ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەڵبەت لێکۆڵینەوەی ئەدەبی وەک کەناڵێکی گرنگی ناو دنیای فیکری و مەعریفە لەو کاتەدا بەرهەمدار ئەبێت ئەگەر لێکۆڵینەوە بەدەر بێت لە ملکەچ بوون بە وەسف و ستایش و ڕەتکردنەوەی بێ بنەما. ئەگەر ڕەخنە پێشمەرجی هەر لێکۆڵینەوەیەک بوو، بێگومان هەموو کات ئەنجامێکی گەورە وجیاواز و نوێ بەدەستەوە ئەدات. بە پێچەوانەوە خوێندنەوە و قسەکردن لە هەر گوتار و تێکستێکی ئەدەبی ئەگەر قسەکردنێکی تاک ڕەهەند و بارگاوی بوو بە هەست و سۆزی ئایدۆلۆژی و کاریگەری دینی یان چووە ژێر باڵی وەسفی سیاسی، لێرەوە لێکۆڵینەوە ئاکامی لاواز و بێ مانا و کلاسیکی دەبێت و تێکستیش هیچی نوێی لێ سەوزنابێت.

لێکۆڵینەوە ئەرکێکی گەورەتری هەیە لەوەی بەدوای ئەوەبێت کارەکتەر یان خاوەنی تێکست لە کوێ لەدایک بووە، لە چەند ساڵی ژنی هێنا ، چەند منداڵی هەبوو ،چۆن ژنی هێنا، چۆن مرد .ئەوە ئیشی لێکۆڵینەوە نیە. لێکۆڵینەوە لە ئاستی زانکۆ وئەکادیمی لەم چەشنە لێکۆڵینەوەیەدا قەتیس بووە کە زیاتر ڕووخسارێکی ژیاننامەیی وەرگرتووە،لێکۆڵینەوەیەک نەبووە بە ئەندازەی دەرخستنی کۆمەڵێک ڕەهەندی شاراوە و نەگوتراوی ناو دەق. لێکۆڵینەوەیەک نەبووە لە شێوەی هەلکۆلینی ناوەوەی دەق.

زۆرینەی ئەو لێکۆڵینەوانەی دەربارەی شێرکۆ خوێندبێتمەوە زیاتر داتاشینی وەسف بووە لە کۆی وەسفەکانی تر نەک لێکۆڵینەوەیەک بەرەو قوڵایی شیعر و ئەزموونی شێرکۆ. ئیشکردنێک بووە لە ڕواڵەت لە توێکڵ لە بە شێکی زۆر سادە نەک شۆڕ بوونەوە بەچاوێکی ڕەخنەیی بەرەو ناو جیهانی شیعرو ئەزموونی شێرکۆ.

نەرسیسی کوژراو یەکێکە لەو جوانترین لێکۆڵینەوانەی دەرەوەی زانکۆ و ئەکادیمیا کە وەزیفەی قوڵ و ڕاستەقینەی بۆ لێکۆڵینەوە دەست نیشان کردووە. لە نەرسیسی کوژراو لێکۆڵینەوە دەربازکراوە لەوەی هەر خەریکی لە چوارچێوەدانی دەق بێت. یان هەر خەریکی وەسفی سواو بێت وەک ئەو وەسفە بێ شومارانەی کە هەر خەریکی دووبارەکردنەوەی ئەوەن شێرکۆی ئازادی خوازە، نوێخوازو تازەگەڕە، نشتیمان پەروەروەرە. بەڵێ ئەوە کۆمەڵک تایبەتمەندی و ڕەهەندی گەورە وفراوانی شیعری شێرکۆیە و هەمووکات پێویستی بە دەستکاریکردن هەیە،بەڵام ئەم تایبەتمەندیانە زیاد لە خۆی بوونەتە کەرستەی لێکۆڵینەوە لەسەر شێرکۆ. یان لەپێشتر هەموو لێکۆڵینەوەکان دەمانبەنەوەسەر ئەو وەسفانەی قانع شاعیری چەوساوە و هەژارانە، شاعیری چینایەتی و نەتەوەیە. 

نەرسیسی کوژراو پێش ئەوەی گوتارێک بێت بۆ باسکردن لە ئەزموون و شیعری شێرکۆ و قانع یان قسەکردن لە پێکهات و بوونیادی شیعر، گرنگیەکەی لەوەدایە کە ماهیەت و دەروازەی مەزنتر بە ڕووی لێکۆڵینەوە دەخاتە سەر پشت. ئەو لێکۆڵینەوەیە شیعری شێرکۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو جیهانێکی گەورەتر، مانایەکی فراوانتر وەبەر شیعر و ئەزموونی شێرکۆ ئەدات.