵێکى سپى 

من نیم

سێبەرم بە شەقامدا دەڕوا.

3/4/2015

 موتەلیب عەبدوڵڵا